قەڵای کەرکووک خاوەن مێژوویەکی دێرین


 

- سیپان سۆفیزادە

 

کوردستان بە شوێنەوارە کۆنەکانیەوە بەناوبانگە و تەنانەت هەر یەک لەم شوێنەوارە کۆنانە بۆخۆیان مێژوویەکن. لەم نێوەدا گرینگترین شوێنەوارەکانی کوردستان ئەوانەن کە مێژوویان بۆ هەزارەها ساڵە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. یەکێک لەو کارە ئەندازەییە تایبەتانەی کوردستان پێوەی بەناوبانگە، دروستکردنی قەڵایە. یەکێکیش لەو قەڵایانەی کوردستان بریتییە لە "قەڵای کەرکووک" کە شوێنەوارێکی گرینگە و خاوەن مێژوویەکی دێرینە و دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری کەرکووکی باشووری کوردستان. مێژووی قەڵای کەرکووک دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی هەزارەی دووەمی پێش زایین.

چەند بیر و ڕایەک هەیە دەربارەی بنیادنانی قەڵای کەرکووک

یەکێک لە ڕایەکان دەربارەی دامەزراندن و بنیادنانی قەڵای کەرکووک ئەوەیە کە یەکێک لە حاکمەکانی هەزارەی دووەمی پێش زایین بە ناوی "شا شیلوا تیشوب" قەڵاکەی بنیاد ناوە و دروستی کردووە. کەچی هەندێک لە مێژووناسانی دیکە دەڵێن ئەو قەڵایە لە سەردەمی شای ئاشوورییەکان بە ناوی "ئاشوور ناسربالی دووەم" لە ساڵانی "٨٥٠ تا ٨٨٤"ی پێش زایین دروست کراوە، کە ئەو کاتە ئەو شایە ئەو قەڵایەی بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی دروست کردووە.

بۆچوونێکی تر ئەوەیە کە قەڵای کەرکووک لە لایەن پاشا "سلۆکسی یەکەم نیکاتور" دروست کراوە کە دامەزرێنەری ئیمپڕاتۆریەتی سلۆکی بووە. ئەم ئیمپراتۆریەتە لە سەر پاشماوەی داڕووخاوی ئیمپڕاتۆریەتی مەقدۆنی دامەزرا کە دامەزرێنەرەکەی ئەسکەندەری گەورە بووە.

پاشا سلۆکس توانی لە ساڵی "٣١٢" پ.ز وڵاتی "بابل" بخاتە ژێر حوکمڕانیی خۆیەوە و شاری سلۆکی لە سەر ڕووباری دیجلە بکاتە پایتەختی ئیمپڕاتۆریەتەکەی. ئەم قەڵایەشی بە مەبەستی "سەربازی و پەرستگای یەهودی و مەسیحی" بونیاد ناوە.

شێوازی دروستکردنی قەڵای کەرکووک

قەڵای کەرکووک لەسەر دیزاینی تەلارسازیی ئاشووری کۆن و لە سەر پانتاییی ١٧٠ دۆنم، لە ناوەڕاستی شاری کەرکووک دروست کراوە. بەرزیی ئەم قەڵایە ١٣٠ پێ واتە نزیکەی ٤٤ مەترە. قەڵای کەرکووک ٧٢  تاوەری بۆ دروست کراوە لەگەڵ بوونی ٣٢ ڕێگەی جۆراوجۆر بۆ چوونە ناو قەڵاکەوە. گرنگترین بەشی ئەو قەڵایە بریتی بوو لە بەشی "خۆرئاوا" کە بە "شاتر" ناسراوە و گڵکۆی نێردراوی خودا "دانیالی نەبی"ی لێیە.

 قەڵای کەرکووک "٤" دەرگای سەرەکیی ھەیە کە دووانیان دەکەونە بەشی ڕۆژھەڵات و دووانەکەی دیکە دەکەونە بەشی ڕۆژئاوا. دەرگای یەکەمی بە دەرگای "تۆپ" ناسراوە کە لە دەرگا سەرەکییەکانی قەڵاکەیە و دەکەوێتە بەرانبەر ڕووباری "خاسە" و لە ساڵی "١٨٢٠" لەلایەن والیی مووسڵەوە دروست کراوە. ئێستا تەنها ئەو دەرگایە وەک خۆی ماوە و پارێزگاریی لە شێوازەکەی کراوە و نزیکەی ١٥٠ ساڵە دەستکاری نەکراوە.

بەها و گرینگیی قەڵای کەرکووک

"١٩ی نیسانی ساڵی ٢٠٢١" بەڕێوەبەرایەتیی بەشی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە دەستەی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری عێراق، بە هاوکاریی ڕێکخراوی یونسکۆ قەڵای کەرکووکیان خستە لیستی کاتیی شوێنەوارەکانی جیھانەوە. ئەمەش بەھۆی گرنگیی قەڵاکەوەیە لەڕووی ئەو فرە کەلتوورییەی تێیدایە لەوانە مزگەوتی "پێغەمبەر دانیال، مزگەوتی گەورە و مزگەوتی عوریان، ھەروەھا بوونی کلێسای کلدانی ئوم  ئەحزان". ھەروەھا قەڵای کەرکووک چەند یەکەیەک لەخۆ دەگرێت لەوانە "بازاڕی قەیسەری" و "گومەزی سەوز" (کە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی ئەتابەگی لە ساڵی "٧٥٢"ی کۆچی)، لەگەڵ ژمارەیەک خانووی کەلتووری.

لە کۆتایی "٨٠" و سەرەتای "٩٠"ی سەدەی ڕابردوو لەکاتی نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە، شوێنەواری ١٧ بازاڕ و دووکانی کۆن لە ناوچەکە دۆزرانەتەوە و بە یەکێک لە کۆنترین شوێنەوارەکانی عێراق دانراوە.

ئەم قەڵایە گۆڕی بەشێک لەو سەربازانەی تێدایە کە سەربازی دەوڵەتی "عوسمانی" بوون و لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا کوژراون.

قەڵای کەرکووک بەهایەکی جیهانیی گرنگی لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە هەیە. هەروەها لەسەر پێوەرە دەگمەنەکانی ڕۆشنبیری و شارستانیەتی زیندوو، ئەو قەڵایە بە مێژوویەکی گرینگ دادەنرێت؛ چونکە لەڕووی جۆری بنیاتنان و ئەندازەییەوە نموونەیەکی باڵایە و دەرخەری قۆناغێکی گرینگە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

KURDŞOP
588 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!