گوندی بێستانسوور، کۆنترین گوندی کشتوکاڵی لە باشووری کوردستان


 

- سیپان سۆفیزادە

 

"گوندی بێستانسوور" دەکەوێتە "٢٤" کیلۆمەتریی ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی "عەربەت" و ٢٧ کیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی دوورە. تا چەند ساڵ لەمەوپێش بەپێی دۆزینەوە شوێنەواری و مێژووییەکان دەرکەوتبوو کە گوندی شوێنەواریی "چەرمۆ" لە سنووری چەمچەماڵ سەر بە پارێزگای سلێمانی کۆنترین گوندی نیشتەجێبوونی مرۆڤە لە کوردستان. بەڵام شوێنەوارناسی زانستێکە دەکرێ هەموو ساڵێک بەپێی ئەنجامدانی کاری کنە و پشکنینی نوێ، لە ناوچە شوێنەوارییەکان شتی نوێ بدۆزرێتەوە و مێژووی نوێ تۆمار بکرێت، بۆیە لەدوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و کاری هەڵکۆڵینی شوێنەواری بۆ گوندی "بێستانسوور" ئەم بابەتە ڕەت کرایەوە کە چەرمۆ یەکەمین گوندی شوێنەواری بێت لە کوردستان؛ چونکە ئەنجامی کنە و پشکنینەکان، دەریخستووە مێژووی گوندی بێستانسوور لە گوندی چەرمۆ کۆنترە.

مێژووی گوندی بێستانسوور

گوندی "بێستانسوور" بە مێژوویەکی زیاتر لە حەوت هەزار ساڵ، بە کۆنترین گوند و شوێنی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی مرۆڤ دادەنرێت.

سەرچاوە و بەڵگەنامە شوێنەوارییەکان، هەروەها کنە و پشکنینی کەلوپەلە شوێنەوارییەکانی ئەو گوندە، دەیسەلمێنن کە بێستانسوور دوای بەجێهێشتنی یەکجاریی ئەشکەوتەکان لە لایەن مرۆڤە سەرەتاییەکانەوە، لە یەکەمین گوندەکانی نیشتەجێبوون و دروستکراوی دەستی مرۆڤە.

بەپێی دوا کنە و پشکنین کە لە ساڵی "٢٠١٩" بۆ ئەم گوندە کراوە، مێژووی ژیانەوە لەم گوندە بۆ "٧٧٠٠" پێش زایین دەگەڕێتەوە و دەرکەوتووە کە نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە بێستانسوور دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مێژووی "هۆلۆسین". هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لەو سەردەمەدا پلەکانی گەرما ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووە و سەرچاوەی زۆری ئاو دەرکەوتوون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە ئەشکەوتەکان بێتە خوارەوە و هەوڵ بۆ نیشتەجێبوونی هەمیشەیی و کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بدات.

گرینگیی گوندی بێستانسوور لە مێژوودا

مرۆڤە سەرەتاییەکان لە ئەشکەوتەکان ژیانیان بەسەر بردووە و بە مرۆڤی ناشارستانی ناو براون، بەڵام لەگەڵ هاتنە خوارەوەیان لە ئەشکەوت و شاخەکان بۆ دەشت و پێدەشتەکان و دەستکردن بە خۆماڵیکردن و بەخێوکردنی ئاژەڵ و چاندنی دانەوێڵە و کشتوکاڵ، قۆناغێکی تر لە مێژووی مرۆڤایەتی، واتا شارستانی دەستی پێ کردووە.

یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی دروستبوونی شارستانییەت لەم ناوچەیە، بۆ هەبوونی سەرچاوەی "ئاو" دەگەڕێتەوە و ئەم هۆکارە تا ئێستاش سەرچاوەیەکی گرنگی ئاودێریی ناوچەکەیە، بۆیە لە کۆنەوە مرۆڤ لەم شوێنە کۆ بووەتەوە و شارستانییەت و قۆناغێکی نوێی مێژوویی لەوێ دروست بووە. بەڵگەی زیاتر بۆ ئەم هۆکارە سەرەکییە، هەبوونی سێ‌ گردی شوێنەواریی تر لە نزیک گوندی بێستانسوورە، کە بەڵگەن لەسەر گرنگیی ناوچەکە بۆ کشتوکاڵ و ئاوەدانی، بۆیە بە یەکێک لە کۆنترین شوێنەکانی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار دەکرێ.

بیناسازی لە گوندی بێستانسوور

گوندی مێژووییی بێستانسوور، سەرەڕای ئەوەی بە یەکەم شوێنی نیشتەجێبوونی یەکجاریی مرۆڤ دادەنرێ، بەپێی لێکۆڵینەوە شوێنەوارییەکان، دەرکەوتووە لەڕووی بیناسازی و بنیاتنانەوە پێشکەوتوو بووە و هەندێ‌ لە خانووەکانی لە چەندان ژوور و ڕێڕەو و هۆڵ پێکهاتوون. هەندێک لە ژوورەکان وەک فڕن و ئاگردان بۆ دروستکردنی نان و خواردن بەکارهاتوون و هەندێ ژووری تریش وەک کۆگا بۆ کۆکردنەوەی "دانەوێڵە" بەکار هاتوون. بۆ ڕێکخستنی زەویی ماڵەکانیان، بەتایبەت ناو ژوورەکان، شێوازی سواغکردن، واتا ڕێکخستن و تەختکردنی زەوی بە قوڕیان بەکارهێناوە و لە هەندێ حاڵەتیشدا بینراوە کە زەویی ژوورەکانیان بەردڕێژ کردووە. هەروەها بۆ پتەوکردنی سەربانی ماڵەکانیشیان، لقی دار و گەڵا و خۆڵیان بەکار هێناوە.

نوێترین لێکۆڵینەوەکان وایان کرد کە گوندی بێستانسوور ببێتە کۆنترین گوند لە باشووری کوردستان. دوای پێنج ساڵ لێکۆڵینەوە،‌ تیمێکی زانکۆی ریدینگ له‌ بریتانیا لە ئه‌نجامی کنه‌ و پشکنینه‌کانیان زانیاریی نوێیان ئاشکرا کرد، بەپێی لێکۆڵینەوەکانیان، بێستانسوور کۆنترین گونده‌ و یه‌که‌مجار کشتوکاڵ لێره‌ کراوه‌ نه‌ک له‌ گوندی چه‌رمۆی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ.

کاری دانیشتوانی گوندی بێستانسوور چی بووە؟

خەڵکی دانیشتووی گوندی بێستانسوور لە بواری کشتوکاڵدا گرنگییان داوە بە چاندنی "دانەوێڵە و نیسک و گەنم و جۆ" هەروەها سەرقاڵی ماڵیکردنی ئاژەڵەکانی وەک "مانگا، ئاسک، بزن، مەڕ و بەراز" بوون.

KURDŞOP
802 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!