قەڵای پاڵنگان: لە پێش ئیسلامەوە بۆ دەسەڵاتدارێتی ئەردەڵانەکان (1867-1168ز)

هەورام ئەحمەدی

 

قەڵای پاڵنگان لە ٧٥٠ مەتری باشووری ڕۆژهەڵاتی «گوندی پاڵنگان» (یان بە زاراوەی خەڵکی خۆجێیی، پاڵنان) هەڵکەوتووە. گوندی پاڵنگان دەکەوێتە پارێزگای کوردستان و 15 کیلۆمەتر لە شاری کامێرانەوە دوورە.گوندەکە تەلارسازییەکی پلیکانەیی هەیە و ڕێڕەوە و لقێکی ڕووباری «سیروان» بەناو ڕاست ئاواییدا تێدەپەڕیت. خەڵکی ناوچەکە لەسەر ئەو باوەڕەن که ئەم دێهاته بە درێژایی مێژوو چەندین جار وێران و ئاوەدان کراوەتەوە. مێژوونووسان پێیان وایە پاڵنگان لە هەموو ناوچەکانی دیکەی هەورامان کۆنترە و ئەمەش دەگەڕێتەوە  سەر هەبوونی ئاسەوارە مێژوێیەکەی «بەردەنووسی تەنگیوەر» و بەڵگەنامە‌کانی ناسراو به «قەباڵەکانی هەورامان» کە لە ساڵی 1905 لە ئەشکەوتێکدا له تەنگیوەری نزیک به پاڵنگان لە دۆزرایەوە. دوای ئیسلام کاتێک موسڵمانان هێرشیان کردە سەر ئێران، ئەم گوندە لە وێرانکاری ڕزگاری نەبوو. تەنانەت قەڵای پاڵنگان کە لە دەوروبەری گوندەکەدایە، لەلایەن موسڵمانانەوە دەورە دراوە. بەڵام دەگوترێ دوای گرتنی قەڵاکە خەڵکی ئەم ناوچەیەیان ناچار نەکرد ئیسلام قبوڵ بکەن، چونکە تا چەند سەدەیەک دوای ئەوە دانیشتوانی ناوچەکە باوەڕیان بە ئایینی خۆیان هەبوو کە دەوترێت لقێکی ئایینی زەردەشتییە.

شوێنەوارناسان پێیان وایە مێژووی قەڵاکە بۆ سەدەی حەوتەم و هەشتەمی کۆچی دەگەڕێتەوە. بەڵام هەندێی دیکه لەسەر ئەو باوەڕەدان کە پاشماوەی قەڵاکە سەر بە سەردەمی پێش ئیسلامە. بەشێکی زۆری بینای قەڵاکە وێران بووە، بەڵام لەنێو پاشماوەکانی قەڵاکەدا شوێنەواری پەرستگای ئاگر و پردی کۆن دەبینرێت. هەروەها دەروازەیەکی گەورەی بەردین دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی سەلمێنەری مێژووی پێش ئیسلامی گوندی پاڵنگان و قەڵەکەیەتی. لە بواری ستراتێژیک و نیزامییەوە، قەڵاکە ڕاست لەسەر لوووتکەی شاخەکە دروستکراوە که باس لە سیستەمی بەهێزی بەرگری قەڵاکە دەکات. لە دروستکردنی قەڵاکەدا هەموو لایەنەکانی بەرگری ڕچاو کراوە و ئەگەری چاودێریکردنی تەواوی ناوچەکەی هەبووه. پاشماوەی ژوورەکانی ناو قەڵاکە دەریدەخات کە لە کاتی هێرشی دوژمنیشدا وەک پەناگەیەک بۆ خەڵکی ناوچەکە بەکارهاتووە.

