کوردستان لە مادەوە تا ساسانی


 

- سیپان سۆفیزادە

 

"مادەکان" بەشێکی گرنگی ئەو هۆزانە بوون کە بە ئاری ناسراون.

لە سەرەتای هەزارەی یەکەمی پێش زایینەوە بۆ ناوچەکانی "زاگرۆس" کۆچیان کردووە و دوای ئەوەی گەیشتنە ناوچەکانی زاگرۆس، لەگەڵ گەلانی ڕەسەنی ناوچەکەدا وەک "گوتی، لولو، خوری" و زۆر هۆزی تر تێکەڵاوبوون و توانیان خۆیان بگونجێنن.

دواتر بەهۆی لەشکرکێشیی بەردەوامی ئاشوورییەکان بۆ ناوچەکانی کوردستان ئەم هۆزانە توانیان لەو ڕووبەروو بوونەوانەدا خۆیان بسەلمێنن و سەرکردایەتیی خەڵکەکەی بگرنە ئەستۆ، چونکە ئەم هۆزانە لە ڕووی هونەری جەنگ و سوارچاکییەوە زۆر بەتوانا بوون.

بەپێی وتەی مێژوونووسی گریکی "هیرۆدۆتس"، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی بەناوی دیۆکس یا "دیاکۆ" لە ناو مادەکاندا دەرکەوت و توانی هۆزەکانی ماد کە "٧" هۆز بوون یەک بخات و ببێتە پاشای شانشینی ماد.

هێرۆدۆتس

دیاکۆ لەگەڵ "ڕۆسای یەکەمی پاشای ئوراتی"دا لە دژی "ئاشورییەکان" یەکیان گرت و دوای شەرێکی گەورە لە ساڵی "٧١٤"ی پێش زاییندا، دیاکۆ بە دیلی دەکەوێتە دەستی "سەرگۆنی دووەمی ئاشووری" بۆ ماوەی "١٦" ساڵ، لە دوای ئەو کەسێکی تر بە ناوی "فراورتیس"دەسەڵاتی گرتە دەست و لە کاتی هێرشکردنی بۆ سەر نەینەوای پایتەختی ئاشوور، لە لایەن هۆزی "سکیسی"یەوە پەلامار درا و کوژرا.

دوای "٢٥"ساڵ لە ژێردەستەیی سکیسی، لە ساڵی "٦٢٨"ی پێش زاییندا کەسێک بە ناوی "کەی ئەخسار" توانی ماد ڕزگار بکات. ئەو لە دوای ڕێکخستنەوەی وڵاتەکەیدا هێرشی کردە سەر ئاشوور و دەستی بە سەر زۆربەی ناوچەکاندا گرت، هەروەها لەگەڵ "نەبوبلاسر"ی پاشای بابل ڕێک کەوت و توانیان دەست بەسەر نەینەوای پایتەختی ئاشورییەکاندا بگرن و ئەو ئیمپڕتۆرییە بۆ دواجار لە سەر نەخشەی سیاسی سڕایەوە.

 

دوای ئەوەی ناوچەکانی کوردستانی باکووری کەوتە دەست کەی ئەخسار، ناوبراو لە ساڵی "٥٨٥"ی پێش زایین مرد، کورێکی بە ناوی "ئاستیاگ" لە جێی دانیشت و بووە پاشای ماد. دوای ماوەیەکی کەم "کۆرش"ی پاشای هەخامەنشی کۆتایی بە دەسەڵاتی دوایین پاشای ماد هێنا.

دوای شاڵاوی ئەسکەندەری مەقدۆنی، کوردستان بووە بەشێک لە "دەوڵەتی سەلوکیی یۆنانی"، کە بەسەردەمی "هیلینستی" ناسراوە، تا دواتر "ئەشکانییەکان" کوردستانیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و دەسەڵاتیان بەرفراوان بوو. زۆرێک لە شانشینی تریش دواتر لە کوردستان سەریان هەڵدا وەک "ئەدیابین و سلوخ و کوردوین و ..." ئەمانەش لەشکر و دەسەڵاتی تەواوی خۆیان هەبوو، تەنیا لە دەسەڵاتی دەرەوەدا سەر بە ئەشکانییەکان بوون و باجی ساڵانەیان بەو دەوڵەتە دەدا. بەڵام شانشینی "ئوسروین" سەری هەڵدا و لە ساڵی "٢٤٢"ی زایین دەسەڵاتی ڕاستەوخۆیان بەسەردا سەپاند و بەوەش دوایین پاشای بنەماڵەی ئەبگەر" کۆتایی پێ هێنرا.

سنووری ئیمپراتۆریی هەخامەنەشی

 

لە ساڵی "٢٢٤"زاییندا ئیمپڕاتۆرییەکی نوێ بە ناوی ساسانی سەری هەڵدا و "ئەردەشێری کوری بابک" لە دوای ڕووخانی ئەشکانی هەموو ناوچەکانی ئەو دەوڵەتەی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە و لە کاتێکی کەمدا دەسەڵاتی ناوەندیی ڕاگەیاند و هەموو بەشەکانی وڵاتی خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، واتە سەربەخۆیی نەما.

دوای ئەم قۆناغە، کوردستان ڕووبەرووی ترسناکترین و گەورەترین ململانێی سیاسی و سەربازی و ئایینی و ئابووری بووەوە. زۆربەی شەرەکان لە سەر خاکی کوردستان دەکرا وەک شەرکانی "نوسەیبین و ئامەد" و چەندین شەری تری زۆر گەورە، جگە لەوەی کە شەڕ لە کوردستان ڕووی دەدا "ماڵوێرانی، برسییەتی، گەمارۆدان و ڕاگواستن" چارەنووسیان بوو.

ئەمەش زیاتر بووە مایەی دواکەوتنی کۆمەڵگەی کوردەواری و دابەشبوونی بۆ چەند ناوچەی کەلتوری جیاواز، ئەویش بەهۆی جیاوازیی زمان و ئایینی ساسانی و ڕۆمانی، تا شاڵاوی عەرەبە موسڵمانەکان لە ساڵی "٦٣٧"زایین، ئەمە بارودۆخی کوردستان بوو و دواتریش سەدەکانی ناوەراست دەستی پێ کرد.

ناساندنی ئاڵای ماد:

ئاڵای ماد لە یەکێ لە بەڵگە نامە مێژووییەکاندا نووسراوە کە ئاڵاکەیان لەناوەڕاست سپی بووە بەشی سەرەوە سوور و خوارەوە زەرد و لە ناوەندی ئاڵاکەش شێرێک و خۆرێک هەبووە.

KURDŞOP
644 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!