ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە میرنشینی موکریان لە سەفەوییەوە تا سەرەتای پەهلەوییەکان 

لەیلا زەمانی

پاش ئەوەی مۆغۆلەکان و ڕێبەرانی ئیلخانی ئەو زنجیرە دەسەڵاتدارییە بەرە بەرە  هێز و دەسەڵاتیان لە ناوچەی موکریان لە کزیی دا و شکۆ و توانایان کەمتر بووەوە، دەسەڵاتدار و میرە کوردەکان، بە مەبەستی ژیاندنەوەی میراتی حاکمییەتی خۆیان لەو ناوچەیە، کەوتنە خۆ و هێندێک حەولی گەورە و بچووکیان داوە، کە لە کتێبە مێژووییەکاندا تۆمار کراون.

وەکی دەخوێنینەوە کوردەکان بۆ جارێکی دیکە گەڕانەوە ناوچەی موکریان و لەژێر ڕێبەرایەتیی "سەیفەددینی موکری"دا، لەو ناوچەیە دامەزران. "شەرەفخانی بەدلیسی" ناوچەکانی یاڵتەمر و ئاختاچی و دۆڵباریک و سندووس و دریاز و مەحمەشە و دێخارقان و قەڵای ساروقۆرغان و ناوچەی تەرەغە و قەڵای تەرەغە و میاندواو و لەیلان و ئاجوری واتە سایەنقەڵای ئێستا، بە ئەو ناوچانە دەزانێ کە لەژێر دەسەڵاتی موکریانییەکاندا بوون. "سارم خانی موکری" کوڕی سەیفەدین خان، ئەو جوگرافیایە بەرینتر دەکاتەوە و تا سنوورەکانی تیکاب دەسەڵاتی موکرییەکان پەرە پێدەدا. لەو سەردەمەدا قزڵباشەکان دەسەڵاتێکی یەکجار زۆریان بوو، بەڵام سارم بەگی موکری لەگەڵ ئەوانیش تێکهەڵچووە. تێکهەڵچوونەکان لەگەڵ ئەوان هەرچەند کۆمەڵێک شکستیشی لە بەدوادا هات، بەڵام نەبووە هۆی ئەوەی ئەو ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی موکرییەکان بە تەواوی بێتە دەرێ.

ئەوەی لە دەسەڵاتداری موکریەکاندا لەو سەردەمەدا شایانی باسە ئەوەیە کە بە هۆی ئەوەی سوڵتانە عوسمانییەکان پێوەندییان لەگەڵ هێندێک لە موکرییەکان دەگرت و قەولی دەسەڵاتی زیاتر و یارمەتیی مەزنتریان دەدانێ، جاری وا بوو ئەو ویلایەتە یا بەشێک لە میرەکانی ئەو ویلایەتە سەر بە عوسمانی دەبوون و جاری وا بوو سەر بە دەسەڵاتی سەفەوی دەمانەوە. یەکێک لەو ئەمیرانە نێوی "ئەمیرە پاشا"یە، کە سوڵتانی عوسمانی گرینگایەتیی پێ دەدا و لە زەمانی ئەمیرە پاشادا ناوچەکانی مەراغە و هەولێر و مووسڵ و بابانیش بە ویلایەتی موکرییەوە زیاد دەکرێ. هەرچەندە دواتر ئەو ناوچانە لە ژێر دەستی ئەمیرە پاشا دێنە دەرێ. زۆربەی ئەو ناوچانەی بە زۆری دەسەڵاتی عوسمانییەکان بەو ویلایەتە و باقی ویلاتەکانەوە زیاد دەبن، بەڵام ئەو لێک بەرین بوونەوە و فراوانبوونەوەی سنوورەکان زۆر ناخایەنێ و پاش پاشگەز بووونەوەی سوڵتانی عوسمانی لە بەڵێنەکەی، یان سازانیان لەگەڵ سەفەوییەکان، جارێکی دیکە سنوورەکان دەگەڕێنەوە جێگای خۆیان کە هەر ئەو باسە لەمەڕ موکریانیشەوە وەڕاست دەگەڕێ.

سەیفەددین خانی موکری

 

