کوردستانی کۆن (نائیری- ئورارتوو، مانییەکان و کاردۆخییەکان)

لە دوو بابەتی پێشوودا ئاوڕێکی کورتمان لە "سوئییەکان، لۆلۆبییەکان، گۆتییەکان، کاشییەکان، خورییەکان و میتانییەکان" دایەوە؛ ئەمجار و لەم بابەتەدا دەپەرژێینە سەر "نائیری- ئورارتوو، مانییەکان و کاردۆخییەکان."


 

- ڕۆژ قادری

 

٧- نائیری- ئورارتوو: یەکەمین ئاماژە بە ئورارتووەکان لە تابلۆیەکی ئاشووریدا هاتووە و بۆ سەدەی سێزدەهەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە. بەو پێیە، ئورارتووەکان لە نیوەی یەکەمی هەزارەی یەکەمی پێش زایین یەکێک بوون لە گەورەترین زلهێزەکانی میزۆپۆتامیا. هەروەها کۆمەڵێک بوون کە کشتوکاڵیان کردووە و ئاژەڵیان بەخێو کردووە و بڕۆنزیان بۆ پیشەسازی بەکار هێناوە.

"نائیری"ش لەلایەن ئاشوورییەکانەوە بەکار هێنراوە و بەو ناوچە بەرزانەی باکووریان گوتووە کە کەوتبوونە نێوان هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات لەبەری باشووری دەریاچەی وان. لە دیارترین پادشاکانیشیان "ساردوری یەکەم" بووە (٨٣٢- ٨٢٥ی پ.ز) کە هاوچەرخی پادشای ئاشووری "شەلمانسەری سێیەم" بوو. پاشان کوڕەکەی (ئاشبوینی) شوێنی گرتەوە کە لەنێوان ساڵانی ٨١٤- ٨٠٦ی پێش زاییندا فەرمانڕەوایەتیی کردووە و لە دەربەندی کێلەشین چەند بەڵگەنامەیەکی بۆ بەجێ هێشتووین. پاشان کوڕەکەی (مینەوا) شوێنی گرتەوە، تا دواجار لە ئەنجامی شاڵاوێکی "سەرجۆن"ی ئاشووری لە ساڵی ٧١٤ی پێش زاییندا بەشێکی دەوڵەتەکەی داگیر کرا. بەشەکەی تریش لەلایەن "سکیس و کمیرییەکان" لە سەدەی حەوتەمی پێش زایین داگیر کرا.

 

٨- مانییەکان: "ماننا" بەناوبانگترین هەرێمی "ئورارتوو" بوو کە کەوتبووە باشووری دەریاچەی ورمێ. یەکەمین ئاماژەش بە مانییەکان لەلایەن ئاشوورییەکانەوە بۆ ساڵی ٨٤٣ی پێش زایین دەگەڕێتەوە. لە تۆمارێکیشدا کە بۆ ساڵانی ٦٦٥- ٦٥٩ی پێش زایین دەگەڕێتەوە، باس لەوە کراوە کە بەهۆی زیادکردنی باج لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لەلایەن پادشای مانییەکان بە ناوی "ئاخشیری"، ڕاپەڕینێکی جەماوەری ئەنجام دراوە. تێیدا جەماوەری ڕاپەڕیو توانیویانە پادشاکەیان (ئاخشیری) بکوژن و کوڕەکەشی (ئاولێلی) لە دەسەڵات دوور بخەنەوە و بەناچاری بۆ لای ئاشوورییەکان ڕابکات.

دواجار بۆ دوورخستنەوەی پیلان و شاڵاوی ئاشوورییەکان ناچار بوون پەنا بۆ مادەکان ببەن، تا دواجارلە ساڵی ٦١٥ی پ.ز چوونە ژێر دەسەڵاتیان. تەنانەت هەندێک مێژوونووس وای بۆ دەچن کە دەوڵەتی ماننا بنەمای دەوڵەتی مادی داڕشتبێت.

سەبارەت بە لایەنی شارستانییەتی ئەم دەوڵەت و کۆمەڵەش ئەوەندە زانراوە کە لە ڕووی ئابوورییەوە دانەوێڵەیان چاندووە و ئاژەڵیان بەخێو کردووە؛  هەروەها لە پیشەسازیی سووکدا شارەزا بوون. لە بواری هونەریشدا دەستڕەنگین بوون کە پاشماوە دۆزراوەکانی سەقز و زێویەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵگەی ڕاستییەکانن.

 

٩- کاردۆخییەکان (کۆردۆئێنە): کاردۆخییەکان نیشتەجێی باشووری ڕووباری "بوتان سوو"ی باکووری کوردستان بوون. یەکەمین ئاماژەش بەم کۆمەڵە لەلایەن سەرکردەی یۆنانی، "کسینفون"ەوە لە کتێبەکەیدا (ئاناباسیس) بووە. ئەو لەو بەرهەمەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ وڵاتی یۆنان لەگەڵ دە هەزار سواری سوپاکەیدا لە پێش گەیشتنیان بە ناوچەی ئەرمەنستان، ڕووبەڕووی کاردۆخییەکان بوونەتەوە.

زاراوەی "کاردۆخی"ش لە زاراوەی "کردا"ی سۆمەری وەرگیراوە. دواتر زیادەی "خ"ی سۆمەری چووەتە سەر و بووەتە "کرداخ". پاشان زیادەی "وی"ی کۆی یۆنانیی چووەتە سەر و لەسەر زمانی یۆنانییەکان بووە بە "کرداوخوی"، واتە خەڵکانی وڵاتی "کردا".

سەبارەت بە کۆمەڵگەی کاردۆخییەکانیش ئەوەندە زانراوە کە کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵی بوون. خانووەکانیان بە قوڕ و بەرد و دار دروست کردووە. هەروەها بایەخیان بە باخەکانی میوە و ڕەز و ترێ داوە. "کسینفون" لە بەرهەمەکەیدا باسی لەو بەرگرییە کردووە کە کاردۆخییەکان لە بێستان و ماڵەکانیان کردووە و بەرپەرچی سوپاکەی یۆنانیان داوەتەوە.

 

کۆتایی:

کۆنترین زاراوەی تا ئێستا زاراوەی "کورد"ی لێ وەرگیرابێت، زاراوەی "کردا"ی سۆمەرییە کە بە مانای "بەرز"ە. ئەو زاراوەیەش بۆ یەکەم جار لە تۆماری پادشایەکی بنەماڵەی "ئۆری سۆمەری" بە ناوی "سۆشین" (٢٠٣٦- ٢٠٢٨ پ.ز) هاتووە. مەبەستیش لەو زاراوەیە بوونی ژیان و خەڵک بووە لەو ناوچە شاخاوییانەی باکووری سنووری دەسەڵاتی سۆمرییەکان کە بە "میزۆپۆتامیا" ناسرابوو.

سەرچاوەکان:

- میدیا، دیشنەر، د. گۆینتەر، وەرگێڕانی بورهان قانع، بەغداد، ١٩٧٨

- چەردەیەک لە مێژووی کورد، پڕۆفیسۆر د. کەیوان ئازاد ئەنوەر، چاپی یازدەهەم، سلێمانی، ٢٠٢١

 

KURDŞOP
872 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!