کوردستانی کۆن (کاشییەکان، خورییەکان و میتانییەکان)

- ڕۆژ قادری

 

لە بابەتی پێشوودا ئاوڕێکمان لە "سوئییەکان، لۆلۆبییەکان و گۆتییەکان" وەک دانیشتووانی کوردستانی کۆن دایەوە؛ ئەمجار دەپەرژێینە سەر "کاشییەکان، خورییەکان و میتانییەکان".

 

٤- کاشییەکان (کاسییەکان)

کاشییەکان کۆمەڵێکی تری کوردستانی کۆن بوون لە ناوچەی لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ بوون. ناوی کاشییەکانیش لە ناوی خوداوەندەکەیان "کاش" واتە "خۆر" وەرگیراوە کە لای بابلییەکان بە "کاششو" ناسرابوو. دەرکەوتنیشیان بۆ هەزارەی دووەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە. ئەوەش بۆ ئاماژەیەکی سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە بەوەی لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانیاندا کاریان کردووە.

سەبارەت بە دەرکەوتنیشیان، بۆ ئەو کات دەگەڕێتەوە کە کۆمەڵی هیند و ئەورووپییەکان، کۆچیان بۆ ناوچەی کاشییەکان کرد. دواتر بەهۆی تێکەڵبوونیان بە کاشییەکان توێژێکی دەوڵەمەندی دەسەڵاتداری "ئۆرۆستوکراتی"یان لێ دروست بوو. ئەوەش یارمەتیی ئەوانی دا دەست بەسەر باشووری مێزۆپۆتامیادا بگرن. لێرەوەش سەردەمی دەسەڵاتی کاشییەکان لەو ناوچەیە بە درێژترین سەردەمی مێژووییی وڵاتی سۆمەرییەکان تۆمار کراوە کە ئاسایشی تێدا بەرقەرار بووبێت.

سەبارەت بە شارستانی کاشییەکانیش ئەوەندە زانراوە بایەخیان بە ئاوادانکردنەوە و گەشەپێدان داوە. هەروەها شاری "کۆریکالزو - عقرقوف"یان لە باکووری خۆراوای شاری بابل بنیات ناوە کە بە ناوی ئەو پادشایەی کاشییەکان ناو نرا کە دروستی کرد. تەنانەت "قەڵای زەقورە" لە باشووری عێراقی ئەمڕۆ بۆ سەردەمی ئەم پادشایە دەگەڕێتەوە. ئەمە و کاشییەکان بایەخیان بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دا و کاروباری باجەکانیان ڕێک خست و دەرامەتی ئابووریی وڵاتەکەیان هەستانەوە. هەروەها بایەخێکی زۆریشیان بە پێشکەوتنی لایەنی ئەدەب و وەرگێڕان دابوو. زمانی کاشیش لقێکی زمانی هیند و ئەورووپایی و زمانی سەردەمی فەرمانڕەوایەتییان بوو. بە تایبەت لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتییان لە وڵاتی سۆمەر و بابل. سەرەڕای زمانی بابلی لە ماوەی ٤٠٠ ساڵی فەرمانڕەوایەتییان، واتە لەنێوان ساڵانی ١٥٩٥ - ١١٦٢ پێش زاییندا کاریان پێ کردووە. ئەمانیش لە ئەنجام هاوپەیمانەتییەکی "ئاشووری- ئیلامی" لە ساڵی ١١٦٢ی پێش زاییندا دواییان هات.

 

٥- خوورییەکان (هوورییەکان)

خوورییەکانیش کۆمەڵە خەڵکانێکی کوردستانی کۆن بوون کە لەنێوان چیاکانی تۆرۆس و دەریاچەی واندا نیشتەجێ بوون. دەرکەوتنی ئەم کۆمەڵەش لە مێژوودا بۆ ناوەڕاستی هەزارەی سێیەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە. ناوی ئەمانیش لە ناوی ئەو خوداوەندەوە وەرگیراوە کە دەیانپەرست. ئەو خوداوەندەش "خۆر" بوو کە ئەمڕۆ بۆ ناوی "خۆڕ" گۆڕیوە. ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە ئەوان کۆمەڵێکی خۆرپەرست بوون.

 

٦- میتانییەکان

میتانییەکان کۆمەڵێکی تری کوردستانی کۆن بوون لەنێوان هەردوو زێی "خاپوور و بەلیخ" نیشتەجێ بوون و شان بە شانی خورییەکانیش دەستیان بە ژیانی ئاسایی خۆیان کرد. بڕواش وایە "براترنا" یەکەمین پادشای میتانی بووبێت کە دەسەڵاتی دەوڵەتەکەی تا حەڵەب و فەلەستین فراوان کرد. لە باشووریشەوە گەیشتە شاری "نوزی" نزیک کەرکووک. دواتر "ساوشتری" توانی لە شاڵاوێکدا بۆ سەر "قادش" لە ساڵی ١٤٤٧ی پێش زاییندا سەرکەوتوو بێت. پاشان پەیماننامەیەکی لەگەڵ میسرییەکان واژۆ کرد. بەپێی ئەو پەیمانەش "ساوشتری یەکەم" کچەکەی خۆی دا بە "ئامینوفسی دووەم"، فیرعەونی میسر. دوای ئەویش "شوترنای دووەم" کچەکەی خۆی بە ناوی "کیلۆخییا" دا بە "ئامینوفسی سێیەم". لەم شازادەیەش "ئامونحەتبی چوارەم" لەدایک بوو کە نازناوی "ئەخناتون"ی لێ نرا و بەهۆیەوە شۆڕشی یەکتاپەرستی بە ناوی "ئەخناتون" سەرکەوت. کۆتایی ئەم دەسەڵاتەش لەسەر دەستی پادشای ئاشووری (شەلمانسەری یەکەم) دوایی هات.

شارستانییەتی میتانییەکانیش گەلێک بواری بە خۆیەوە بینیوە لەوانە کشتوکاڵیان زانیوە. لە پیشەسازیی عەرەبانەی جەنگیشدا سەرکەوتوو بوون. لە بوارەکانی تری هونەر و بیناسازی و پەیکەرسازیدا بەتوانا بوون. سەبارەت بە لایەنی ڕۆحیش ئەمان "میترا"پەرست بوون. واتە خودای خۆر کە ناوی میتانی لێوە وەرگیراوە و بە ناوی خوداوەندەکەیانەوە ناو نراون.

ئەم بابەتە درێژەی هەیە...

سەرچاوەکان:

- میدیا، دیشنەر، د. گۆینتەر، وەرگێڕانی بورهان قانع، بەغداد، ١٩٧٨

- چەردەیەک لە مێژووی کورد، پڕۆفیسۆر د. کەیوان ئازاد ئەنوەر، چاپی یازدەهەم، سلێمانی، ٢٠٢١

 

KURDŞOP
521 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!