ویلایەتی موکریان لە بەردەم هێرشکاریی موغۆلەکان و سەقامگیریدا – بەشی2

 

بەشی یەکەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە

 

لەیلا زەمانی

ویلایەتی موکریان وەک پێشتر باس کرا، بەو ناوچانە دەگوترێت کە لەژێر دەسەڵاتی عێلی موکریدان. عێلی موکریش پێشتر لە چەند هۆز پێک هاتبوو کە یەکیان و گرنگترینیان هۆزی "موکرییە"یە. ئەو هۆزە لە هۆزەکانی "ناوچەی بابان"ی سەر بە شارەزوور بوون. بە پێی ئەو زانیارییانەی "شەرەفخانی بدلیسی" بە دەستەوەی دەدا، لە سەردەمی مەغۆلەکان و سەردەمی حکوومەتی تورکمانی "ئاقۆیینلۆ" و "قەرەقۆیینلۆ"کان لە نێوان ناوچەی شارەزوور و بابان سنوورێکی وا نەبووە کە پێش بە هاتوچۆ، یان گەرمین لە کوێستان کردنی هۆزەکان بگرێت. بۆیە ئەو هۆزانە لەو ناوچانە لە هاتوچۆدا بوون. بەڵام لە دەشتەکانی خوارووی "گۆلی ورمێ"وە، ئەو کوردانە ژیاون کە  لە ژێر گوشار و توندوتیژیی مەغۆلەکاندا بوون. لەو سەردەمەدا ناوچەی "سەردەشت" گرنگایەتییەکی تایبەتی بووە. عێلەکانی نیشتەجێی ناوچەی سەردەشت بە سانایی گەرمێن و کوێستانیان کردەوە و بە چاونەترسی و بێ لەمپەر بۆ ناوچەی بابانیش  رۆیشتوون. یەکێک لەو عێلانە گەورە عێلی ناسراوی موکری بووە.

بە پێی نووسینی شەرەفنامە عێلی موکری لە سەردەمی "سەیفەدین خان" دەسەڵاتێکی زۆریان بە دەستەوە گرتووە. زۆر شوێن و دەشت و لێڕەوار دەگرن و زۆرتری ئەو ناوچانەی  لە خوار گۆلی ورمێ هەڵکەوتبوون دەخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە.

 پێشتر ئەوانە لە ناوچەی "دریاز" لە خوارووی گۆلی ورمێ و لە دەوروبەری "مهاباد"ی ئێستا نیشتەجێ بوون. بەڵام لە سەردەمی موغولەکاندا، زۆربەی موکریان بە هۆی گوشارێک کە مەغۆلەکان بۆیان هێنابوون ڕوویان کردە ناوچە شاخاوییەکانی سەردەشت کە دەستی مەغۆلەکانی کەمتر پێ ڕادەگەیشت. مەغۆلەکان بە زەبری شمشێر و هێزی چەکدار، بەشێکی هەرە زۆری ناوچەی موکریانیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. دیارە ئەو شوێنانەی بە موکریان یا ناوچەی موکریان ناسراون  یەکێک لە بە پیت و بەرەکەتترین  ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەراسەری ئێرانن. هەم داوێنی شاخە بەفرگرەکان، هەم چۆمە پڕ ئاو و بە لرفەکان و هەم دەشتاییە پڕ لە دەغل و باخەکان لەو هەرێمەن.

. مەغۆلەکان ئەو پانتاییەیان داگیر کرد. بۆ وێنە لە هاوینە هەواری "هۆلاکۆخانی مەغۆل" لە نزیک "چۆمی مەجیدخان" لە ناوچەی نێوان بۆکان و مهاباد کە ئێستاش هەر ئاواییەک بە نێوی "قەڵای ئەللاکۆ" یا "قەڵای هۆلاکۆ" ماوەتەوە. هەرچی زیاتر مەغۆلەکان لە ناوچەی موکریاندا پێشڕەوییان کردووە، عێلی موکری زیاتر پاشەکشەیان کردووە بەرەو ناوچە شاخاوی و دارستاناوییەکانی سەردەشت چوون و لێی ماونەتەوە. هەر بۆیە ئەوڕۆکە دەبینین نێوی زۆربەی ئاوایی و شاخ و دیاردە سروشتییەکانی موکریان نێوی مەغولییان لەسەر ماوەتەوە.  زۆرێک لە ئێمە دەتوانین لە ئاواییەکانی دەوروبەری مهاباد، بۆکان، میاندواو، شاهیندێژ(ساین قەڵا)، تیکاب و تەنانەت تا نزیک سەقز ناوی تورکی و مەغوولی ببینینەوە.  بەڵام هەرچی زیاتر بەرەو سەردەشت و بەرەو ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە دارستانییەکان دەچی، کە هاتوچۆی مەغۆلەکان بۆ ئەوێ دژوارتر بووە، نێوی هەموو دیاردە سروشتی و ئاوایی و شوێنەکان زیاتر کوردین و هەر بە شێوەی خۆیان ماونەتەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە  لە کۆی ئەو جوگرافیایەی بە موکریان یان شوێنی نیشتەجێبوونی عێلی موکری دەناسرێ، سەردەشت بە بەردەوامی شوێنی مانەوەی موکرییەکان بووە.

