شەرەفخان بدلیسی چۆن گەورە بوو و کەی شەرەفنامەی نووسی؟

سۆلین ورمێ

ساڵی ١٥٣٣ بە پلان و پاڵپشتیی هەندێک کەس، شەمسەدین بەگی باوکی شەرەفخانی بدلیسی بۆ کۆشکی سوڵتان سلێمانی یەکەمی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بانگ کرا. مەبەست لە بانگهێشتکردنی شەمسەدین بەگ ئەوە بوو کە داخوازیی دەسەڵاتی بەدلیسی لێ بکەن و پێی دەڵێن، لەبری ئەو دەسەڵاتە، ناوچەکانی مەلاتیە و مەرەشتی پێ دەدەن، شەمسەدین بەگیش ئەو داوایە قەبووڵ ناکات و لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە بۆ ناوچەیەکی ئێران لەنێوان قوم و هەمەدان، دوور خرایەوە.

هەم دەسەڵاتی بدلیس لە دەستی میری بدلیس لا برا و هەم لە خاکی خۆی دوور خرایەوە و بەناچاری ڕووی کردە کۆشکی شا تەهماسب لە ئێران.

لەوێ پێشوازیی لێ دەکرێت و دوای مانگێک کچی یەکێک لە گەورەکانی قزلباشان دەخوازێت کە فەرمانڕەوای خوراسان بووە. دوای ئەو هاوسەرگیرییە لە ساڵی ١٥٣٤دا لە ناوچەی گریهروود سەر بە قوم منداڵێکیان لەدایک بوو و ناویان نا "شەرەف". شەرەف لە منداڵیدا دایکی لەدەست دا و دوای ئەو ڕووداوە لە گریهروود لەلای دادوەران، پەروەردە کرا.

شەرەف هەر لە منداڵییەوە فێری خوێندنەوە و نووسین دەبێت و بەپێی نەریتی ئەو سەردەمە دەبوو لە کۆشکی پاشا لەگەڵ منداڵی پاشا و گەورەکاندا پەروەردە و چاودێری بکرایەت. هەر لەوێ بە باشی فێری زانست و شەریعەت دەبێت.

شەرەفخان لە بەسەرهاتی خۆیدا گوتوویەتی: "شا تەهماسب هەوڵی دا هونەری نیگارکێشانی فێر بکات و پێی گوتووە ئەم هونەرە مرۆڤایەتی جوان دەکات." ئەم قسەیەی شەرەفخان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لە کۆشکی پاشا پەروەردە کراوە.

کاتێک شەمسەدین بەگی باوکی شەرەفخان پیر دەبێت، لەسەر داوای خۆی و شا تەهماسب، شەرەفخان دەبێتە جێگری باوکی و دەبێتە حاکمی هەندێک ناوچە.

لە ساڵی ١٥٥٩دا کوڕی سوڵتانی عوسمانی بە ناوی سوڵتان بایەزید، بەهۆی هەندێک هۆکارەوە، لە دەوڵەتی عوسمانی دڵگران دەبێت و دەچێتە ئێران. شەرەفخانی بدلیسی یەکێک بوو لەو کەسانەی کە لە دیدار لەگەڵ ئەو شازادەی عوسمانیدا ئامادە بوو. لەو کاتەدا بەشێک لە نەیارانی شەرەفخان بە شای ئێرانیان دەگوت، شەرەفخان زۆرتر لایەنی دەوڵەتی عوسمانی دەگرێت. بەو هۆیەوە شا لە شەرەفخان دڵگران دەبێت و دووری داخاتەوە بۆ ناوچەی گیلان و لە هەمان کاتدا دەبێتە بەرپرسی سەرکوتکردنی سەرهەڵدانی "خان ئەحمەد خانی بیە پیش" لە گیلان؛ شەرەفخان ئەو سەرهەڵدانە سەرکوت دەکات و دەبێتە حاکمی ئەو ناوچەیە. به‌م شێوه‌یه بۆ ماوه‌ی ١٥ ساڵ فەرمانڕەوای چه‌ندین ناوچه‌ی ئێران بووه و بۆ ماوه‌یه‌ک له کۆشکی پاشای ئێران کاری کردووه.

