ڕاپەڕینی کوردان لە "شێخ مەحموودی بەرزەنجی"یەوە تا "مەلا مستەفای بارزانی" (لە خێڵەوە تا نەتەوە)

دوکتور ئازاد موکری

وەکی سەرچاوە مێژوویی  و شیکارییە سیاسییەکان و یەک لەوان کتێبی بە پێزی "بزاڤی ناسیۆنالیستیی کورد" لە نووسینی "دیڤید ڕۆمانۆ" باس دەکەن، ساڵی ١٩٢٥ی زایینی دەوڵەتی بریتانیا و "کۆمەڵەی گەلان" بڕیاریان دا گۆڕانکارییەک لە جوگڕافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی بێنن. لەو گۆڕانکارییەدا حەولیان دا چەندین ویلایەتی غەیرە عەڕەبی و چەند ویلاتی عەڕەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە مەبەستی ئابووری و سیاسی بخەنە سەر یەک و دەوڵەتێکی نوێ ساز یان بە واتای کۆمەڵناسانەی ئەوڕۆ بەرساخت/دەستکرد بکەن. بەو مەبەستە "ویلایەتی موسڵ" و تێگرای ئەو بەشەی کە لە دۆخی ئێستادا بە "کوردستانی عێڕاق" دەناسرێ، بە ویلایەتەکانی "بەغدا" و "بەسرە"وە ببەستنەوە. پاش ئەوە کۆی ئەو چەند ویلایەتە، وڵاتێکی دەستکردی تازەی لێ بەدیهات کە لە مێژووی سیاسی ئێستادا بە وڵاتی عێراق دەناسرێت. بە واتایەکی تر وڵاتی عێراق دەستکردی پلان و پیلان و بەرنامەکانی دەوڵەتی بریتانیا بوو بۆ ئەوەی بتوانێ بە شێوەیەکی باشتر و بێ کێشەتر دەست بە سەر چاڵە نەوت و کانگا ژێرزەمینییەکانی ناوچەی کوردستاندا بگرێ، کە یەکێک لە دەوڵەمەندترین کانگا و سەرچاوەکانی وزە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان. هەرچەند وەکی باس دەکەین ئەو دەستکرد و کردەوە سیاسییەی بریتانیا نەتەنیا بۆ ناوچە و بریتانیا بێ کێشە نەبوو، بەڵکوو ئاوری کێشە و بزووتنەوەیەکی هەڵاییساند کە لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوام لە گڕان و سووتانە.

دەوڵەتی بریتانیا پاش ئەو بڕیاڕە شازادەیەکی عەڕەبی لە دەرەوەی ئەو جوگڕافیایە کە سەر بە "ئۆردۆنی هاشمی" بوو هێنا و لە وڵاتێکی کە تازە سازی کردبوو و لە چەند پێکهاتەی جیاوازی ئیتنیکی و ئایینی و ئاینزایی ساز ببوون، وەک پادشا و بەڕێوەبەر بە دونیای سیاسەتی ناساند و بەسەر خەڵکی ئەو ناوچەیەیدا سەپاند؛ ئەویش "مەلەک فەیسەڵ"ی هاشمی بوو. بەڵام پێش ئەو ڕووداوە هەستی نەتەوەناسی و ناسیۆنالیستی لەنێو زۆر یەک لە چین و تۆێژەکانی کورددا ورووژا بوو. وەکی "دیڤید مەک داول" دەڵێ: سازبوونی دەوڵەتێکی دەستکرد و تازە بە نێوی عێڕاق، بە شێوەیەک لە شێوەکان پشتکردن لە خەونەکانی ئیلیتی سیاسیی کورد بوو کە دەیانویست دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێک بێنن. لە لایەکی دیکەوە پێکهاتنی دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ کوردان دەیتوانی تا ڕادەیەک لە خزمەت مەبەست و بەرژەوەندییەکانی بریتانیاشدا بێ، بەڵام بریتانیا نیگەرانی ناکۆکی و نایەکگرتووییی "عەشیرە" و "هۆز" و "خێڵ"ە کوردییەکان بوو.

