قەڵای مێژووییی زێویە لە سەقز

ئاسۆ ئەسعەدی

 

قەڵای مێژووییی زێویە كه‌ مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ سێ هه‌زار و پێنجسەد ساڵ له‌مه‌و پێش، ده‌كه‌وێته‌ ٥٥ کیلۆمه‌تریی باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سەقز و لە باکووری گوندی زێویە و لەسەر گردێک ھەڵکەوتووە.

قەڵای زێویە یەکێک لە بەنرخترین ئاسەوارەکانی کوردستانە کە بە مێژوویەکی نزیک بە ٧٠٠ ساڵ پێش زایین لە ناوچەی زێویەی سەر بە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە پاش هەڵکۆڵینەوە شوێنەوارییەکان لە نێودڵی تەپۆڵکەیەک سەری دەرهێناوە.

ڕووبەری قەڵاکە، پتر لە ١٦ دۆنمە و بەرزاییەکەی لە ئاستی زەوییەکانی دەوری خۆی نزیک بە ١١٠ مەتر دەبێت.  دیارە کە بە مەبەستی چاوەدێریکردن بەسەر ناوچەکە، ئەو شوێنە ستراتیژیکە بۆ دروستکردنی قەڵاکە هەڵبژێردراوە. هەر ئەم بەرزییە بووەتە هۆی ئەوەی قەڵاکە بتوانێت بە چواردەوری خۆیدا بڕوانێت و ئاگاداری ناوچەکە بێت و لە هەمان کاتیشدا دیمەنێکی دڵڕفێنی هەبێت.

ئەم قەڵایە لە چەند هۆڵ و حەوشە و ژووری ناوبەناویی دوو نهۆمی، کۆگای دانەوێڵە و دەروازەی قەڵا پێک هاتووە.

دەروازەی سەرەکیی قەڵاکە دەکەوێتە لای ڕۆژهەڵات کە بیست‌ویەک پلیکانەی بەردچنی هەیە، هەروەها دوو دەروازەی دیکەیش کە دەکەونە باکوور و باشووری قەڵاکە.

بینای قەڵاکە سێ نهۆمە، نهۆمی یەکەم کە تا ئێستەش بەشێک لە دیوارەکەی ماوەتەوە بە ئەگەری زۆر پەرستگە بووە، نهۆمی دووهەم کە ژوورەکانی بە ڕەنگی شین و سوور و ڕەش نەخشێندراوە و ئەو نهۆمە لەوانی تر جیاوازتر دەکات،  تیروکەوانی تێدا دۆزراوەتەوە و وادیارە شوێنی هێزی سەربازی بووە و نهۆمی سێهەمیش کە لەبەر ڕۆژانی تەنگەبەری و گەمارۆدان کۆگای دانەوێڵەی تێدا بووە، شوێنی فەرمانڕەوا بووە.

هەروەها بیرێکی ئاو لە حەوشەی قەڵاکەدا بووە کە ئاوی بارانی تێدا کۆ بووەتەوە تا پێداویستیی ئاوی دانیشتووان دابین بکات. بە بۆڕی ئاویان لە کانیاوەکانی دەوروبەر بۆ نێو قەڵا ڕاگواستووە و ئاوەڕۆی قەڵاکەش دابین کراوە کە لەو سەردەمەدا نایاب بووە.

دۆزینەوەی کۆشکەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٧ی زایینی، کاتێک کە بەهۆی باران و لافاوەوە بەشێک لە قەڵاکە دەڕووخێت و ئاسەوار و کەلوپەلە کۆنەکان دەردەکەوێت و منداڵێکی شوانکارە بە هەڵکەوت دەیبینێت. پاشان کەسێکی جوولەکە بە ناوی "ئەیووب ڕەبنۆ" ئیزنی دەرھێنان و گەڕان بە دوای ئاسەوارەکانی ئەم قەڵایە لە خانی گوند و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی پاشایەتی وەردەگرێت و لە ماوەی ٨ ساڵدا بەردەوام قەڵاکە و زەوییەکانی دەوروبەری و زیاتر لە ٨٠ لەسەدی تەپۆڵکەکە بەگشتی هەڵدەکۆڵێت.

