"گوندی هاودیان" شوێنی پێکەوە ژیانی ئایینە جیاوازەکان


 

سیپان سۆفیزادە

 

"گوندی هاودیان" سەربە ناحیەی "دیانا" لە سنووری قەزای ناوەندی سۆران، دەکەوێتە دامێنی زنجیرەچیاکانی "برادۆست". هاودیان، گوندێکی جوان و سەرنجڕاکێشی ناوچەکەیە و خاوەن مێژوویەکی دێرینە و چەند شوێنەوارێکی مێژووییی تێدایە. دانیشتووانەکەی موسڵمان و مەسیحی(کریستیان)ن.

پێکەوە ژیانی ئاینی جیاواز لە گوندی هاودیان

موسڵمان و مەسیحییانی گوندی هاودیانی سەربە قەزای سۆران، نزیکەی "١٠٠" ساڵە بە ئاشتی و ئارامی پێکەوە دەژین و وێڕای ئەوەی کە خاچ و منارەی کەنیسە و مزگەوتی هەردووکیان هاوشانی یەکترین، لەهەمان کاتیشدا موسڵمان و مەسیحییەکانی ئەو گوندە بەردەوام بەشداریی شین و شایی و بۆنەکانی یەکتری دەکەن. سێ که‌نیسه‌ى گه‌وره‌ى کریستییانەکان لەو گوندەدا هه‌یه‌ و مه‌ڕاسیمى ئاینیی خۆیانی تێدا بەڕێوە دەبەن. لەم گوندە کریستیانه‌کان بۆ دروستکردنى مزگه‌وت زه‌ویی خۆیان ده‌به‌خشن بە موسڵمانەکان، ئه‌مەش ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کى جوانە له‌سه‌ر پێکه‌وه‌ ژیان له‌و گونده‌دا. نزیکەی سەدەیەکە گوندی هاودیان مسوڵمان و مەسیحییەکانی لە ئامێز گرتووە.

دانیشتووانی گوندی هاودیان

ژمارەی دانیشتوانی گوندی هاودیان نزیکەی "٧٥٠" ماڵێک دەبێت، کە هەندێکیان خەڵکی هاودیانن و لە عەشیرەتی "باڵەکین"، بەشێکی کەمیشیان لە عەشیرەتەکانی ترن.

نزیکەی "١٠ بۆ ١١" ماڵی مەسیحییەکان لە ساڵانی "١٩١٧" بۆ "١٩١٩" بەریتانیا هێنانی بۆ گوندی هاودیان و شوێنەکانی تری کوردستان ئەوەش دوای ڕاوەدوونانیان لە هەکاری.

هەروەها بەشێکی تری مەسیحییەکان لە ساڵى "١٩٢٧" له‌ ناوچه‌کانى خوارووى عێراق هاتوونه‌ته‌ دیانا و گوندی هاودیانى سنوورى سۆران و لەو ناوچەیە نیشتەجێ بوون. واتا لە گوندی هاودیان ژمارەی مەسیحییەکان نزیکەی "٥٠" ماڵ دەبێت، بەڵام بە گشتی لە سنووری سۆران و دیانا و هاودیان و بارزان ژمارەی مەسیحییەکان نزیکەی "٣٠٠" ماڵ و "١٠٠٠" کەس دەبێت.

پیشه‌ى سه‌ره‌کیی خەڵکی گوندی هاودیان فه‌رمانبه‌رىی داموده‌زگاکانە و مووچه‌ خۆرى حکوومه‌تى هه‌رێمی کوردستانن. به‌شێکیشیان دووکاندارن و خه‌ریکى کاسبین. لە دووکان و بازاڕدا موسڵمان و مەسیحییەکان بە یەکەوە مامەڵەی کڕین  و فرۆشتن دەکەن، واتا به‌هۆى تێکەڵاوى و نزیکییان له‌ یه‌کتر موسڵمان و کریستییانه‌کان به‌یه‌که‌وه‌ کارى بازرگانى و دووکاندارى و زۆر پیشه‌ى تر، به‌ شه‌ریکى ئه‌نجام ده‌ده‌ن و بە هیچ شێوەیەک جیاوازیی ئایینى به‌دی ناکرێت و جوانترین ژیان پێکه‌وه‌ ده‌گوزه‌رێنن که‌ له‌ دنیادا وێنه‌ى نییه‌.

 

شوێنەوارە مێژووییەکانی گوندی هاودیان

گوندی هاودیان خاوەن مێژوویەکی کۆن و دێرینە. بەهۆی بوونی چەند شوێنەوارێکی مێژوویی لە ساڵی "١٩٦١" بەڕێوبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار، گوندی هاودیانی بە شوێنێکی مێژوویی ناو بردووە و چەند شوێنێکی لە گوندەکەدا دیاری کردووە کە هەر لە کۆنەوە بوونیان هەبووە و وەک شوێنەوار ناسراون. گرینگترین شوێنەوارە مێژوویەکانی گوندی هاودیان بریتین لە:

 

یەکەم: ئەشکەوتەکانی هاودیان

ئەمانە چەندین شوێنی مێژوویین کەوا بەشێکی زۆریان بە ئەشکەوت ناوبراون، گرنگترین ئەشکەوتەکان بریتیین لە ئەشکەوتەکانی "بابەخاڵ، مام وەیسی، دیان و بەستون، حەسەن ئاغا، حەمەدە کۆر و ...". چەندین ئەشکەوت و شوێنەواری دیکەش لە ناوچەکەدا هەن.

دووەم: گردی دبۆرا

گردێکی مێژووییە کە چەندین شوێنەواری لێیە بەڵام تەنها شوێنەکانیان ماوە و بەداخەوە وەکو بینا هیچ شتێک بەرچاوناکەوێت. ئەم گردە بە "گرد دبورە" ناو براوە، ئێستا بە"گردە قەڵات" ناسراوە. لەم ساڵانەی ڕابردوودا چەندین پارچەی شوێنەواری وەک شمشێر و تیر و ڕمی لێ دۆزرایەوە، ئەمەش وای دەرخست کەوا ئەم شوێنە، شوێنی دروستکردنی "چەک" بووبێت واتە کارگە یان کوورە بووبێت.

سێیەم: قەڵاتی بەردەپانا

ئەمەش بە "قەڵات بردەبان" ناو براوە و دەکەوێتە گوندی هاودیانەوە. لەم ساڵانەی دواییدا لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کراوە، شوێن و دیواری قەڵایەکە دەرکەوتووە، کەوا ئەم قەڵایە چەند قوولەیەکی هەبوو، بەڵام هیچ زانیارییەکی تر لەسەر ئەم شوێنە ئاشکرا نەکراوە.

چوارەم: قەڵای میرکەلۆس

قەڵای میرکەلۆس قەڵای میرنشنی "سۆران"ە، لە سەردەمی عوسمانییەکان لە سەرەتای سەدەی "١٤"ی زایینی دروست کراوە. یەکەم کەس کە فەرمانڕەوای ئەم قەڵایەی کردووە "میر عیسای کوڕی کەلۆس بەگ" بووە. میرنشنی سۆران ئەم قەڵایەیان بۆ پارێزگاریکردن لە میرنشینەکە درووست کردووە.

KURDŞOP
911 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!