کانیی عەینە ڕۆم مێژوویەکی بزر کراو

 

شنۆ ڕەسووڵی

 

کانیی "عەینە ڕۆم" کە لە سەر ڕێگای شنۆ  بۆ ورمێ و ڕاست لە گەلیی قاسملوو ھەڵکەوتووە، ئاوێکی سازگار و سووک و ساردی ھەیە دەستاوێکی باشی لێ دەردەقوڵێ. جێگای حەسانەوەی ڕێبوار و ھاوینە ھەوارێکی کۆنە.

 لە لای ڕاستی کانییەکە بەردەنووسێکی لێ بووکە بە خەتی بزماریی ئورارتۆیی نووسرابوو. ئەم بەردەنووسە کە مێژووەکەی دەگەڕایەوە بۆ ٧٠٠ تا ٨٠٠ ساڵ پێش زایین، بە داخەوە لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا دزرا و لەوێ نەما، بەڵام لەلایەن شوێنەوارناسانی بێگانەوە پێشتر کۆپی کرابوو و خوێندرابووەوە و وەک شوێنەوارێکی دێرین تۆمار کرابوو.

کورتەیەکی ئەو نووسراوەیە بەم شێوەیە بوو: "من ئیشپۆئێنی کوری سادۆر، باوکی کورائازا، شای جیھان، شای گەورە، لەگەڵ ئەو دیارییانەی بۆ پەرستگەی مووساسیر و خواوەندی خالدیم ھێناوە، ئەم کانی و سەرچاوەیەش دەبەخشم بە زیارەتکارانی ئەو پەرستگەیە بۆ ئاو خواردنەوە و حەسانەوەیان و بۆ ھەموو ڕێبواران و بۆ مێگەل و رەوە و گاڕانەکانی خواوەندی خالدی و خوای مووساسیر و...".

نووسراوی کانیی "عەینە ڕۆم" کۆنترین بەردەنووسی ئۆرارتووییە کە بابەتێکی پەیوەندیی بە ئاوەوە هەیە؛ نووسراوێک کە وەک نامەیەک تەرخان کراوە بۆ بەخشینی ئاوی کانیاو بە هەمان ناو بە خەڵکی ناوچەکە و گرینگیی سەرچاوەی ژیان کە مێژوویەکەی بۆ نزیکەی سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

پێش ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی (1978ی زایینی)، ئەم نوسراوە مێژووییە لەلایەن ڤۆڵفران کلیس، شوێنەوارناسێکی بەناوبانگی ئاڵمانی لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و ئەو شوێنەارناسە، ئەم نووسراوەیەی بە هی سەردەمی شانشینیی مەنوا (810-825 پ.ز) زانیوە، کە یەکێکە لە پاشاکانی ئۆرارتوویی.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەم شوێنەوارناسە، "مەنوا" لەم نووسراوەیەدا خۆی وەک پاشای زەویی ئۆرارتوو ناساندووە و لە پەیوەندی لەگەڵ ئەمەدا وشەیەکی بە ناوی "لۆگال" بەکارهێناوە.

بە بڕوای شارەزایان، "لۆگاڵ" لە زمانی سۆمەریی کۆندا وشەیەکە کە لە ڕووی چەمکییەوە بە واتای "لە پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤەکاندا" یان "بۆ بەکارهێنانی مرۆڤەکان" دێت و دەتوانرێت بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە دەقەکە، تێبگەین لەم بەردەنووسەدا بەو شێوەیە لێکدراوەتەوە نامەیەکی تەرخانکردنه کە تێیدا شای ئۆرارتوو، ئاوی ئەم کانییە بەناوی خۆیەوە وەک دیاری پێشکەش بە خەڵکی ناوچەکە ەدکات.

نووسراوی کانیی "عەینە ڕۆم" لە کەناری ڕێگای ورمێ بۆ شنۆ هەڵکەوتووە و بەرزییەکەی نزیکەی ١٥٠ سانتی میترە. ئەم نووسراوەیە لە سەرەوەی بە شێوەی هیلال هەڵکەندراوە کە شێوەی گشتیی نووسراوەکانی سەردەمی ئۆرارتوویه.

هەرچەندە تەنیا چەند پاشماوەیەکی کەم لە هێڵە بزمارییەکانی ئەم نووسراوەیە ماونەتەوە، بەڵام هێشتا دەتوانرێت وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی بۆ گرینگیی ئاو لە سەردەمی ئۆرارتوودا هەژمار بکرێت.

نووسراوی "عەینە ڕۆم" کۆنترین بەڵگەنامەی نووسراوەیە کە لە پارێزگای ورمێ دۆزرابێتەوە.

ئەم نووسراوە مێژووییە بەنرخە لە ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن ڕکخراوی میراتی کەلتووریی ئێرانەوە، لە لیستی شوێنەوارە نیشتمانییەکاندا تۆمار کراوە. بەڵام کاتێک ئەو کارە کرا کە ئەو بەردەنووسراوەیە بەهۆی هەڵەی خەڵک و نەپاراستنیەوە لەنێو چووبوو.

هەتا ئێستا ئەوەی لەو بەردە بە دەستی خەڵک گەیشتووە ئەوەیە کە مێژووی ئەو بەردە وەک بەردی بن گۆمی لێهاتووە و کەس نازانێت ڕاستیی ئەو بەردەنووسراوەیە لەم شوێنە بۆ چی بووە؟

هەندێک لە شوێنەوارناسان دەڵێن کۆپییەکی ئەو نووسراوەیە لە دەستی ئاڵمانییەکاندایە بەڵام جێگای سەرسوڕمانە بۆ خودی بەردەکە هەتا ساغ مابوو نەپارێزرا؟؟

لەبەر ئەوەیکە ئەو مێژوویە بزر بووە و هیچ بەڵگەیەکی فەرمییش لەسەری بڵاو نەکراوەتەوە، ئەگەری هەیە بۆ نەوەکانی داهاتوو ئەو شوێنە تەنیا ناوێکی لێ بمێنێتەوە. تاوانباری ئەسلیی نەمانی ئەو بەردە و ونبوونی ئەو مێژووییە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

ئۆرارتووییەکان دەسەڵاتێک بوون کە گرینگییەکی زۆریان بە ئاو و ئاودێری داوە و سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر، کانیاو، ئەمباراو و بەنداویان دروست کردووە و هەروەها پڕۆژەی ئاودێرییان جێبەجێ کردووە.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گۆڕی پاشاکانی ئورارتوو، هەڵکەندنی گۆڕەکانیان لە دڵی چیا بەردین و ڕەقەکانی ناوچەکەدا بوو کە تا ئێستا ٢٣ دانەیان لە ناوچەی ورمێ دەستنیشان کراون.

 

KURDŞOP
596 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!