مێژووی زارەکیی سیستەمی پەروەردەی شاری شنۆ

دوکتور ئازاد موکری

وەکی لەسەرچاوەکان ڕا دەردەکەوێ مێژوو هەر لە قەدیمەوە بابەتێکی گرینگ بووە و ئەوەی هەر دەستەڵاتێک چۆن بیچمی گرتووە و لە سەردەمی فەرمانڕەواییدا چیی کردووە و لە ئاکامدا چۆن تێداچووە، لە لایەن مێژوونووسانەوە نووسراوەتەوە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە زۆربەی هەرە زۆری مێژووەکان له لایەن دەستەڵاتدارانەوە نووسراونەتەوە. واتە هەر سیستەمێکی سیاسیی جێگیر، بۆخۆی مێژوونووسی تایبەت بە خۆی بووە و ئەو مێژوونوسەش ئەوەی نووسیوە کە له بەرژەوەندیی سیستەمی دەسەڵاتی جێگیر دابووە. ئەگەر نموونە بێنینەوە لە میژووی پێوەندیدار به خەڵکی کوردەوە، دەتوانین ئاماژە به کتێبێکی وەک "مێژوی عالەم ئارای عەبباسی" نوسراوەی "ئەسکەندەر بەیگی تورکمان" بکەین که مێژوونووسی "شا عەبباس"ی سەفەوی بووە. ئەو کتێبه باسی زۆر ڕووداو و ناوچەی کوردستان و شێوەی حوکمڕانیی کوردانی کردووە، بەڵام چون مێژوونووسی دەرباری سەفەوی بووە بە مێژوونوسێکی دەرباری ناسراوە و به گشتی ئەو مێژووانە به مێژووی دەرباری ناودێر دەکرێن و لەواندا زۆر ڕووی ڕاستەقینەی مێژوو دەشادرێنەوە.

 هەر ئەو مێژوویە ڕوداوێکی گرینگی وەک شەڕی "قەڵای دمددم"ی گێڕاوەتەوە بەڵام تەواو لە بەرژەوەندیی سیستەمی دەسەڵاتی سەفەوی و لە دژی کوردانی نووسیوە. لە لایەکی دیکەوە ئەو مێژووانه تەنیا باسی دەسەڵاتیان کردووە و ئەویش له گۆشە نیگایەکی تایبەتەوە. کەچی مێژووی ژیانی کۆمەڵایەتی سیاسی و ئابووری و پەروەردەیی خەڵکیان به گشتی له بیر بردووەتەوە.

له سەدەی بیستەمدا بوارێکی نوێ بە ناوی مێژووی زارەکی ساز بوو کە تێیدا مێژوو نوسان مێژوویان بە پێی گێرانەوەی خەڵکی نووسیوەتەوە و ڕووداوە مێژوییەکانیان لە چەنەد گۆشە نیگاوە گێڕاوەتەوە. بۆ یەکەم جار مێژووی زارەکی له لایەن "پڕۆفسۆر نوێنز" بیری لێ کراوە و گەڵاڵەی بۆ داڕێژرا و ئەو مامۆستایه بە کۆکردنەوەی بیرەوەریی سیاسیی کۆمەڵێک کەسایەتی لەو بوارەدا یەکەم هەنگاوی مێتودیک و خاوەن پێناسەی نا.

لە ناو کورددا کاری لەو شێوەیە کەم کراوە. بەڵام لەو ساڵانەدا کتێبێکی یەکجار به پێز لەو بوارەدا لە لایەن نووسەری بەتوانا "موحسین جەڵدیانی"یەوە بڵاو کراوەتەوە. ئەو کتێبە له ژێر ناوی "مێژووی زارەکیی سیستەمی پەروەردەی شنۆ"دا بڵاو کراوەتەوە و ڕووداوەکانی شاری شنۆی له بار و بواری پەروەردەییەوە لە ساڵی ١٣٠٥ی هەتاوییەوە تا ساڵی ١٣٦٠ (1926 تا 1971ی زایینی) گێڕاوەتەوە.

نووسەر به ڕەچاو کردنی هەموو بنەماکانی نووسینی مێژووی زارەکی، حەولی داوە سەرەتا بارودۆخی شاری شنۆ لە ساڵەکانی ١٣٠٠ تا ١٣٢٠ی هەتاوی (1921 تا 1941) بنووسێتەوە. ئەویش لە زمان کەسانێک کە خۆیان ڕووداوەکانیان دیوە. لە باری زمانییشەوە هیچ دەستکاریی زمان و شێوەزار و ئاخافتنی کەسانی بگێڕەوەی نەکروە و هەر بۆیه ڕاوێژ و چەند دەنگێکی چێژ بەخش له کۆی کتێبەکەدا هەیه.

بۆ وێنە لەو بەشەدا نوسەر سەرەتاکانی دەسەڵاتی "ڕەزاخانی پەهلەوی" لە زمان چەند کەسی خەڵکی شاری شنۆوە دەگێڕێتەوە. له مێژووەکانی ئێرانی سەردەمی ڕەزا خاندا، تەنیا ئەگەر ئاماژەیەک بە شاری شنۆ کرابێ ئەوەیە کە ڕەزا خان و دەست و پێوەندەکانی لەو شارە ڕێبەری سیاسی کورد "سمایل ئاغای سمکۆ"یان تیرۆرکردووە و به پیلانێکی نائینسانی کوشتوویانە. ئیتر هیچ باسێک لە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بیروباوەڕ و پەورەردەی ئەو شارە له ئارادا نییه. کەچی لەو کتێبەدا که میژووی زارەکییە، بە وردی باسی ئەوە گێڕداوەتەوە که دۆخی ئابووری لەو سەردەمه زۆر خراپ بووە. باسی ئەوە کراوە هەر لەو سەردەمەدا ڕووسەکان کوشتارێکی دڕندانەیان لە خەڵکی شنۆ کردووە و دەوڵەتی ئێران هیچ بەرگریی لەو خەڵکە کە هاونیشتمانی خۆی بوون نەکردووە.

