شازدەی ئۆکتۆبەر ڕۆژێکی دیار لە مێژووی کورددا

دیاکۆ شاسواری

شازدەی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٧ی زایینی، یەکێک لەو ڕۆژە دیارانەیە کە لە مێژووی کورددا لەبیر ناچێتەوە. لە مێژووی هەر گەلێکدا هێندێک وێستگەی مێژوویی هەن کە بۆ ئەو گەلانە چارەنووسسازن. چارەنووسساز بە واتای ئەوەی ئەو وێستگانە توانیویانە چارەنووسی نەتەوەکان بەرەو باشتر بوون یا بەرەو تێداچوون و خراپتربوون بەرن. مێژووی کورد زۆر وێستگەی مێژووییی وای هەیە کە بە باش یا بە خراپ کاریگەریی قووڵ و جێگای سەرنجیان لەسەر چارەنووسی نەتەوەی کورد هەبووە. بۆ وێنە ئێمە دەتوانین ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی (1945ی زایینی) لە مێژووی کورددا، وەک یەکێک لە بڕگە درەوشاوەکانی مێژووی کورد دەستنیشان بکەین. چون لەو ساڵەدا گەلی کورد کە بە دەیان ساڵ بوو بۆ دەستەبەرکردنی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی خۆی حەولی دەدا، بۆ یەکەم جار توانیی پێکهاتە و کیانێکی سیاسیی دیاریکراو، پێناسەدار و بایەخ تەوەر بۆ گەلی کورد دابمەزرێنن. ئەو کیانە سیاسییە نێوی کۆماری کوردستان بوو و بە سەرۆکایەتیی "پێشەوا قازی محەممەد" و بەهاریکاریی بەشێکی زۆر لە هێزە تێکۆشەرەکانی باشووری کوردستان لە ژێر ڕێبەرایەتیی "مەلا مستەفا بارزانی" خۆی گرت و ناسرا.

بەڵام ئەو مێژووە دیارە، دوایین مێژوو و دوایین ڕێکەوتی کاریگەر لەسەر چارەنووسی کورد نەبووە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە یەکێک لە ڕۆژە دیارەکانە کە دوای ئەو بە دەیان ڕۆژی دیکە و بە دەیان ڕێکەوتی دیکەی کاریگەر لەسەر چارەنووسی نەتەوەی کورد بەدیهاتن و لە مێژووی کورددا تۆمار کران. شازدەی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، یەکێک لە دواهەمین ڕۆژ و ڕێکەوتەکانە کە کۆی دەسکەوتەکانی نەتەوەی کوردی لە سەد ساڵی ڕابردوودا خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. دیارە خەونێک کە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە کۆماری کوردستاندا بۆ نەتەوەی کورد دیترابوو، بە دیهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ لە ژێر ناوی "کۆماری کوردستان" و بەڕێوبەرایەتیی کورد بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد بوو. بەڵام دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان و حەوت دەیە پاش ئەو ڕووداوە، ڕێبەرانی سیاسیی باشووری کوردستان بڕیار دەدەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە دوای  حەفتا ساڵ بتوانن ئەو خەونە گەورەیەی ئەو دەم ڕێبەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ گەلی کوردیان دیبوو، بە شێوەی پراکتیکی و یاسایی وەدی بێنن.

بۆ وەدیهێنانی ئەو خەونە، پێویست بوو گەلی کورد بە گەلانی ناوچە و بە گەلانی داگیرکەری خاکی خۆی بسەلمێنێ کە ئیڕادەیەکی جەماوەری و نەتەوەیی لە ئارادایە، بۆ ئەوەی سنوورە کلتووری و زمانی و ئابووری و سیاسییەکانی خۆیان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە دیاری بکەن و کیانێکی سەربەخۆ بەدی بێنن. بۆ ئەوەی هەموو بیر و ڕای جەهانی لەگەڵ خۆیان هاوکار و هاوڕا بکەن، پەنایان بۆ یەکێک لە میکانیزمە گرینگ و یاسایی و باوەڕپێکراوە نێودەوڵەتییەکان برد کە بریتی بوو لە ڕێفراندۆم یا گشتپرسی. لە گشتپرسییەک کە لە باشووری کوردستان و بۆ سەربەخۆییی خەڵکی کورد بەڕێوە چوو، زۆرینەی ڕەهای نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان، دەنگیان بە سەربەخۆییی هەرێمەکەیان دا و بەو شێوەیە ڕۆژێکی گەش بۆ داهاتوویەکی پڕ لە هیوایان تۆمارکرد.