دوای مردنی شا تەهماسب و هاتنە سەرکاری شا ئیسماعیلی دووەم، ناکۆکی دەکەوێتە نێوان گەورەکانی قزلباشان. شەرەفخانیش ماوەیەک پێشتری هەستی بە مەترسی کردبوو.

دوای مانگێک، شا ئیسماعیل بۆ بەدەستەوەگرتنی حکوومەتی نەخجەوان، فەرمان بە شەرەفخان دەدات کە بەشداری لە ئەم شەڕەدا بکات. شەرەفخان ئەمە بە دەرفەتێکی باش دەزانێت بۆ ئەوەی بچێتە وڵاتەکەی خۆی.

لە ساڵی ١٥٧٨دا، دوای ساڵێک و چەند مانگێک، لەگەڵ چوارسەد هاوڕێی خۆی، دەربازی سنووری بن دەسەڵاتی عوسمانی دەبێت و لەوێوە دەچێتە بدلیس. بەرپرسانی دەوڵەتی عوسمانی پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرد و وەک پاداشت ئەو حوکمڕانییەیان پێشکەشی کرد کە لە باوباپیرانییەوە بۆی مابووەوە.

ساڵی ١٥٨٦، شەرەفخان دەستی بە نووسینی شەرەفنامە کرد. دوای نووسینی شەرەفنامە، زۆر نەژیا.

بە گوتەی زێیا شەرەفخان، شەرەفخانی بدلیسی لە ساڵی ١٦٠٣ یان ١٦٠٤ کۆچی دوایی کردووە و لە شاری بدلیس بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردراوە و ناوی بۆ هەمیشە لەسەر شەرەفنامە و لە مێژووی گەلی کورددا تۆمار کراوە.

شەرەفنامە

شەرەفنامە کە شەرەفخانی بدلیسی نووسیویەتی، لە دوو بەرگ پێک هاتووە. بەرگی یەکەم بەسەر چوار بەشدا دابەش کراوە و تایبەتە بە مێژووی بنەماڵەی فەرمانڕەواکانی کوردستان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا.

لە بەرگی دووەمدا باسی مێژووی فەرمانڕەواکانی ئێران و عوسمانی تا سەردەمی میری شەرەفخان، واتە خۆی، کردووە.

شەرەفخان لە کۆتایی بەرگی یەکەمدا وەهای نووسیوە: "ئەمە لە کۆتایی مانگی زلهەجە لە ساڵی ١٠٠٥ی دوای کۆچی پێغەمبەری گەورە، بە دەستی نووسەرێکی هەژار و موسەنفێکی فەقیری موحتاجی ڕەحمەتی خودا، شەرەفی کوڕی شەمسەدینی کسرایی نووسراوە؛ خودا قەڵەمی ئەو لە سووتاندن و هەڵە بپارێزێت."

هەمووی لە ٢٤٧ لاپەڕە پێک هاتووە. بەرگی یەکەم تا لاپەڕەی ١٥٥ و بەرگی دووەم لەم لاپەڕەیەوە دەست پێ دەکات. بەرگی یەکەم لەسەر مێژووی کوردان نووسراوە و بەرگی دووەمیش لەسەر مێژووی پاشاکانی عوسمانی و شاکانی ئێران و تووران نووسراوە.

بەرگی یەکەم لە ١٤ی ئابی ١٥٩٧ تەواو بوو. بەڵام کۆتاییی بەرگی دووەم ڕوون نییە، چونکە شەرەفخان هەمان ڕێکەوتی کۆتاییی بەرگی یەکەمی لە کۆتاییی بەرگی دووەمیشدا داناوە.

KURDŞOP
611 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!