گردی مێژووییی حەسەنلوو، یادگاری شارستانییەتی مانا

شنۆ ڕەسووڵی

گردی حەسەنلوو گردێکی مێژووییە کە لە شاری نەغەدەی سەر بە پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووه. گوندەکە لە دوای دۆزرانەوەی کۆمەڵێک شوێنەواری مێژوویی، ناوبانگی جیهانیی پەیدا کردووە. شوێنەوارناسان دەڵێن لە کوردستاندا ئەو قەڵا و شوێنانەی ناوی "حەسەنـ"ـیان تێدایە، وەک "حەسەناوا"ی سنە بە سەرنجدان بە ناوی سنە یا حەسەنکێف لە باکووری کوردستان، لە بنەڕەتدا ناوەکەیان دەچێتەوە سەر سئن، سەئن، سەن یا سان کە ناوی سیمرغ، باڵندە ئەفسانەییەکە و باڵندەی تایبەتیی خودای بای میترایییە. خودای با خودایەکی پارێزەرە.

مێژووی گردی حەسەنلوو بۆ سەردەمی ماناییەکان دەگەڕێتەوە کە ناوەندێکی گرینگی دەسەڵاتی ئەوان بووە. دوو کەس لە ناو قەبرێکدا کە دەڵێی یەکتر ماچ دەکەن  و بە ناوی "ئەویندارانی حەسەنلوو" ناوبانگی جیهانیی وەرگرتووە، لە حەسەنلوو دۆزراونەتەوە. هەروەها هۆدەیەک کە ژمارەیەکی زۆر ئێسکەپەیکەری کچانی تازە پێگەیشتووی تێدا بوو، ژمارەیەکی زۆر کەلوپەلی بە نرخی مێژوویی لە گڵ و ئاسن و بڕۆنز و زێڕی لێ دۆزراوەتەوە کە ئەوانەش بوونەتە هۆی ئەوەی ئەو گردە ناوبانگی جیهانی پەیدا بکات. گرینگترین و بەنرخترینی ئاسەوارێکی کە لەو گردە دۆزراوەتەوە هەر ئەو دەفر یان جامە زێڕینەیە کە بە "جامی حەسەنلوو" ناسراوە.

 دەفرەکە لە کاتی کۆڵین و پشکنینی گردی حەسەنلوو لە ساڵی ١٩٥٨، لەلایەن شوێنەوارناسی ئامریکایی، "ڕۆبێرت دایسۆن"ەوە دۆزرایەوە. دەفرەکە کەوتبووە ژێڕ پەیکەری ئەو پیاوەی لە کاتی گواستنەوەیدا بە دەمەوە بە سەریدا کەوتبوو. بەو هۆیەش بڕێک پان بووەتەوە و تا ئەم ساڵانەی دواییش هەر بە قووپاوی لە مۆزەخانەی ورمێ هەڵگیرابوو. جامەکە کە کێشی ٩٥٠ گەڕەم، بەرزایی ٢١ سانتیمەتر و پانایی ٢٥ سانتیمەترە، مێژووی ١٢٠٠ ساڵ بەر لە زایینی بۆ خەمڵێندراوە؛ بەو پێیەش زیاتر لە ٣٥٠٠ ساڵ پێشینەی هەیە. 

ئەم دەفرە، جامێکی میترایییە کە بە پێی باوەڕی کۆنی خەڵکی ناوچەکە نەخشێندراوە. هەر لە سەر بنەمای میترائیسمیشدا دەخوێنرێتەوە؛ ئەو سێ سوارەی لە سەرەوەی وێنەی جامەکەن، میترا، ئیندرا و واروونان. لە ئایینەکەدا ئەوان خودایانی ئاسمانین.

لە سەرەوەی جامەکە سێ عاڕەبانەسوار، کە دوو دانەیان عاڕەبانەکەیان بە ئاژەڵێکی وەک ئێستر یا کەر ڕادەکێشرێ و کەسی پێشەوە عاڕەبانەکەی لە گایەک بەستووە دەبینرێن. سێ کەس کە بە پێشوازی ئەو سێ سوارەوە هاتوون و کەسی یەکەمیان پیاڵەیەک ئاو یا شەڕابی هێناوە و دوانەکەی دیکە هەر کامیان مەڕ یان بەرانێکیان پێیە. لە خوار ئەوان باڵندەیەکی وەک هەڵۆ یا سیسارک بە ئاسمانەوە ژنێکی لە کۆڵ ناوە، ژنێک کە هەوساری شێرێک بە دەستێکی و چرا یا قەندیلەیەک بە دەستەکەی دیکەیەوەیە. سێ خەنجەر، پیاوێکی ڕیشن کە جامێک ئاو یا شەرابی لە نیزیک تەختێکی بەتاڵ ڕاگرتووە، پیاوێک کە شتێکی وەک دەسکێش یا کوتە ئاسنی بە دەستەوە و بەرەو گیاندارێک بە هەیکەلی ماسی یا مار کە سێ سەری وەک سەگ و گورگ بەڵام وەک مار دروێشەداری هەیە و مرۆڤێک تا سینگ لەو پەیکەرە دایە و بەرەوڕووی کابرای هێرشبەر بووەتەوە. لە خوارتر دوو پیاو مرۆڤێکی وەک دێویان دەستبەسەر کردووە، ژنێک منداڵێک ڕادەستی پیاوێک دەکا کە لە سەر تەختێک دانیشتووە و شتێکی بچووکی وەک چەکوچ یا تەشوێی پێیە. شێرێک کە وەرکەوتووە، ژنێک کە لە سەر پشتی بەرانێک راوەستاوە و جەستەی خۆی وەدەرخستووە و پیاوێکی کەماندار کە وێدەچێ پارێزەر یا پاسەوانی ئەو ژنە بێ، راوەستاوە. لە بن جامەکە چوارچێوەیەکی خانەخانە و شەترەنجییە کە لە سەر هەر کام لە گۆشەکانی ئەو چوارچێوەیە، بەرانێک خەریکە بەرەو لای راست دەبزوێ.

 تا ئێستا لێکۆڵەران ئەگەرچی خوێندنەوەی جۆراوجۆریان بۆ وێنەی سەر دەفرەکە کردوە، بەڵام نە بۆخۆیان لە خوێندنەوەکانیان دڵنیان و نە بە یەک خوێندنەوەی وەک یەک و ستاندارد گەیشتوون. بەو پێیەش دەکرێ بڵێین نەخش و نیگاری سەر ئەم جامە تا ئێستا بە نەخوێندراوەیی ماوەتەوە. بەڵام ئەوەی گرینگە ئەو دەفرە باس لە مێژووی کۆنی کوردستان دەکات کە خەڵکی کوردستان لەو کاتی چۆن ژیاون و داب و نەریتی ئەوانە کە لە ئێستادا بۆ ئێمە بە میرات ماوەتەوە.

 

 

KURDŞOP
548 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!