لە سەدەی یازدەی کۆچیی مانگیدا، ناوەندی دەسەڵاتدارێتیی موکریانی ڕادەگوێزرێ بۆ "میراوا"ی سەردەشت. پێشتر ناوچەکانی وەک دریاز و سابڵاغ  و دۆڵباریک و ئەختاچی و یاڵتەمر و مەحمەشە و سندووس ناوەندەکانی دەسەڵاتەکانی عێلی موکری بوون، بەڵام لە سەدەی یازدەی کۆچیی مانگیدا، ناوچەی میراوێ سەر بە سەردەشت دەبێتە ناوەندی ویلایەتی موکری و بداق سوڵتان کە دەسەڵاتی ئەو ناوەندەی بە دەستەوەیە ناوچەکانی بێتووش و ئالان لە بابان جودا دەکاتەوە و دەیانخاتە سەر ناوچەی سەردەشت. ئەو هێرشەی بداق سوڵتانیش وەکوو سەرچاوە مێژووییەکان باسی دەکەن دەگەڕێتەوە بۆ دوژمنایەتییەک کە لە نێوان موکرییەکان و بابانەکاندا بە هۆی کوژرانی "شێر سوڵتان"ی باوکی بوداق سوڵتان بە دەستی بابانەکان ڕووی داوە. هەروەها لەو سەردەمەدا بوداق سوڵتان بە هۆی خوێندنەوەیەکی دروست لە پەیوەندییە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە، هەوڵ دەدا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ناوچەی هەوشار و حاکمەکانی هەوشار و ئازەربایجان و تەورێز ئاسایی بکاتەوە و ئەوەش دەرفەتێک بۆ موکرییەکان دەڕەخسێنێ کە بگەڕێنەوە ناوچەکانی پێشووی خۆیان وەک دریاس و میاندواو و سندووس. بوداق سوڵتان لەو سەردەمەدا سابڵاخ دەکاتە ناوەندی حوکمڕانیی خۆی و وەکی توێژەری ئەڵمانی ڤۆڵفگانگ دەنووسێ: "ناوچەی ژێر دەسەڵاتی موکرییەکان لە سەردەمی بوداق سوڵتاندا لە قەندیلەوە تا هەوشار و ورمێ و مەراغە بەرین بۆتەوە".

مەزارگەی بوداغ سوڵتانی موکری

 

بوداق سوڵتان حەولیکی زۆر بۆ ژیاندنەوەی شکۆ و دەسەڵاتی موکرییەکان دەدا. ناوچەی سابلاغ ئاوەدان دەکاتەوە و بە ساز کردنی ناوەندی ئایینی و فێرگە و بناخەکانی ئابوووری وەک پرد و کاروانسەروا و تا دوایی دەیهەوێ شکۆی لە کیس چوو بۆ موکرییەکان بگەڕینێتەوە و تا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو دەبێ. تا ئێستاش بەشیکی زۆر لە میراتی میعماری و بیناسازیی سەردەمی بوداق سوڵتانی موکری لە شاری مهاباد ماون و لە هەموووان گرینگتر بینای مزگەوتی گەورەی شاری مهاباد بە ناوی "مزگەوتی سوور"ە. پێشتریش و تا سەردەمی پەهلەوی "پردی سوور"ی مهادیش ناو و ناوبانگێکی زۆری بووە و هێندە بۆ خەڵکی ناوچە گرینگ بووە کە ناوی کەوتووەتە ناو گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانەوە.  ئیستا و لە میراتی میعماریی ئەو سەردەمە بینای مەزاری بوداق  سوڵتان و میر عەزیز سوڵتانە کە لە قەراغ شاری مەهاباد هەڵکەوتووە و بەشێکە لە میراتی مێژووویی ئەو شارە و ناوچەی موکرییان.

مزگەوتی سووری مهاباد

 

تا ئەو کاتەی سەفەوییەکان لەسەر کار بوون وەکی لە بەشەکانی پێشوودا باسمان کرد، بە هۆی ئەو شەڕ و کێشانەی کە موکرییەکان لەگەڵ سەفەوییەکان و بە تایبەت لە سەردەمی "شا عەبباسی یەکەم"دا لەگەڵ شا عەبباس بوویان، پەیوەندیی موکرییەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لە هەڵکشان و داکشاندا بوو.  لە دوای دوایین شەڕیانەوە لەگەڵ سوپای سەفەوی حەولیان نەدا ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتیاندایە پەرە پێ بدەن و زیاتر حەولیان لەسەر ئەوە چڕ کردەوە کە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆیان بپارێزن. بەڵام دوای سەفەوییەکان بۆ جارێکی دیکە موکرییەکان خولیای ئەوە دەکەوێتە سەریان کە ئەو ناوچانەی لە سەردەمی سەفەوییەکاندا لە دەستیان دەرهێنراوە و دراوە بە هەوشارەکان بۆ جارێکی دیکە وەدەستیان بێننەوە. لە لایەکی دیکەوە هێندێک لە عێلاتی دیکەی وەک بڵباس و مەنگۆڕ بەشێک لە ناوچەکانی عێلی موکرییان داگیر کردبوو و تا دەوروبەری سابڵاخ هاتبوون. عیلی گەورکیش لە لای سەردەشتەوە وردە وردە هێندێک لە ناوچەکانیان داگیر کردبوو و تا نزیک بۆکان و سەقز پەرەیان بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دابوو. هەر بەو هۆیە تایفە حوکمڕانەکانی موکریی ئەو ناوچەیە کە خۆیان بە بابامیری ناساندووە، زۆر زۆر لاواز ببوون و بەو پێیە بە هۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەوانەوە ئەو جار دەوڵەتی قاجاریە حەول دەدا دەستێوەردان بکا لە پەیوەندیی بەینی ئەو عێلاتە و بە شێوەیەک نەزم و تەکووزییەک بدا بە ناوچەیەک کە لەژێر دەسەڵاتی عێلی موکری و عێلی بڵباس و عێلی گەورک و عێلی مەنگوڕ دایە.

