پێگەی ناوچەی باڵەکایەتی لە شۆڕشی ئەیلولدا

هانی مورتەزا

 

شۆڕشی ئەیلول ئەو شۆڕشە نەتەوەییەی کوردانی باشووری کوردستان بوو کە لە ١١ی ئەیلولی ١٩٦١ بە سەرۆکایەتیی مەلا مستەفا بارزانی، دژی حکوومەتی عێراق هەڵگیرسا و یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشە بۆ کورد جێگیر بوونی بەندی ٣ی دەستور بوو کە تێیدا هاتووە کورد و عەرەب لە عێراقداهاوبەشن.

خەڵکی ناوچەی باڵەکایەتی لە شۆڕشەکانی پێش شۆڕشی ئەیلولیش، بەشداری و چالاکییەکی ئێجگار زۆریان لە کۆمەڵ و ڕێکخراوە کوردییەکاندا هەبووە. بە نمونە: کۆمەڵەی پێشکەوتنی کوردان کە لە ساڵی ١٩٣٠ بە نهێنی لەسەر دەستی کۆمەڵێک لە نیشتمانپەروەران بە ئامانجی بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی کورد لە موسڵ دامەزرا. بەڵام بەهۆی دووریی ئەم ناوچەیە لە شارەکان و کەمیی خوێندەواری لەو سەردەمەدا زۆر کەم لە سەرچاوەکاندا لەم بارەیەوە دواون.

 

ڕاپەڕینی ناوچەی باڵەکایەتی لە سەرەتای شۆڕش

لە کاتی پەلاماری سوپای عێراق بۆ ناوچەکانی کوردستان، بە مەبەستی خۆ ئامادە کردن و دانانی پلان بۆ پەلاماری هێزەکانی حکومەت لە ناوچەکانی باڵەکایەتی جموجۆڵی سەربازی و خەڵک دەستی پێ کرد.

ناوچەی باڵەکایەتی لەم سەردەمەدا وەک هێزێکی یەکدەنگ بوو. لەسەرەتادا بڕیار درا خەڵکی ناوچەکە لە ئەیلولی ١٩٦١ بچنە سەر ڕێگای هامڵتۆن و لە دۆڵ و شاخەکاندا بڵاو ببنەوە. حکوومەتی عێراق هەوڵی زۆری دا بۆ داگیرکردنی باڵەکایەتی و بە تەمای دامرکاندنەوەی ئەو چالاکیانە بوو کە لەلایەن خەڵکی باڵەکایەتیەوە ئەنجام دەدرا تاوەکوو کاریگەری لەسەر ناوچەکانی تری کوردستان دانەنێت.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر نەیانتوانی بەسەر ڕاپەڕینی هێزەکانی باڵەکایەتیدا زاڵ بن، هۆی ئەمەش گەڕاوەتەوە بۆ یەکگرتوویی و ڕێکخراویی بیروڕاکان لە ناوچەکەدا و تەنانەت خەڵکی ناوچەکە بە بڕیاری پۆلیس و لایەنی کارگێڕییش قایل نەبوون.

نمونە : کاتێک هێزەکانی میری کەسێکیان بە ناوی "عەلی مستەفا دەربەندی" دەستگیرکرد و بڕیاریان دا بینێرن بۆ ڕواندز، چەند کەسێک ڕێگەیان لە پۆلیسەکان گرت و دەستگیرکراوەکەیان ئازاد کرد بەبێ ئەوەی پۆلیسەکان توانای ڕووبەڕو بوونەوەیان هەبێت.

ئەمە نمونەیەک بوو لەسەر بوێریی دانیشتوانی باڵەکایەتی لەم شۆڕشەدا.