شێخ مەحموود بەرزنخی

بەرهەمی هونەرمەند: سەعادەت بارزانی

"مارتین ڤان بڕۆیینسێن" نووسەر و کۆمەڵناسی هۆلەندی بە وردی باسی ئەو بابەتە دەکا. واتە باس لەوە دەکرێ کە ئەو کردە و دەستکردە سیاسییەی بریتانیا، پشتکردنە خەونی کوردان بوو. ئەو پلانەشی بە تەمای بەتاڵانبردنی سەرچاوەکانی وزە لە دەڤەری "کەرکووک" و "مووسڵ" بردە سەر و شایانی باسە هەر دووکی ئەو دەڤەرانە خاکی کوردستان بوون. بەڵام سەرەڕای ئاگاداری بەسەر ئەو بابەتەشدا بریتانیا بڕیاری کۆتایی بۆ سازکردنی دەوڵەتی عێراق دا.

دژ بەو بڕیارەی دەوڵەتی بریتانیا و دژ بە سازبوون و پێکهاتنی دەوڵەتی دەستکردی عێراق، هەر لە سەرەتای خۆیابوون و بڵاوبوونەوەی ئەو پلانە سیاسییە، چەندین شۆڕشی کوردی لە کوردستان هەڵگیرسان. یەکێک لە گرنگترینی ئەو شۆڕشانە "شۆڕشی شێخ مەحموودی بەرزەنجی" بوو. شۆڕشی شێخ مەحموود تایبەتمەندییەکانی شۆڕشێکی خێڵەکی و ناسیۆنالیستیی بە جووت هەبوو. واتە تا ڕادەیەک لە شۆڕشێکی خێڵەکی بەربڵاوتر و تا ڕادەیەکیش خاوەن تایبەتمەندییەکانی شۆڕشێکی شوناسخوازنەی پێوە دیار بوو، بەڵام هیچ کام لەو تایبەتمەندییانەی بەتەواوی نەبوو.

 لە دژی ئەو شۆڕشانە دەوڵەتی بریتانیا نەیدەتوانی بێدەنگ ڕاوەستێ. چون پلانی سیاسی و ئابووریی ئەو وڵاتە کلۆنیالیستە، بە هۆی ئەو شۆڕشانەوە دەکەوتنە مەترسییەوە. لەو سەردەمەشدا دەوڵەتی عێراق هێشتا نەیتوانیبوو سوپایەکی بەهێز و یەکگرتوو ساز بکات. بریتانیا لە ساڵی ١٩١٩ی زایینیدا فەرمان بە هێزی ئاسمانیی خۆی دەدا تا ناوەندی ئەو بزووتنەوە کوردیانە بۆمباران بکەن و بەم شێوەیە بریتانیا لاپەڕەیەکی ڕەش لە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ شۆڕشە کوردییەکان تۆمار دەکا. بەڵام هەموو سەرچاوە مێژووییەکان و یەک لەوان "بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد" لە نووسینی "کریس کۆچیڕا"، ئەوە دەسەلمێنن کە بە بۆمباران و دژایەتیی بریتانیاش، شۆڕشە کوردییەکان هێور نەبوونەوە. هەر بۆیە ساڵی ١٩٢٢ زایینی بریتانیا بە هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی تازەپێکهاتووی عێراق بەیانێکی هاوبەش لەبارەی پرسی کوردەوە بڵاو دەکەنەوە و لەسەر ئەو خاڵانە ڕێک دەکەون. یەکەم؛ ئەو کوردانەی لە جوگڕافیای تازەی عێراقدا نشتەجێن، مافی ئەوەیان هەیە لەو وڵاتەدا بمێننەوە، بەڵام دەسەڵاتی هەرێمی خۆیان بە دەستەوە بێ. دووەم؛ ئەوان مافی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیانیان هەیە و بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئەو بابەتانە دەبێ لەگەڵ عێراق و بریتانیا دیالۆگ بکەن. پێشگریمانەی دەوڵەتی بریتانیا بۆ جێبەجێبوونی ئەو حکوومەتە ناوچەییە بۆ کوردان لەسەر ئەو بڕوایە دامەزرابوو کە هێز وعەشیرە و لایەنە کوردییەکان پێکەوە یەک دەگرن و یەکیەتییەکی نەتەوەییان دەبێ.

