بەردەکونتێی مهاباد شوێنەوارێکی سەردەمی ماناییەکان

شنۆ ڕەسووڵی

بەردەکونتێ شوێنەوارێکی مێژووییە و یەکێکە لەو گردە مێژووییانەی لە مێژووی درێرینی کوردستان لە ناوچەی باشووری دەریاچەی ورمێ و ئەو سنوورەی ئێستا پێی دەگوترێ مهاباد بەجێماوە. مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مانایی واتا هەزارەی یەکەمی پێش زایین و مۆدێلێک بووە بۆ دروستکردنی شوێنەوارەکانی ئەو سەردەمە لەم ناوچەیەدا.

 ئەم شوێنە بەنرخە دێرینە بە دووریی هەشت کیلۆمیتر لە باکووری شاری مهاباد بەرەو ورمێ و لە نزیک گوندی یۆسفکەند هەڵکەوتووە.

ناوچەی بەردەکونتێ بە یەکێک لە شوێنە گەورە و پیرۆزەکانی شاری کۆنی "داریۆسا" یان شارە وێرانەکە دادەنرێت کە بۆ خەڵک و دانیشتوانی شارەکە شوێنێکی زۆر بەڕێز بووە. ئەم شوێنە مێژووییە سەر بە سەردەمی حوکمڕانیی "مانا"کانە کە ناوچەکانی باشووری دەریاچەی ورمێی و ئەو شوێنەی ئەمڕۆ بە موکریان ناسراوە نشتەجێ بوون و شوێنەواری زۆر گرینگی وەک حەسەنلووی نەغەدە، قەڵایچیی بۆکان و زێویەی سەقزیان لێ بەجێماوە و لە هەزارەی یەکەمی پێش زایین، وەک فەرمانڕەواییەکی بەهێز، ڕۆڵێکی گرینگی لە پرسە سیاسی و کولتوورییەکانی ناوچەکەدا هەبووە.

مێژووی گەڕان لە شوێنی مێژوویی بەردەکونتێ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1969. لە کاتی لێکۆڵینەوە لە شوێنێکی ئورارتوویی، "وڵفرام کلایس" شوێنی مێژووییی بەردەکونتێی دەستنیشان کرد و بە بەشێک لە شوێنی ئۆرارتوویی زانی.

هەر چەندە ئەو شوێنە لە ساڵی 1364ی کۆچی (1985ی زایینی) دا وەک ئاسەوارێک تۆمار کراوە و بە یەکێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی پارێزگای ورمێ دادەنرێت، بەڵام لە خراپترین بارودۆخی ڕاگرتن و پاراستنیدایە. هەروەها هەڵکەندنی بێ مۆڵەت بووەتە هۆی تاڵانکردنی زۆرێک لە نیشانە شارستانییەکانی ئەم گردە. دانانی کارگە پیشەسازییەکان، تێپەڕبوونی کات و هتد دەتوانێت وەک هۆکاری دیکەی زیانگەیاندن بە بەردەکونتێ هەژمار بکرێت.

وشەی بەردەکونتێ بە واتای "بەردێک کە کونی تێدایە" بەکار دێت. هەندێک لەو بۆچوونەدان کە کونتێ لە بیروباوەڕی خەڵکی ئەم خاکەدا لە سەردەمی خۆیدا ئاماژەیە بۆ پیرۆزیی بەردەکە.

بێگومان "کۆنن" لە کوردیدا دەتوانێت بە مانای کۆن بێت. بە واتایەکی تر ڕەنگە دوو مانای هەبێت: یەکەمیان بەردێکی کون و ئەوی دیکەیان بەردێکی کۆن و کۆنە.

پەرستگەی ئاگری بەردەکونتێ ناوچەیەکی بەردینە کە پلیکانێکی زۆری بەدەوریدا هەڵکەندراوە، ئەم ناوچەیە دێرینە پەیوەندیی بە هەزارەی یەکەمی پێش زایینەوە هەیە، واتە سەردەمی شکۆمەندی و دەسەڵاتی ماناکان لەم ناوچەیەدا.