ئەو مانەوەیە هەم لە سەردەمی موغولەکاندا بووە و هەم  پێش ئەوانیش بەشێک لە موکرییەکان لەوێ بوون.  بەڵام لە سەردەمی موغولەکاندا زیاتر داڵدە و شوێنی حاوانەوەی ئەو موکرییانە بوو کە لە دەست مۆغۆلەکان ڕایان دەکرد و هەر کاتێکش مۆغۆلەکان بە هۆی ئەو لەشکرکێشییانەی بۆ ناوچە جۆراوجۆرەکانی دیکە دەیانکرد، خوارووی گۆلی ورمێ یان ناوچەی  موکریانیان بە جێ دەهێشت،  بەشێکی زۆر لە عێلی موکری دەگەڕانەوە شوێنی خۆیان و لەو شوێنانە دیسان دەستیان دەکردەوە بە کشتوکاڵ و  مەڕداری و  کاروباری ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆیان ڕادەپەڕند. ئەو بارودۆخی هاتن و چوونی کوردانی موکری، لە هەموو سەردەمی ئێلخانە مەغولەکاندا هەر درێژەی بوو. بەڵام دوای ئەوەی حکوومەتی ئێلخانانی مەغوول وردە وردە بەرەو لاوازی چوو و کاریگەرییان لەو ناوچەیە کەمتر بۆوە، بەرە بەرە  کوردەکان دەرفەتی ئەوەیان وەدەست هێنا و توانایی ئەوەیان هاتەوە بەر بەرەو شوێنەکانی نیشتەجێبوونی پێشوویان ببزوون و ناوچەکانی ورمێ و خوارووی گۆلی ورمێ دیسان بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان.  بەو شێوەیە نە تەنیا موکرییەکان کە لە ناوچەی موکریانەوە هاتوچۆیان دەکرد، بەڵکوو ئەو عێلاتەی دیکەش کە نشتەجێی ئەو جوگرافیایە بوون، لەگەڵ ئەوان یەکێتیەکی عێلاتییان پێک هێنا بۆئەوەی بتوانن دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە بەدەستەوە بگرن و توانیشیان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێران و عوسمانی دا رۆڵ بگێڕن و لە زۆر هەڵکشان و داکشانی مێژوویی کورد دا بەشدار بن.

هەر  بەو بیرەوە کوردانی موکری پێویست بوو کوردانی ئەو ناوچەیە رێک بخەن وڕێبەرایەتییەکی یەکگرتوویان بێ. کە ئەو ڕێبەرایەتییە کەسێک بە ناوی "سەیفەددین خان" لە ناوچەی دریاز کە لە دەوروبەری ئێستای شاری مهابادە وەئەستۆی دەگرێت. جودا لە ناوچەی دریاز، زۆر ناوچەی دیکە کە لە جوغڕافیای ئێستای ئێراندا بە ناوچەی تورکنشین ناسراون، لە ژێر دەسەڵاتیاندا بوو.  بۆ وێنە یەکێک لەو ناوچانە ناوچەی "دۆڵ باریک" یا "مەڵکەندی"یە کە ئێستا شارێک بە ناوی مەڵکەندی یا 'مەلیکان" پێکدێنێ و شارێکی تورکنشینە.

هەروەها ناوچەی 'ئاختاچی" یان ناوچەکانی نێوان دوو شاری بۆکان و مهاباد، ناوچەی "ئیل تەیموور" یان "یاڵتەمر"  کە ناوچەکانی نێوان سەردەشت و مهابادن، هەروەها  ناوچەی "سندووس" کە دەبێتە دەوروبەری شاری نەغەدە، هەموویان سەر بە موکریان بوون.

 لە دوای ڕۆیشتنی خانە موغوولەکان بە پێی نووسینی شەرەفخانی بەدلیسی، ئەو ناوچەیە بەرینتر بووەتەوە، بەڵام ئەو ناوچەیە بە هۆی ئەوەی بەردەوام شەڕ و کێشەی تێدا  قەوماوە، پێویستی بە  سەقامگیرییەک بووە، هەر بۆیە "میرنشینی موکری" پێک دێ و ئەو میرنشینە میرنشینێکی بەهێز و ناسراوی مێژووی کوردانە.

 

درێژەی هەیە....

KURDŞOP
556 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!