ئاراس حسۆ
شاری هێلانەی دڵان، شاری کۆن، شاری عاموودا باوکی محەممەد، شاری ڕۆشنبیران و نووسەران... ئەمجارە دەچینە شاری هێلانەی دڵان، عاموودێ و پێکەوە لە تەنیشت شوێن و پەیکەری سینەمای سووتاو دادەنیشین و چیرۆکی ئەو چارەنووسە ڕووڕەش و ئازاربەخشە، دەگێڕینەوە.
ڕۆژی ١٣ی نوامبر، لە شەوێکی ساردی زستانی ساڵی ١٩٦٠دا، کاتژمێر ٧ی ئێوارە، لە شاری عاموودێی ڕۆژاوای کوردستان، ڕووداوێکی سووتێنەر، خەمناک و دڵتەزێن ڕوویدا. لەو شەوەدا قسەی هەمووان ئەوە بوو: "سینەما سووتا." "منداڵەکان سووتان." جارێکی تر ئاگریان خستە دڵی دایکانەوە، جارێکی تر دوژمن دڕندەیی خۆی بەرامبەر گەلی کورد نیشان دایەوە. ئەمجارە ئامانج، قڕکردنی نەوەیەک لە کوردان بوو.
لە سەردەمی شۆڕشی جەزائیر لە دژی فەرەنسییەکان کە لە ساڵی ١٩٥٤ دەستی پێ کرد، لە ڕۆژاوای کوردستان، کارگێڕانی ڕێژیمی بەعس لە شاری عاموودێ، بەپێی بڕیاری حکوومەتی سووریا، سەرجەم قوتابییانی قۆناغی سەرەتاییان ناچار کرد بچنە سینەما، تاکوو سەیری فیلمێک بکەن بە ناوی "بکوژی نیوەشەو". داوا لە منداڵانی دوو قوتابخانەی عاموودێ کرا کە هەریەکەیان ٢٥ قرووشان لەگەڵ خۆیان بهێنن بۆ بینینی فیلمەکە لە سینەمای شەهرەزار، هەروەها ئەو پارەیە وەک هاوکارییەک بۆ شۆڕشی جەزائیر بنێرن.
سینەماکە تەنیا بۆ ٢٠٠ کەس جێی هەبوو، بەڵام نزیکەی ٥٠٠ منداڵیان تێدا کۆ کردەوە. فیلمەکە دەستی پێ کرد و دەرگاکە داخرا، دوای ساتێک بێدەنگی سینەماکە گڕی گرت، کاتێک منداڵەکان ئاگرەکەیان بینی، یەکسەر بەرەو دەرگاکە هەڵاتن، بەڵام بەداخەوە دەرگای سینەماکە داخرابوو، منداڵەکان بە ئاخ و ناڵە لە ئاگردا سووتان.
لە ئەنجامی ئەو ئاگرەدا نزیکەی ٢٨٤ منداڵ بوونە قوربانی، لەنێویاندا محەممەد سەعید دەقۆری هەبوو کە دەیان منداڵی لە ئاگرەکە ڕزگار کرد. پاڵەوانی ئەو ڕۆژە، محەممەد سەعید دەقۆری، کاتێک بەرەو دەرگای سینەماکە هەڵدێت تاکوو ئەو منداڵانە ڕزگار بکات، کارمەندی بەر دەرگاکە پێی گوت: "مەچۆ ژوورەوە، منداڵەکانت لەوێ نین. محەممەد دەقۆری لە وڵامدا گوتی: "هەموو منداڵانی کورد، منداڵی منن." دوای ئەوەی ئەو شەوە دەیان منداڵی لە ئاگرەکە ڕزگار کرد، ستوونی سینەماکە بەسەریدا ڕووخا و گیانی لەدەست دا. محەممەد سەعید ئاغا دەقۆری بەو قسانەی خۆی، ناوی خۆی وەک پاڵەوانێک لە مێژووی وەبیرهێنانەوەی ئاگری عاموودێدا تۆمار کرد. ئەو دوای ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، بە عاموودا باوکی محەممەد ناسراوە.
لەسەر ئەم ڕووداوە خەمناکە، دەیان بەرهەم، لەوانە کتێب، شیعر، گوتار و دۆکیۆمێنتاری نووسراون کە یەکێکیان لە نووسینی مەلە ئەحمەد نامییە. سەیدایێ نامیش لە سەرەتای کتێبەکەیدا بە ناوی سووتانی سینەمای عاموودێ دەڵێت: "یەکێک لەو ئامانجانەی کە ویستم ئەم بەرهەمە بنووسم، ئەوە بوو کە نەهێڵم ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە لەبیر بکرێت. چەندین کارەسات و کۆمەڵکوژیی پڕ لە ئازار لە کوردستان ڕوویداوە، بەڵام بەداخەوە کەس نەینووسیوە و بە دێکۆمێنت نەکراوە، بۆیە کاتیان بەسەردا تێپەڕیوە و لەبیر کراون."
ئهم بەرههمه وێڕای ئەوەی وهک بهڵگهیهکی مێژوویی دەناسرێت، به شێوهیهکی ئهدهبی و پەخشانیش نووسراوه.
سەیدایێ نامی لەسەر ئەم کتێبەی دەڵێت:
"دوای سووتانی سینەمای عاموودێ، من هەموو بەیانییەک لە قامیشلۆوە دەچوومە عاموودێ تا بتوانم زانیارییەکانی ڕووداوەکە پشتڕاست بکەمەوە. کە هاتمە عاموودێ، کوڕێکی گەنجی کوردم بینی کە چاوەکانی لە فرمێسک سوور ببوون. بە دەنگێکی نەرم و نیان گوتی: سەیدا.. ئایا ڕاستە ئەم ڕووداوە بێدەنگ دەبێت و وەک ڕووداوەکانی پێشوو نامێنێت؟ داوا لە کەسانی وەک ئێوە دەکرێت تاکوو دەتوانن لە لاپەڕەکانی کتێبێکدا ئەم ڕووداوە بخەنە بەر چاوی کورد و گەلانی ترەوە."
ئەم قسەیە لە گوێی سەیدای نامیدا زەنگێکی لێ دا و وای لێ کرد داتای ئەم ڕووداوە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە لە ساڵی ١٩٦٠، دوای سووتانی سینەماکە کۆ بکاتەوە و کتێبێکی لەو شێوەیە بنووسێت. لە ساڵی ١٩٦١دا کتێبەکەی بە کوردی و بە پیتی عەرەبی تەواو کرد. ساڵی ١٩٨٧ لەلایەن مەلە ئەحمەد نامییەوە ئەلفوبێکەی بۆ کوردیی-لاتینی گۆڕدرا.
سەرەڕای ئەم کتێبە و بەڵگەنامەکان و داتاکان، هێشتا هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە سینەمای عاموودێ ڕوون نییە و تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی نەکراوە. زۆربەی توێژینەوە ناوخۆییەکان ئاشکرای دەکەن کە ڕێژیمی بەعسی سووریا دەستی لەو تاوانەدا هەیە. ئهم ڕۆژه ڕهشه ههمیشه وهک برینێکی له یادهوەریی خهڵکی عاموودێ و نهتهوهی کورددا دەمێنێتەوە.
سەرچاوەکان:
- گۆڤاری پێنووسا زمان، لەبارەی شاری عاموودێ.
- کتێبی سینەمای کوردی، مێژویی سینەمای عاموودێ.