مووساسیر یان شاری خۆر

شنۆ ڕەسووڵی


گردی مووساسیر دەکەوێتە ناوچەی "ڕەبەت"ی سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. چەندین پاشماوەی دەوڵەتی ئۆرارتوو لەم گردەدا دۆزراونەتەوە، بەڵام هەندێک دەڵێن موساسیر کەوتووەتە ناوچەی سیدەکان لە دەڤەری برادۆست لە پارێزگای هەولێر.

مووساسیر یان شاری خۆر، شارێکی ونه لەنێو دارستانەکانی سەردەشت کە باس لە دەوڵەتداریی نەتەوەی کورد و شارستانییەتی ئەو نەتەوەیە دەکات.

مووساسیر په‌رستگای خواوه‌ندی خالدییه‌ له‌ هه‌زاره‌ی یه‌كه‌می پیش زایین له‌ كوردستان. له‌ ساڵی 714 پێش زایین سارگۆنی دووه‌م پاشای ئاشووری هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌م په‌رستگایه‌ و تاڵانی ده‌كات و كه‌لوپه‌له‌كانی ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ پایته‌خته‌كه‌ی خۆی له‌ خرسباد. له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌ له‌لایه‌ن تویژه‌ره‌ ئورووپاییە‌كانه‌وه‌ پایته‌ختی ئاشورییه‌كان دۆزرایه‌وه ‌و ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی تێدا دۆزرانه‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌ 2732 ساڵ به‌ تاڵان بردرابوون.

ساڵیانێکی زۆر مێژووناسانی بەناوبانگ بە دوای ناوچەیەکی ونبوو بە ناوی مووساسیر یان "شاری خۆڕ"دا دەگەڕان. زۆرێنەی مێژووناسە ئامریکایی و ئاڵمانییەکان پێیان وابوو دەبێ لە عێراق یان تورکیه بە دوای "حکوومەتی خۆر" یا "ئاردێنی"دا بگەڕێن. سەرەتا تاقمێک لە مێژووناسە ئاڵمانییەکان پێیان وابوو مووساسیر لە گوندێکی باشووری کوردستانه، بەڵام دوای گەڕان، تێگەیشتن لەوێ نییه. هەروەها هەندێکی تر پێیان وابوو مووساسیر لە خوارووی باکووری کوردستانە .

یەکێک لە کۆنترین ئاسەوارە نووسراوەکان کە بە ڕوونی ناوی مووساسیری تێدا هاتووە، ئاسەوارە نووسراوەکانی ئاشوورییەکان و هی سەردەمی دەسەڵاتداریی "شلمانسەر"ی سێیەمە، کە وەکوو زۆربەی ئاسەوارە نووسراوەکانی ئاشوورییەکان، باس لە هێرشێک دەکات کە بەم شێوەیەیە:

لە ساڵی 834-835 پێش لە زایین، پاسای ئاشوور یەکێ لە سەرۆک ئەرکانەکانی خۆی بە ناوی "دایان ئاشوور" بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشی خوارەوەی باکووری کوردستان دەنێرێ، ئەم سەرۆک ئەرکانە هێرش دەکاتە سەر "زیرتا" لە ناوچەی سەقزی ئێستا و لە وڵاتی ماناش ‌هێرش دەکاتە سەر پایتەختی ماساشۆرۆ و دوای وەرگرتنی باج، ڕەوانەی ناوچەی پارسوا (مەبەست پارس نییە، ئەم ناوچەیە دەکەوێتە عێراقی ئێستاوە) دەبێت. ئاشوور لە ساڵی داهاتوودا دوای پەڕینەوە لە خوبوشکیە و مووساسیر و هەندێ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئۆرارتوو و گیلزانۆ(ناوچەی پەنای گۆلی ورمێ)، هێرشی کردە سەر مانا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێستا. نووسراوەکانی سارگۆن و دۆرشارکین باسی ئەم هێرشانەیان کردووە.

ڕەبەت زێدی مووساسیر، یەکێک لە ناوچە گرینگەکانی حکوومەتی ماناییەکان بووە. هەروەها خاڵی بەیەکەوە لکاندنی شارستانیەت و حکوومەتەکانی مانا لەگەڵ ئاشوور و ئۆرارتوویی بووە.

گردی ڕەبەت سەر بە شارەدێی ڕەبەت سەر بە شاری سەردەشتە و لە پەنای چەمی "کەڵوێ"یه.

ئەم تەپۆڵکەیە لە ساڵی 1985 بەسەرپەرەستیی دوکتور کارگر دۆزرایەوە و لە ساڵی 2005، مێژووناسەکان یەکەمین کاریان لە ناوچەیەک بە پانتایی 25 هێکتار تەواو کرد و ئاسەوارێکی گرینگی سەردەمی ئاسنیان دۆزیەوە .

پانتاییی ئەم گردە 25 هێکتارە و لە سێ گردی جیا دروست بووە. لە گردی نێوەڕاست درگای ڕۆیشتنە ژوورەوە هەیه و هەروەها ئاسەواری تریش وەکوو خشت کە لە سەری بە خەتی بزماری، خشتی کێشراو بە شکڵە هەندەسییەکان، گیا، ئاژەڵ، شێر و ئینسانی باڵدار و هێما کۆنەکان دۆزراوەتەوە کە وەکوو ئاسەوارەکانی زێوییەی سەقز و قەڵایچیی بۆکان نەخشێنراون و هەر ئەمە بەڵگەیەکە بۆ پەیوەندیی سیاسی و کولتووریی نێوان ئەم کۆشکانە.

ئەو شتە کە لە هەمووی سەرسۆڕهێنەرترە وێنەی پیاوێکی باڵدار بە سەرێکی نەخشینکراو و ڕیشێکی درێژە کە باڵەکانی بۆ هەر دووک لا کردووەتەوە و دەستەکانی بۆ پاڕانەوە بەرزەوە کردووەتەوە، بەپێی جلەکانی دەتوانین بزانین کە هی سەردەمی ماناییەکانە.

بەپێی بەردینەبوونی حەوشەی کۆشکەکە بە جۆری بازنەیی و بە بەردی چۆم، مێژووناسەکان بڕوایان هەیە کە ئەمە شارێکی گرینگ لە ئاستی جیهانی کۆندا بوە . شاری مووساسیر گەورەترین پەرستگەی خوفای خالدی(هالدی) لە شاری خۆر بووه. دەوترێ مووساسیر حکوومەتێکی هاوکات لەگەڵ حکوومەتەکانی ئاشوور و ئۆرارتوور بووە.

مێژووی مووساسیر باس لە شتێک دەکات ئەویش ئەوەیە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە خاوەنترین نەتەوەیە کە مێژووی مرۆڤایەتی لە باوەشی دایە.

 

 

KURDŞOP
566 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!