شا عەبباس سەفەوی

 

 ئەوەشمان لە بیر نەچێ حکوومەتی ناوەندی و بەتایبەت قاجارەکان کە زۆریش بە هێز نەبوون، لە ناکۆکیی نێوان عێلە کوردەکانی ناوچە کەڵکی زۆریان وەردەگرت و بەو  بەهانەیە و بە بەهانەی دامەزراندنی هێمنائەتی و ئاشتەوایی، دەستێوەردانیان لە کاروباری ناوچەدا دەکرد و تەنانەت جاری وابوووە لە گەشتر کردنی ئاوری کێشەکاندا، ڕاسپیردراوانی دەوڵەتی ناوەندی ڕۆڵی کاراشیان گێڕاوە. چون دەسەڵاتی ناوەندی هەر لەسەردەمی سەفەوییەکانەوە لە یەکیەتیی عێلاتی کورد ترساوە و هەمیشە مەترسی ئەوەی لەدڵدا بووە کە یەکیەتیی عێلاتی و میرنشینەکان پرسی سەربەخۆییخوازی لەواندا بە هێز بکا. وەکی لە بابەتی کیشەی "ئەمیرخانی برادۆست" لە ناوچەی ورمیدا، دەوڵەتی سەفەوی هەموو حەولی خۆی بۆ سەرکوتی ئەو عێلە و ئەو میرە بە دەسەڵاتە خستەگەڕ و لە ئاکامدا لە ڕووداوی قەلای دمدمدا و پاش ماوەیەکی زۆر ئابڵووقە دانی قەڵا و بە خەیانەت و فریو ئەو میرنشینەیان لەبار برد.  

فەتحعەلی شای قاجار

 

وەکی لە زنجیرەی یا لە سلسلەی دەسەڵاتی سەفەوییەکاندا دەبینین، پەلەبەندییەک بۆ حاکمانی ئەو سەردەمە بووە، لە بەیگلەربەیگییەوە کە باڵاترین دەسەڵاتی ناوچەکان بووە تا میرنشین و دوای ئەو سوڵتان نشین کە کەمترین پلەی دەسەڵات بووە. موکرییان سەرەتا میرنشین بوون و شان و شەوکەتێکی باڵایان لە زنجیرەی میرانی ئێراندا هەبووە. بەڵام دواتر بە هۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ حکوومەتی سەفەوییەکان بوویانە، جار لەگەڵ جار هەم جوغڕافیاکەیان چکۆلەتر کراوەتەوە و هەم لە پاش ڕووداوی "موکری قڕان" و کوشتارێکی بە کۆمەڵ کە شا عەبباس لێیان دەکا و لە کتیبی "عالەم ئارای عەبباسی"دا بە تەسەلی باسی کراوە،  پلەی میرانی ئەو ناوچەیە دادەبەزێ بۆ ئاستی خان و هێزیان کەم دەکرێتەوە بۆ سوڵتان نشین  وجار لەگەڵ جار شکۆ و توانایان کەمتر دەکرێتەوە تا لە سەردەمی قاجارەکاندا بابامیرییەکانی ناوچەی موکریان کە دواهەمینیان "بۆداق خانی سێیەم" کوڕی "عەبدوڵڵا خان" بووە لەسەر کار لادەدرێ و بەو شێوەیە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەو بنەماڵەیە لە ناوچەی موکریان دێ.

ئەمیر خانی برادۆست (خانی لەپ زێڕین)

 

 دواتر دوای ئەوە حاکمانی ناوچەی موکریان لە لایەن ئازەربایجان و تەورێزەوە دیاری دەکرێن و ئەوەش بۆ خۆی سەرەتای سەرهەڵدانی هەندێک کێشەیە بە هۆی تێک نەگەیشتنی حاکمانی دەستنیشان کراو بۆ خەڵکی موکریانەوە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە و ئەو میراتە تا ئیستاش هەر بەو شیوەیە ماوەتەوە.  دوایین حەولێک کە بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە دراوە لە لایەن سەردارانی موکری وەک "عەزیزخانی موکری" حاکمی بۆکانەوە  بوو کە دواتر شاری بۆکان ئاوەدان دەکاتەوە و بازاڕ و قەڵای لێ ساز دەکات. ئەوانە حەول دەدەن بۆ جارێکی دیکە ئەو دەسەڵاتە بژێننەوە، بەڵام ئەوانیش تا کۆتایی قاجارەکان بە شێوەیەکی زۆر لاواز دەتوانن دەسەڵاتی بەشێک لەو ناوچەیەیان بە دەستەوە بێ و بە هاتنە سەر کاری پەهلەوییەکان بۆ هەمیشە کۆتایی بە دەسەڵاتی موکرییەکان دێ و ناوچەی موکریان دەکەوێتە سەر ئەو پارێزگایەی کە ئێستا بە پارێزگای "ئازەربایجانی ڕۆژئاوا" یا لە لایەن کوردەکانەوە "پارێزگای ورمێ" دەناسرێ.

KURDŞOP
941 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!