قوبەهان؛ زانکۆیەکی 800 ساڵە لە کوردستان


 

-سیپان سۆفیزادە

 

قوتابخانەی "قوبەهان" یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی هەرێمی کوردستان و دەکەوێتە سنووری قەزای ئامێدی لە بەشی باشووری هاوینەهەواری سۆلاڤ لە سنوورى پارێزگاى دهۆکی ناوچەی بادینان و لە ناو باخچە و دار و درختێکی چڕدا هەڵڪەوتـووە. قوبەهان مەدرەسەیەکی ئایینی و زانـستیی ئیسلام بووە کە ئاستێکی بەرز و پێشکەوتووی لە زانست و زانیاریدا هەبووە و چەندان زانا و مەلا، بڕوانامەیان لێی وەرگرتووە.

مێژووی قوتابخانەی قوبەهان

مێژووی ئەم قوتابخانەیە دەگەڕێتەوە بۆسەدەی شازدەهەم واتە ساڵانی "١٥٣٤ بۆ ١٥٧٦"ی زایینی و بە دیاریکراوی لە سەردەمی "میر حسێن وەلی"، میری میرنشینی بادینان و بە فەرمانی ئەو میرە دروست کراوە. ئەم قوتابخانەیە وەک ناوەندێکی ئایینی و فێرکاری بۆ فێرکردنی زانستەکانی "ئایین، فەلسەفە و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان" بەکارهاتووە و قوتابییان وانەی "ئایینی و زانستی و مرۆییان" تێدا خوێندووە. مەیدانی قوتابخانەکە و پلیکانە پێچاوپێچەکانی و پایە مەزن و نووسینە هەڵکەندراوەکانی سەر بەردەکان، گەواهیدەری مێژووی گرنگن نەک تەنها بۆ ئامێدی بەڵکوو بۆ تەواوی کوردستان. بەڵام لە ئێستادا بەشی زۆری قوتابخانەکە ڕووخاوە و داڕمان و وێرانبوونیشی بەردەوامە.

شێوەی بیناسازیی قوتابخانەی قوبەهان

ئەم قوتابخانەیە لە ڕووی بیناسازییەوە زۆر بە شێوازێکی هەندەسی دروست کراوە و دەستڕەنگینیی زۆری پێوە دیارە. یناکە چەندین قەوس و تاقی تێدایە لەگەڵ نووسینی بەشێوەی بەرز لەسەر دیواری مەدرەسەکە. پانىی خوێندنگەى قوبەهان ٢٥.٣٠ مەتر و درێژییەکەى دەگاتە  ٢٨ مەتر. لە ڕۆژئاواى تەلارى خوێندنگەکە بەرزییەکەى دەگاتە ٣.٨٠ مەتر و فراوانىی دەرگەى ٢.٨٠ مەترە. قوتابخانەکە لە بەردى کلس دروست کراوە و قوبەکانیش لە بەردى حەلانى سوور دروست کراون، هەروەها ئاوى سۆلاڤ سەرچاوەى ئاوى خوێندنگەکە بووە.

خوێندنگەى قوبەهان لە پێنج بەشى سەرەکى پێک هاتووە. بەشێکى بۆ "قوتابییان" تەرخان کراوە، بەشێک یان دوو بەشى بۆ شوێنى پشوودان و مانەوەى "مامۆستایان"، بەشێک بۆ ئامادەکردنى "خواردن و خواردنەوە" و شوێنى "دەست شوشتن" و بەشەکەى دیکەى "مزگەوت" و شوێنى نوێژکردن بووە.

لەنێو قوتابخانەکەدا ٦ بۆ ٧ ژووری خەوتن هەبووە. بەشێک لە قوتابییەکان لەوێ دەمانەوە، خەڵکی ئامێدییش خۆراک و تەواوی پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکردن، مامۆستای قوتابخانەکە مووچەی نەبووە، بەڵام خەڵک هێندێک گەنمی پێ دەدا تاکو پێی بژی.

گرینگیی قوتابخانەی قوبەهان لە سەردەمی خۆیدا

پێش سەدان ساڵ لە ئامێدى ئەم قوتابخانەیە هەبووە کە بە خوێندنگەى قوبەهان ناسراوە. نزیکەى ٢ هەزار دەستنووس لەو خوێندنگەیەدا پارێزراو بوون، بەڵام پێش نزیکەى سەدەیەک زۆربەی دەستنووسەکان ون بوون، جگە لە ٤٠٠ بۆ ٤٥٠ دەستنووس کە ئێستا لە بەغدا هەڵگیراون.

خوێندنگەی قوبەهانى ئامێدى لە کاتی خۆیدا بۆ هەموو کوردستان سەرچاوەى دەستکەوتنى زانست و زانین بووە، هەزاران بڕوانامە لەو خوێندنگەیە بەخشراون، بەڵام ئێستا تەنیا شوێنەوارەکەى ماوەتەوە. خوێندکاران لە هەموو ناوچەکانی کوردستانەوە لەم خوێندنگەیە وانەیان خوێندووە و هەزاران مەلا و رۆشنبیر و هەڵبەستڤان و کەسایەتى ناسراوى کوردستان لەو خوێندنگەیەدا خوێندوویانە هەر بۆیە هێندێک کەس ئەم خوێندنگەیە بە زانکۆی قوبەهان ناو دەبەن.

مێژوونووسان و شارەزایانى مێژوویى دووپاتی دەکەنەوە، بە درێژایى ٨٠٠ ساڵ، خوێندن لە خوێندنگەى قوبەهان بەردەوام بووە. لەسەردەمى "سوڵتان حسێن" دروست کراوە و لە سەردەمی "سوڵتان حەسەن" نۆژەن کراوەتەوە.

لەو خوێندنگەیەدا زانستەکانى "کەلام، نەحو، مەنتق، بەیان، بەدیع، مەعانى، سەرف، ئەدەب، هەیئە، ئوسوڵى فیقهە و زانستى تەفسیر" لەگەڵ هەندێک "زانستى پزیشکى و ئەندازیارى، ژمێریارى، فەلسەفە و ئەستێرەناسى" خوێندراون.

خوێندنگەى قوبەهان پەیوەندىی لەگەڵ زانکۆى ئەزهەردا هەبووە، چەندین کەسایەتى و زانا لەناویاندا "ئەبوو سعوود عەمادى، شێخ عەبدولسەلام بەرزنجى، شێخ محەمەد مەغریبى و شێخ غەیاسەدین نەقشبەندى" لە خوێندنگەى قوبەهان خوێندوویانە.

 

ناوی قوتابخانەکە لە چییەوە هاتووە؟

سێ بۆچوون لەبارەى ناوى قوبەهان هەیە، ئەوەى زیاتر دەگوترێت ناوى قوبەهان لەو سێ گومبەز یاخود "قوبە"یەوە هاتووە کە لەسەر مزگەوتى خوێندنگەکە هەبوون، بەڵام هەندێک دەڵێن، ناوى قوبەهان بۆ کوڕى "سوڵتان حوسێن وەلى" دەگەڕێتەوە، چونکە ئەو خوێندنگەیە لە سەردەمى ئەودا نۆژەن کراوەتەوە و سوڵتان حوسێن ناوى کوڕەکەى خۆى خستووەتە سەر خوێندنگەکە. بۆچوونێکى تریش هەیە، کە ناوى قوبەهان بۆ مزگەوتى قوبەهان لە وڵاتى "سعودیە" دەگەڕێنێتەوە.

KURDŞOP
586 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!