تا ئێستا هیچ نووسراوێک نەدۆزراوەتەوە کە پێمان بڵێت ناوی ئەسڵیی ئەم بینایە چی بووە. دانیشتووانی شارە وێرانەکە ئەم بینایە بە بەردەکونتێ ناو دەبەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پیرۆزیی بەردەکە لە بیروباوەڕی خەڵکی ئەم سەرزەمینە.

ئەو شوێنەوارە چەندین گۆڕی بەردینه و قەڵایەک و چەند ڕیزێک پلیکانەی تێدایە، کە بە نەخشاندن لەسەر بەردەکە بە شێوەیەکی زۆر جوان دروست کراون. سیمای گشتیی ئەم شوێنە زۆر لە زیگۆرات یان پەرەستگەیەک دەچێت. ئەوەی لەم شوێنە مێژووییەدا سەرنجڕاکێش دەردەکەوێت، نەبوونی دیکۆرات و ڕەنگینیی تایبەتە لە بیناکەدا. لە بەشی تری شوێنی دێرینی بەردەکونتێ، کەناڵەکانی ئاو و دیواری بەرگری و پاشماوەی بەنداوێکی کۆن لە سەردەمی مانا وەبەرچاو دەکەوێ.

ناتوانرێت بۆچوونێکی ڕوون و تەواو سەبارەت بە ئەرکی شوێنی مێژوویی بەردەکونتێ بدرێت. هەندێک بە شوێنی پەرستنی پەیوەندیدار بە ڕێوڕەسمی مێهر یان بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی ئایینیی دەزانن و هەندێکیش بە پەرستگای ئاگرینی فەرمانڕەواییی مانای دەزانن.

ئەو بەردانەی تاشراون دەکرێ مانایی یان ئۆروراتوویی بن؛ بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە ئەم بەردە نەخشێنراوانە بە تەنیا ناتوانرێت مێژوویان بۆ دیاری بکرێت. بۆیە بە لێکۆڵینەوە لەو کاشییانەی سەر بە شوێنی بەردەکونتێن کە پەیوەندییان بە سەردەمی ئاسنییەوە هەیە، دەڵێن ٨٥٠ بۆ ٥٥٠ی پێش زایینه. لە ڕوانگەی ڕۆشنبیرییەوە، ئەو کاشییانە تایبەتن بە کولتوور و هونەری ماناکان کە هاوشێوەیان لە شوێنەوارە مانایییەکانی دیکەش دۆزراوەتەوە.

بەڵام هەندێک لە شارەزایان بۆچوونێکی جیاوازیان هەیە و بە پەرستگایەکی ئاگرگەی دەزانن کە هاوشێوەی زیگوراتێکە کە ڕیزێک پلیکانەی زبری لە بەرد داتاشراوی هەیە کە تەلارسازیی هەزارەی یەکەمی پێش زایین وەبیر دێنێتەوە. لە نێوەڕاستی ئەم بینایەدا کونێکی چوارگۆشە هەیە، کە ڕەنگە لە کاتی ڕێوڕەسمی ئاگری پیرۆزدا بۆ ڕووناککردنەوەی ناوەوەی ئەم کونە بەکارهاتبێت. پاشان خەڵک بە ڕێکوپێکیی تایبەت، لەسەر پلیکانە نەخشێنراوەکان دادەنیشتن و نوێژیان دەکرد و ڕێوڕەسمە تایبەتەکانیان بەڕێوە دەبرد.

بە وردبینی لە پەیکەرەکانی سەر شاخ دەتوانین بڵێین ئەم کارە بە گشتی تایبەت بووە بە ڕێوڕەسمی ئایینی و بەردی بەردەمی کە ئێستا ڕێگای مەهاباد پێیدا تێدەپەڕێت، بۆ ناشتنی نوێژخوێنان و بەرپرسانی پەرستگەکە بەکارهاتووە.

ئەو شوێنەوارە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی جیددیی لەسەر نەکراوە و وەک باقیی شوێنەوارەکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە بەردی لەسەر دانراوە و پشتگوێ خراوە.

 

KURDŞOP
521 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!