تەختی سلێمان پیرۆزترین شوێنی ئایینی زەردەشتی لە کوردستان

شنۆ ڕەسووڵی

 

تەختی سلێمان یا ئاگرگەی ئازەر گۆشەسب ئاسەوارێکی مێژوویی لە پارێزگای ورمێیە کە لە شاری تیکاب هەڵکەوتووە. دەوترێت ئەو شوێنە پایتەختی پاشای ئەشکانی بووە. ئەو شوێنە مێژووییە گرینگترین ناوەندی فێرکاری، مەزهەبی، کۆمەڵایەتی و پرستگەی خەڵکی جوغرافیای ئێران و کوردستان لە پێش ئیسلامدا بووە کە لە کوردستانیش هەڵکەوتووە.

لە ساڵی ٦٢٤ی زایینی دوای هێرشی هیراکلیتۆس ئیمپراتوری ڕۆم وێران کرا. ئەو کاتی ئەو شارە ناوی "گەنجەک" بووە. لەبارەی ناوی ئەو شوێنە مێژوونووسەکان دەڵێن ناوی گەنزە یا گەنجە بووە. بە زمانی ئەرمەنی "گەنزکا" یا "کادزا"ی پێ وتراوە. مەغۆلەکان بەو شوێنەیان وتووە "ستۆریق". لە زمانی سریانی پێی وتراوە "گەنژەگ" و بە یوونانی ناوی "گادزا" بووە. مێژوونووسانی عەرەبیش ناوی "جەزەن"، "جەزنەق" یا "جەنزەقە"یان بۆ داناوە.

"پلۆتارک" لە مێژوونووسانی یوونانی ناوی ئەو شارەی بە "فێردا" ناو بردووە. بەڵام ئەمڕۆکە هەمووی ئەو ناوانە لەنێو چووە و تەنیا بە تەختی سلێمان دەناسرێتەوە.

ئەو شارە مێژووییە بە درێژایی مێژوو شوێنی ژیانی مادەکان، هەخامەنشییەکان، ئەشکانی، ساسانی و مەغۆلەکان بووە. ئەوەی گرینگە ئەوەیە لە کاتی دەسەڵاتداریی هەر کامە لەو پاشایانە ئەو شوێنە لە لوتکەی دەسەڵات و شارستانییەتدا بووە.

لێکۆڵەرەکان دەڵین ئەو شوێنە شوێنی لەدایکبوونی زەردەشتە بەڵام هەمووشیان ئەوەیان قەبووڵ نییە. لە مێژووشدا هەر نووسراوە کە زەردەشت لە دەورووبەری گۆلی ورمێ هەستاوە و شوێنی لەدایکبوونی بە ئەوێ دەزانن.

مێژوونووسان دەڵین، ئاترۆپات فەرماندار یا ساتراپی مادی باکوور لە کاتی ئەسکەندەری مەقدوونی بووە. دوای ڕووخانی ئیمپراتووریی ئەسکەندەر لە ساڵی ٣٢٨ی پێش زایین، ئاترۆپات سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و ئەو شارەی وەک پایتەختی خۆی ناساند.

لە ساڵی ٣٦ی پێش زایین ماڕک ئانتۆنی سەرداری بەناوبانگی ڕۆم هێرشی کردووەتە سەر ئەم ناوچەیە. لەو کاتیدا فەرهادی چوارەم پاشای ئەشکانی بووە. پلۆتارکی مێژووناس دەڵێت: "ئانتوان دوای جیابوونەوە لە خۆشەویستەکەی کلێئۆپاترا وێڕای ١١٣ هەزار کەس لە سپاکەی بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەتی ماد وەڕێ دەکەوێ. ناوبراو پەلەیەکی زۆری هەیە هەتا بگاتە تەختی سلێمان و دەستی بەسەردا بگرێ. هەر بۆیە بەشێکی زۆر لە کەلوپەلی نیزامیی خۆی لە ڕێگادا فڕێ دەدات. کاتێک دەگاتە تەختی سلێمان و ئەو کاتی لەو شوێنە مادەکان دەسەڵاتیان هەبووە دەبینێت کە کەرەستەی شەڕی بۆ ئەو شەڕە بە تەواوی پێ نییە. لەو کاتەدا فەرهادی چوارەم پاشای پارتەکان بە یارمەتیی مادەکانەوە دەڕوات و مادەکان و پارتەکان پێکەوە هێرش دەکەنە سەر ڕۆمییەکان و لە ئەنجامدا پاشەکشەیان پێ دەکەن".

لە دوای دامەزرانی ئیمپراتووریی ساسانی ئایینی مەزدیەسنا لە لوتکەی خۆیدا بووە. بینای ئاگرگەی ئازەر گۆشەسب سەمبوولی هێز و دەسەڵاتی زەردەشتەکان بووە. ئەو ئاگرگەیە تایبەت بۆ پاشا و سەردارەکان بووە و پێگەی شەڕڤانەکانی پاراستووە و هەروەها وەکوو سەمبولی یەکگرتوویی وڵات پیرۆزییەکی تایبەتی هەبووە.

لە دوای مەرگی پاشاکان، جێنشینی پاشاکان کە لە بنەماڵەی ساسانییەکان بوونە هاتوونەتە ئەو شوێنە و زیارەتیان کردووە و تاجی پاشاییان لەسەر خۆیان داناوە. ئازەر گۆشەسب گرینگترین پەرستگەی زەردەشتییەکان بووە و لەلایەن خەڵک و حکوومەتەوە زۆر پیرۆز بووە. ئاگری ئەو ئاگرگەیە بۆ ماوەی ٧ سەدە سەمبوولی هێزی ئایینی زەردەشت بووە.

لە سەردەمی سامانییەکاندا ئەو شارە سێ بەش بووە، تالار و کۆشکەکان، بینای ئاگرگە و خانووبەرەکان. هەر ئەو کاتیش ئەو شوێنە بەهۆی ئەو ئاگرگەیە زۆر پیرۆز بووە.

دەگێڕنەوە کە لە ساڵی ٦٢٤ی زایینی هیراکلیتۆس بۆ پێشگرتن لە پێشڕەوییەکانی سپای ساسانی و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان لە ڕێگای ئاناتۆلیی هێرشی کردە سەر قەفقاز. لە پێشدا ئەرمەنستانی خستە ژێر دەستی خۆی و دواتر تەختی سلێمانی خستە ژێر دەستی خۆی. هیراکلیتۆس لە تۆڵەی ئەوەی سپای خوسرەو پەرویز لەگەڵ جوولەکەکان لە ساڵی ٦١٤ی زایینی قەبری حەزرەتی عیسایان لە ئورشەلیم خاپوور کردبوو، ئەوانیش پیرۆزترین شوێنی ئایینیی سەردەمی ساسانییەکان واتا ئاگرگەی ئازەر گۆشەسبیان وێران کرد.

تەختی سلێمان ئەوەیکە هەیە و لەسەریان نووسیوە تەنیا دڵۆپێکە لە دەریایەک لە مێژوو. هەڵکەوتەی ئەو ئاسەوارە مێژووییە لە کوردستان خۆی گرینگییەکی تایبەتی هەیە. بەڵام ئەوەش وەک باقی ئاسەوارەکانی دیکەی کوردستان مێژوویەکی ونی لە سینگی خۆیدا شاردووەتەوە کە هەتا ئێستاش ئیزن نەدراوە بە شێوەیەکی زانستی کاری لەسەر بکرێت.

KURDŞOP
762 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!