لە شۆڕشی ئەیلوولدا باڵەکایەتی ناوچەی بڕیاردان و کارگێری بوو

پێگەی سیاسی و گرنگیی هەر ناوچەیەک لە ئەنجامی کۆمەڵێک فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکیدا دەردەکەوێت. هەندێک شوێن لە هەندێک کاتدا بەهۆی ئەوەی دەبنە ناوەندی بڕیاری هێزێک یان دەوڵەتێک، پێگەیەکی سیاسی و کارگێریی گرنگیان دەبێت.

ناوچەی باڵەکایەتی ناوچەی کارگێڕی و ناوەندی زۆربەی بڕیارەکانی شۆڕشی ئەیلوول بوو و هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق لەو سەردەمەدا بۆ هێرشکردنە سەر ئەم ناوچەیە بۆ ئەم هۆکارە دەگەڕایەوە. هەروەها بەهۆی پەیوەندیی زۆرینەی هێزە هاوپەیمانەکان و هۆزەکانی تر لەگەڵ ناوچەی باڵەکایەتی بوو لە کاتی ئامادەکاری بۆ خۆپارێزی و بەرگریکردن و تەنانەت پلان دانان بۆ هێرش کردنە سەر ئەو ناوچانەی کە هێزەکانی حکومەتی عێراقی تێدا بوون. هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی باڵەکایەتی جێگیر بوون و ئاڵوگۆڕی نامە و پەیوەندییەکان هەر لەم سنوورەدا ئەنجام دەدرا و دەڤەری بارزان و پارتی دیموکراتی کوردستانیش پشتیوان و هاوکاری هەوڵەکانی خەڵک و هۆزەکانی ئەم ناوچەیە دژی داگیرکەر بوون.

پێگەی ئابووریی باڵەکایەتی

بەهۆی گرنگیی هەڵکەوتەکەی ناوچەی باڵەکایەتی، ئەم ناوچەیە پێگەیەکی گرنگی ئابووریی هەبووە، ئەویش بەهۆی هاوسنووربوونی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بن دەستی دەوڵەتی ئێران بوو. لە زۆربەی وەختەکاندا شۆڕش بە مەبەستی دابینکردنی خواردن و جلوبەرگ و پێداویستی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان سوودی زۆری لەم سنوورە بینی.

جیا لەوە، دەڤەری باڵەکایەتی لە ناوخۆشدا ناوچەیەکی گرنگی چالاکیی ئاژەڵداری و کشتوکاڵی بووە کە بەرهەمی گەنم و جۆ و بەرووبوومی دیکەی زۆر بووە. هەروەها ڕێگای هامڵتۆن کە بە ناوچەی باڵەکایەتیدا تێدەپەڕی، بووە هۆی بەرز بوونەوەی پێگەی  ئابووریی ناوچەکە.

ڕۆڵی خەڵکی باڵەکایەتی لە شۆڕشی ئەیلولدا

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوولەوە، خەڵک و دانیشتووانی ناوچەی باڵەکایەتی ڕۆڵی گرنگ و دیاریان لە ڕووداوەکانی شۆڕشدا هەبووە و قوربانیی زۆریان لەم پێناوەدا داوە. کاتێک سەرکردایەتیی شۆڕش ڕووی لە باڵەکایەتی کرد، نەک تەنها ئەوانەی لە بەرەکانی شەڕ بوون، بەڵکوو تەواوی خەڵکی ناوچەکە ئامادەییان هەبوو بۆ پێشوازی لە شۆڕش و خزمەتکردن بەو شۆڕشە.

لە دوای شکستی شۆڕش و ڕاپەڕینی  ناوچەی باڵەکایەتی، هاتنەوەی هێزەکانی میری بۆ ناوچەکە، چیاکان و گوندە دوورەکانی باڵەکایەتی بوونە ئەو شوێنەی ژمارەیەک پێشمەرگە ڕوویان تێ بکەن. لەو کاتەشدا خەڵکی باڵەکایەتی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو پێشمەرگانە هاوکاری سەرەکی بوون.

 

 

KURDŞOP
653 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!