باسی سیاسەتەکانی داماڵینی جلوبەرگی کوردی لەبەر ژنان و پیاوانی کوردی شاری شنۆ لە زمان ئەو کەسانەوە کراوە که خۆیان قوربانیی ئەو سیاسەتە هەڵە و دژە کولتوورییەی ڕەزا خان بوون. ئەوەی لە خوێندنەوەی ئەو بەشەی کتێبەکەدا خوێنەر وەدەستی دەکەوێ، وێنەیەکی ڕوون و تاڵە لە ژیانی خەڵکی ئاساییی شاری شنۆ. هەروەها باسی ئەو پلەبەندییه کۆمەڵایەتییە کراوە کە له ژیر سێبەری ڕەشی سیستەمی فیۆدالی بەسەر ئەو شارەشدا زاڵ بوە.

ئەوە سیمای گشتیی شاری شنۆیه، بەڵام مەبەستی سەرەکیی نووسەر وەکی له ناوی کتێبەکەی ڕا دەردەکەوی، باسی سیستەمی پەروەردەیه لەو شارەدا. سەرەتا نووسەر لەوبەشەدا باسی شێوەی پەروەردەی نەریتی لە شاری شنۆ دەکا. شێوەیەک که له هەموو کوردستان تا ئەوکات ڕەچاو کراوە. واتە وابەسته بوونی قوتابی به سیستەمی خوێندنی مەلایەتی و ئەوپەڕەکەی خوێندن له دیوەخانی ئاغایان. واته خوێندن یان له مزگەوت و یان له دیوەخان برەوی بووە. دواتر نووسەر باسی یەکەم هەنگاوەکان بۆ سازبوونی بینا و پێکهاتەی خوێندنی مودێڕن لە شاری شنۆ دەکا.

به پێی توێژینەوە و گوتەی بەردەنگەکانی نووسەر لەو مێژوە زارەکییەدا، بۆ یەکەم جار له ساڵی ١٣٠٥ی هەتاویدا یەکەم قوتابخانەی دەوڵەتی له شاری شنۆ دەکرێتەوە. بەڵام نەک بەو شێوەیەی ئێمه ئەوڕۆ دەیناسین. دەوڵەت لەو بەشەسدا کەمترین هاوکاری و هاودڵیی لەگەڵ خەڵکی کوردستان کردووە. "حەسەن کازمی" یەکەم مامۆستای قوتابخانەی شاری شنۆ ئاوا باسی دەستپێکی ئەو پڕۆسەیە دەکا:

"پاشی ئەمن لە خەڵکی خەبەرەکەم زانی. جەستەو گوریخته پێیان گوتم. گوتیان مومکینە دەوڵەت لە شنۆیێ مەدرەسەی دابنێ. ئەمن پێشنەهادم کرد و فەورەن چووم وەدوو کەوتم. قەراردادم بەست مانگی بە حەوت تمەنی. ئەمن ببمە موعەلیمی منداڵان. لە حەساری خۆن حەسیری ڕابێخین، لەسەر حەسیری هەم تەدریسی دەرسی قورئانم دەکرد، هەم تەدەریسی تەعلیماتی مەدرەسەی..."

ئەو جار نووسەر جودا لەوەی بەرە بەرە باسی پەرەگرتنی خوێندنی فەرمی لە شاری شنۆیە دەکا. کێشە کەلتوورییەکانیش لەو بوارەدا دەخاته ڕوو. بۆ وێنە باسی ئەوە دەکا کە سەرەتا خەڵک کەمتر ئامادە بوون لەگەڵ سیستەمی خوێندنی نوێ ڕابێن و زیاتر متمانەیان بە سیتەمی کۆنی خویند بووە.

لەو بارەیەوە یەکێک له بگێڕەوەکانی نووسەر به ناوی "حاجی محەمەدئەمین ئەمینی" ئاوا دەڵێ:

"منداڵی مەدرەسەی حەفتا نەفەر و حەفتا و پێنج نەفەر پتر نەبوون. کەم کەس هەبوو منداڵی خۆی بنێرێتە مەدرەسەی. دەیانکوت بێدین دەبن. کافر دەبن. نەخینن چاکترە."

بەڵام بەرە بەرە و لە ساڵەکانی داوتردا ئەو ڕەوتە جێ دەکەوێ. لە بەشەکانی دیکەشدا نووسەر باسی یەکەم مامۆستاکانی شاری شنۆ. قوتابییەکانی ئەو سەردەمی شنۆ، یەکەم قوتابخانەکان، یەکەم قوتابخانەی کچان، یەکەم قوتابخانەی بەساڵاچووان و کتێبە دەرسییەکان، یەک بەدوای یەکدا دەکا و هەڵبەت بە پێی دەیەکانی ساڵی هەتاوی هەر دەیەیەک بە جودا دەکاتە بابەتی بەرباس. واتە شێوەی خویندن و پەوروەردەی شاری شنۆ له دەیەکانی دە و بیست و سی تا دەیەی شەستی هەتاوی دەخاته ڕوو.

KURDŞOP
614 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!