 بەڵام پاش تۆمارکردنی ئەو بڕیارە نەتەوەییە، هەموو داگیرکەرانی کوردستان و هەموو پێکهاتە سیاسییە داگیرکەرەکان لە باشووری کوردستان، بەرەنگاری ئەو بڕیارە بوونەوە. لە لایەکی دیکەوە وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی کە هەر کام لەوان بۆ خۆیان بەشێکی هەراو لە وڵاتەکەیان پارچەیەک لە پارچەکانی کوردستان بوو، ڕووبەڕووی ئەو بڕیارە گرینگ و چارەنوسسازەی خەڵکی کورد بوونەوە. لەو نێوەدا دەتوانین ئاماژە بە هەموو چالاکی و دژکردەوەکانی وڵاتی تورکیا بکەین کە یەکێک لە وڵاتانی زلهێز ناوچەیی و ئەندامی ناتۆیە. تورکیا لە هەموو هێز و تواناییی چەکداریی خۆی کەڵکی وەرگرت بۆ وەی بتوانێ بە هەڕەشە لە ڕێگای بەستنی سنوورەکانیەوە لەگەڵ باشووری کوردستان، بەستنی سنوورە ئاسمانیەکانی بە ڕووی فڕۆکەکانی کوردستاندا، هەڕەشە لە بەستنی لوولەی نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان و... هەموو هەوڵێکی دا بۆ وەی پێش بەو ئیرادە نەتەوەییە بگرێ. هەرچەند هەڕەشەکانی تورکیا تەنیا لە ئاستی هەڕەشەدا مانەوە و هیچکامیان بە کردەیی نەکران.

بەڵام لە لایەکی دیکەوە، "کۆماری ئیسلامیی ئێران"یش بە پێی پێشینە و مێژینەی سیاسیی خۆی لە دژایەتیی خواستەکانی کورد، بڕیاری دا ڕاستەوخۆ بەشداری بکا لە پێشگرتن بە وەدی هاتنی خەونی کورد. بەو شێوەیە هێزە ملیشیا لایەنگرەکانی خۆی لە عێراق هان دا و دەوڵەتی ڕاسپێردراو و جێ متمانەی خۆی لە عێراق دنە دا تا سوپای عێراق و میلیشیای شیعەی سەر بە ئێران، ڕەوانەی سنوورەکانی کوردستان بکەن و بەو شێوەیە پلانێکی کردەیی هەم بۆ تەمبێ کردنی ئیرادەی نەتەوەی کوردان پێک بێنێن و هەم بەشێکی زۆر لە جوگرافیا و خاکی کوردستان لە دایکی نیشتمان داببڕن. لەو نێوەدا ئەوەی جێگای سەرسوڕمانی  شارۆمەندانی کوردی باشووری کوردستان و هەموو کوردانی جیهانە ئەوەیە کە بە داخەوە چەند لایەنی سیاسی لە باشووری کوردستان هەر لەسەرەتاوە بە کاریگەری وەرگرتن لە پلان و پیلانەکانی ئێران و کەڵک وەرگرتن لە غیابی جەلال تاڵەبانی لە پانتای سیاسیدا، نەیاری پرۆسەی ڕێفراندۆم و سەربەخۆییی کورد بوون و بەرژەوەندیی خۆیان وەپێش خەونی سەربەخۆییی کورد خست و ژێر بە ژێر لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەر و دەوڵەتی زلهێزی ناوچەیی و میلیشیاکانی سەر بە ئێران ڕێک کەوتن.

 لە بەربەیانی شازدەی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ دا، لە بەرابەر هێرش و پێشڕەویی سوپای عێراق بە هاوکاریی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و بە چاوساغیی سەرۆکی ئەوکاتی "فەیلەقی قودسی ئێران"، توانییان بێنە نێو سنوورەکانی کوردستانەوە و شاری کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان و ئەو ناوچانەش کە لە سەردەمی هێرشی داعشدا پێشمەرگەی کوردستان پاراستبووی لە دەست کورد دەربێنن. بەڵام  بەشێک لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە هۆی ڕێککەوتنی سەرۆک و فەرماندەکانیان لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان، پاشەکشەیان  کرد و ڕۆژێکی ڕەش بە نێوی شازدەی ئۆکتۆبەر یا "ڕۆژی خەیانەتی نیشتمانی" لە مێژووی کورد و لە ڕۆژژمێری سیاسیی مرۆڤی کورددا تۆمار کرا.

شازدەی ئۆکتۆبەر ئاکامی گەلەکۆمەکەی هێزە ناوچەییەکان و خەیانەتی باڵێکی سیاسیی کورد بوو. بەشێکی زۆری خەڵکی کوردیش کە پێیان وابوو چون ئەوان لە سەردەمی شەڕی داعشدا جیهانیان هێمن کردوەتەوە و بەرەنگار هێزە تیرۆریستەکان بوونەتەوە، جیهانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا و ئینگلیس و فەڕانسە دەیانپارێزن. بەڵام لەو ڕۆژە دا خۆری بەڵێن و هاوپەیمانەتی ڕۆژئاواش ئاوا ببوو.

KURDŞOP
668 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!