خڕەهەنجیران لە مهاباد، بەردەنووسێکی 4000 ساڵە

شنۆ ڕەسووڵی

لە ٢٨ی کیلۆمەتریی شاری مھاباد و لە ڕێگای مھاباد بەرەو سەردەشت، کۆمەڵێک بەردی لێیە کە ھی سەردەمی سێهەمی زەویناسیە. لە نێوەڕاستی ئەم بەردانەدا بەردێکی گەورە ھەیە کە تێیدا وێنەی کەسێک کە سواری ئاژەڵێک بووە ھەڵکەندراوە. تەمەنی ئەم لەوحەیە دەگەڕیتەوە بۆ ٤٠٠٠ ھەزار ساڵ لەمەوبەر.

ناوچەکە لە کۆمەڵە گردێک (کە لە جوگرافیادا پێیان دەڵێن ماهوور) پێک هاتووە. نەخشەکانی سەر یەکێک لەو گردانە لەسەر بەردەکانی کە پێی دەوترێت شیست هەڵکەندراون. هەر ٣٠ نەخش لەسەر ٢ پارچە بەرد وێنا کراوە. کۆمەڵە بەردە سەرەکییەکە ٢٤ نەخشیان لەسەر هەیە و کۆمەڵە بەردەکانی دووهەم ٤ نەخشیان لەسەره کە لەسەر بەردێکی بچووکتر لە مەودای 5 میتری لەو دوو کۆمەڵە بەردە هەڵکەوتووە. وێنەکان ئاژەڵ و مرۆڤ لەخۆ دەگرن.

نەخشی ئەندازەیی و هێمادار کە بتوانرێت بە هێمای بابەتێکی دیاریکراو هەژمار بکرێت لەم کۆمەڵە بەردەدا  نابینرێت. وێنە مرۆییەکانی سەر ئەو بەردانە هەموویان سیمایەکی هاوشێوەیان هەیە. جەستەی وێنەکانی مرۆڤ خاچدارە، هەندێکیان قۆڵ و قاچی تەواو کراوەن، هەندێکیان دەستیان کەوتووە و هەندێکیشیان دەستیان لەڕادەبەدەر گەورەیە.

 لە وێنەی سەر بەردەکان وا دیارە خەنجەر یان ئامێرێکی شمشێر و هاوشێوەی ئەویان بە دەستیانەوەیە و پێدەچێت لە دوای یەک ڕا بکەن. جگە لەمانە، لە بەشەکانی سەرەوەی کۆمەڵه بەردەکەدا ژمارەیەک ئاژەڵ کە کلکیان درێژ یا شۆڕ بووەتەوە و لە ڕێوی دەچن، دەبینرێن.

وێنەکانی سەر ئەو بەردانە بە ئەسپ و سواربوون و ڕاوکردنی ئاژەڵەکانیش دەچێت. ئەم شوێنەوارە بەهۆی بەهای مێژووییی خۆیەوە بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری مهاباد دادەنرێت.

لەسەر ئەو بەردانە هەندێک وێنەی دیکەش هەنە کە گرنگترینیان بزنە کێوییە. بزنە کێوی ڕەمز و مانیفێستی خەڵکی کۆنی ئەو ناوچەیە بە تایبەت لە سەردەمی شارستانییەتی ماناییە.

بزنەکێوی بە شێوازێکی هونەری ئایدیۆگرامه. زۆر جار هێما و کۆدێک بووە کە لە ناوچە جیاوازەکانی فەلاتی ئێران و تەنانەت لە شوێنەکانی دیکە، لە دەوری چیاکانی هیمالیا (تەبەت و پامیر) و لە دەوروبەری بەرزاییەکانی کێوەکانی ئاڵپی ڕۆژاوا سەر بە فەرانسە و ئیتالیا هەیە و تەنانەت دەتوانین هەر ئەو وێنانەی بزنەکێوی لە نێو بەردەنووسراوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ببینین: لەوانە ویلایەتەکانی نیڤادا، کالیفۆرنیا، یوتا و ئاریزۆنا، کە لەلایەن هیندییە ڕەسەنەکانی ئامریکاوە دروست کراون کە ڕەگ و ڕیشەی ئاسیاییان هەیە.

ئەوانەش  بەدرێژایی هەزاران ساڵ دروست بوونه؛ شتێک کە زۆر سەرنجڕاکێشە بۆ ئێمە ژمارەیەکی زۆر لە وێنەی سەگی دەستەمۆ لە جۆری تاژی هەن کە لەسەر تەختە بەردی ڕەش هەڵکەندراون.

 وێنەی ئەو سەگانە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لانیکەم لە هەزارەی ٩ی پێش زایینەوە دەستەمۆکردنی سەگی ڕاو نیشان دەدات ئەم بەردانە بەم وێنە کۆنانە، کتێبێکی بەردیی کۆنن کە ڕووداوەکانی ژیانی ئەو کەسانە دەگێڕنەوە کە لانیکەم ١١ هەزار ساڵ لەمەوبەر سەگی تاژییان دەستەمۆ کردووە.

 پێویستە بگوترێ ژن ڕۆڵێکی گرینگی لەوەدا هەبووە. لە تابلۆ کۆنەکانی سەر ئەو تەختە بەردانە، مرۆڤ دەتوانێت شوێنپێی بیر و باوەڕ و ڕێوڕەسم و هەموو ڕووداوە بیۆلۆژییەکانی دانیشتوانی ئەو خاکە بدۆزێتەوە.

ئەوان بەڵگەنامەی لەدایکبوونی کۆن و ناوازە و نیشاندەری ناسنامەی ناوازەی ئەو کەسانەن کە هەزاران ساڵە لەو خاکەدا ژیاون.

ئاسەوارە مێژووییەکان لە کوردستان کاری لێکۆڵینەوەیان لەسەر ناکرێ و ئەگەر کرابێتیش تەنیا بە چەواشە بووە یا نەیانهێشتووە کارەکەیان تەواو بکەن. هەر لەسەر وێنەکانی ئەو بەردانەی خڕەهەنجیران دەڵێن وێنەکان ڕێک و پێک نین کە باس لە شتێکی دیاریکراو بکەن.

بەردەکانی خڕەهەنجیران لێکۆڵینەوەیەکی ئەوتۆیان لەسەر نەکراوە. ماوەیەکی کورت کاری لەسەر کراوە و دواتر کەس بەلایدا نەچووە یا هەر ئیزن نەدراوە لێكۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

کە لە مێژووشدا دەکۆڵێیەوە هیچ کاری دیکەی لەسەر نەکراوە و تەنانەت خەڵکی ناوچەکەش نازانن شتێکی ئاوا پڕ بەها لە شارێکی کوردستان هەیە.

 

KURDŞOP
512 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!