لە گێڕانەوە مێژووییەکاندا دەگوترێت قەڵای پاڵنگان بۆ ماوەیەک شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمانڕەواکانی «کەلهوڕ» بووە. دواتر «حکوومەتی ئەردەڵان» قەڵاکە دەگرێت و لە ساڵی 1168 زایینی بەهۆی گونجاونەبوونی کەشوهەوای «قەڵای زەڵم» لە «شارەزوور»، ناوەندی دەسەڵاتی خۆی بە ڕێبەری «بابا ئەردەڵان» دەگوازێتەوە بۆ پاڵنگان. لە دەوروبەری سەدەی ١٠ی کۆچی قەڵاکە لە پاڵنگانەوە تا «حەسەن ئاوا»ی سنه بەناوەندێتی ناوەندی قەڵای پاڵنگان لە کێوەکانی «شاهۆ» و لە تەنیشت «ڕووباری سیروان» دەبێتە بارەگای سەرەکی حکووومەتی میرنشینی ئەردەڵانەکان. لەڕاستیدا، میرنشینی ئەردەڵان حکوومەتێک بوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی پاشایەتییە خێڵەکییەکان کە بۆ ماوەی 700 ساڵ (لە ساڵانی 1168-1867 زایینی) حوکمڕانی بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵات و هاوکات هەندێ ناوچەی باشووری کوردستانیشی کردووه.

بەگشتی, میرنشینی ئەردەڵان چەند قەڵایەکی هەبوو، کە لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا وەک بارەگای خۆیان بەکاریان دەهێنا. «قەڵای زەڵم» بۆ وەرزی زستان، «قەڵای مەریوان» بۆ وەرزی پایز، «قەڵای حەسەن ئاوا» لە هاوین و قەڵای پاڵنگان لە بەهاردا. قەڵای پالنگان بەهۆی هەڵکەوتە ستراتیجیکەکەیەوە بۆ چەندین سەدە بە یەکێک لە قەڵا هەرە گرنگ و دەستپێڕانەگەیشتووەکان دانراوه. ئەم شوێنە ستراتیژیکه وایکردووه قەڵاکە چیرۆکی جیاواز لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکاندا بۆ خۆیەوە ببینێت.

دواجار قەڵای پاڵنگان لەسەر بڕیاری «شاسەفی» (پاشای سەفەوی لە ئێران) و لەلایەن «سڵێمان خانی ئەردەڵان»ەوە –کە دوای «خان ئەحمەدخان»ی باوکی دەسەڵاتداری میرنشینیەکە بووه- ڕووخاوه. سڵێمان خان نەک ئەم قەڵایه، بەڵکوو قەڵا چوارینەکانی میرنشینی ئەردەڵانی (واته زەڵم، پاڵنگان، حەسەن‌ئاوا و مەریوان) لەناو برد.

دوای ڕووخانی قەڵاکان و لەساڵی 1046 کۆچی شاری نوێی «سنه» بنیات نرا. ئەم بڕیاره بە توندی دەسەڵاتی بەرگری و نیزامی ئەردەڵانەکانی داشکاند. لەڕاستیدا، ڕووخاندنی قەڵاکان و بنیاتنانی شارەکان که بەئاسانی کۆنترۆڵ دەکران دەستپێکی بەهێزکردنی دەسەڵاتی ئیپمراتووریای سەفەویەکانی لەم دەڤەرە دەستەبەر کرد و ڕێگەخۆشکەری دەسەڵاتی ناوەندی ئێران بەسەر میرنشینە کوردەکان بووه. میرنشینی ئەردەڵان لە ساڵی 1867 دوای 700 ساڵ دەسەڵاتدارێتی بۆ هەمیشه لە ناو چوو. ئەمه خۆی بوو به دەستپێکی سەرهەڵێنانی قەوارەیەکی ناوەندخواز لە سیستەمی دەسەڵات لە ئێراندا کە دواجار سەرهەڵێنانی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی و ژێردەستەبوونی سیاسی-فەرهەنگیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتەوە.

KURDŞOP
778 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!