زۆر بەداخەوە کە پاش ئەم ٨ ساڵە ئەیووب و دەستوپێوەندییەکانی خەسارێکی قەرەبوونەکراویان بە قەڵاکە گەیاند و ئاسەوارێکی زۆری بێوێنەی مێژووییان، لەوانە "کۆمەڵێک گەنجینەی بێهاوتا لەنێو دارەمەیتێکی بڕۆنزیدا" کە شاکارێکی مێژووییە دۆزییەوە و بە مۆزەخانە بەناوبانگەکانی جیهانیان فرۆشت.

زۆربەی ئەم ئاسەوارە مێژووییانە لە ئێستادا، لە مۆزەخانە و گەلەرییە تایبەتەکانی جیهان وەکوو، مۆزەخانەی لۆڤەری پاریس، مۆزەخانەی لەندەن، مۆزەخانەی ئارمیتاژی لێنینگراد و هەروەها مۆزەخانەکانی وڵاتانی ئەمریکا و ئیسرائیل و دەیان وڵاتی دیکەی جیهان لەبەرچاوی گەشتیاراندایە.

تەنیا بەشێکی کەمیشی لەوانە لە مۆزەخانەی نەتەوەیی ئێران لە تاراندایە.
لە درێژەی ئەم لێکۆڵینەوانەدا لە ساڵی ١٩٧٥ تا ١٩٩٤ی زایینی هەڵکۆڵینی زانستیی شوێنەوارناسی لە زێویە ئەنجام درا کە لە ئاکامدا ئاسەواری قەڵایەکی سەربازی، کۆشکێکی حکوومەتی و هۆڵێک کە ١٦ کۆڵەکەی گەورەی تێدا بوو و هەروەها کۆمەڵە پارچەیەکی زێڕ و زیو لەژێر خۆڵ دۆزرایەوە.

قەڵای زێویە موڵکی مانناییەکان بووە، هەروا کە یەکەم جار ناوی زێویە لە ساڵنامەی ئاشووری و لە کاتی دەسەڵاتداریی سارگێنی دووهەمدا لە کاتی هێرشکردنە سەر قەڵاکە تۆمار کراوە.

سارگێنی دووهەم پاش ھێرشکردن بۆ سەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی مانناییەکان و لە دوای ئەوەی پێتەختی ماننای داگیر کرد و پاشاکەیانی بە ناوی "ئیرانزوو" بەزاند، دوو قەڵای گرینگی ناوەندی ھەرێمی ماننای بە ناوی "زیپیە یا ئیزیپییە کە دەبێت هەر ئەم قەڵای زێویە بێت" و "ئارمائیت کە لە هەنووکەدا گوندی قەپڵانتووە"، داگیر کرد.

لە دوای مانناکان قەڵای زێویە بۆ سەدان ساڵ پێتەختی مادەکان و سەکاکان بووە.

زۆربەی لێکۆڵەران لەسەر ئەو باوەڕەن قەڵای زێویە، قەڵایەکی گرینگ و حکوومەتی بووە. هەر لەم بوارەدا پڕۆفیسۆر "گیرتنێس"، لێکۆڵەر و ئاسەوارناسی بەناوبانگی فەڕانسی و نووسەری پەرتووکی "ھونەری ئێران لە سەردەمی ماد و ھەخامەنەشی"، پێی وایە قەڵای زێویە، قەڵایەکی حوکمڕانی بووە، هەروەها ناوبراو ھەموو ئەو ئاسەوارە مێژوویی و بەنرخ و بێهاوتایانەی لەم قەڵایەدا دۆزراونەتەوە بە میراتی پاشای سەکایی دەزانێت کە لەگەڵ خۆیدا لە گۆڕ نراون.

زۆر بەداخەوە لە ساڵانی ڕابڕدوودا ئاگاداری و پاراستنی پێویست لە قەڵای زێویەی سەقز نەکراوە و ئەم کۆشکە مێژووییە سەرنجڕاکێشە بەرەو لەنێوچوونی یەکجاری دەڕوات، چالاکیی شوێنەوارناسی بە تەواوی لەوێدا ڕاگیراوە.

شایانی باسە کە کۆمەڵێک لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەگەر لێکۆڵینەوەی زانستی و ورد لەسەر ئەم تەپۆڵکەیە بکرێت، ئەوە مێژووی شارستانییەتی سەقز، دەتوانێت تا شەش تا حەوت هەزار ساڵ بەرز بێتەوە، بەڵام ئەو گەڵاڵەیە پێویستی بە بودجەیەکی زۆر هەیە بەڵام تا ئێستا لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە گرینگیی پێ نەدراوە.  

KURDŞOP
452 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!