دەوڵەتی عێراق پاش ئەوەی بریتانیا دڵنیای دەکاتەوە ڕێککەوتن لەگەڵ شۆڕشی کورد بە واتای سەربەخۆبوونی تەواوی ئەوان و دابڕاندنیان لە عێراق نییە، دان بەو مافانەی کورددا دەنێ. بەڵام ناکۆکیی نێوان خەڵکی کورد بەختی نەتەوەی کوردی بۆ پێکهێنانی ئەو دەوڵەتە کەم کردەوە. بەشێکی زۆر لە عێلە کوردەکان لە دژی ڕێبەری دەستنیشانکراوی کورد واتە شێخ مەحموودی بەرزەنجی دەوەستنەوە. هاوکات ئەو شۆڕشانەی لە تورکیاش بۆ پێکهێنانی ڕەوتێکی ناسیۆنالیستی و نەتەوەخوازانە پێکهاتبوون، لەگەڵ یەک تووشی ناکۆکی ببوون. دەوڵەتی لاوی تورکیش بە دژی کۆی بزووتنەوە کوردییەکان خەریکی پلان و پیلان بوو. لە لایەکی دیکەوە شێخ مەحموودی بەرزەنجی کە لە لایەن بریتانیاوە بۆ ڕێبەرایەتیی نەتەوەی کورد دەستنیشان کرابوو، ژێر بەژێر هاوکاریی دەوڵەتی تورک و ئاتاتورکی دەکرد و لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئەو، مەسیحییە ئاشورییەکانی باکووری عێراق ئازار دەدران. ئەو دوو بابەتە بوو بە هۆی ناڕازیبوونی دەوڵەتی بریتانیا لە شێخ مەحموود و حەولیان دا شۆڕشی شێخ مەحموود تێک بشکێنن و لە کوردستانی دوور بخەنەوە.

بەڵام وەکی بەڵام وەکی "ڕیوا سایمۆن" باس دەکا؛ ئیدئۆلۆژیی پان-عەڕەبی وردە وردە لە نێو ڕێبەرانی سیاسیی عێراقدا پەرەی دەستاند. ئەوان خەریکی بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی خەونئامێز لە عەڕەبەکان بوون. بۆیە عێڕاقیان تەنیا بە وڵات و موڵکی عەڕەبەکان دەزانی و کورد و باقی پێکهاتەکانی دیکەی عێڕاقیان فەرامۆش کردبوو.

ناسیۆنالیزمی کورد لە عێڕاق بە کۆتایی هاتنی شۆڕشی شێخ مەحموود لە لایەن دەوڵەتی بریتانیاوە نەوەستا. بەڵام لەگەڵ چەندین چارەنووسی جیاواز دەستەوئێخە بوو. پاش ئەوەی دەوڵەتی بریتانیا لە ساڵی ١٩٣٣ی زایینی هێزەکانی خۆی لە عێڕاق دەکشێنێتەوە یان بە واتایەکی تر دان بە سەربەخۆبوونی عێڕاقدا دەنێ، شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ کوردەکان گۆڕانکاریی قووڵی بەسەردا دێ.

مەلا مستەفا بارزانی

بەرهەمی هونەرمەند: سەعادەت بارزانی

 

ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە بە کەمبوونەوەی دەسەڵاتی بریتانیا لەسەر سیاسەتمەدارانی عێراق، تا ڕادەیەکی زۆر گوشاری بۆ سەر کوردەکان زیاد کرد. هەر بۆیە بەردەوام ناڕەزایەتی و شۆڕشی تازەی کوردی لە عێڕاق بەرپا دەبوو. هەر شۆڕشێکی تازەش کە لە کوردستان دەهاتە ئاراوە، ئەو ئەندامانەی سوپای عێراق کە بە ناسنامە کورد بوونی لە سوپا دادەبڕی. چون کوردانی سوپای عیڕاق بە جێی مانەوە لەنێو سوپای عێراقدا ڕەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستیی کورد دەکەوتن. بەڵام بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکانی کورد لە عێراق بە هۆی ئەوەی لە نێوان خۆیاندا ناکۆکییان دەبوو نەیانتوانی ئامانجی گەورە بپێکن.

پاش هەموو ئەو ناڕەزایەتی و شۆڕشانە، ساڵی ١٩٤٣ شۆڕشێکی مەزن بە ڕێبەرایەتیی "مەلا مستەفا بارزانی" لە کوردستان و عێراق سەری هەڵدا. ئەو شۆڕشە تا ڕادەیەک بەهێز بوو کە دەوڵەتی بریتانیای ناچار کرد جارێکی دیکە بۆ یارمەتیدانی سوپای عێراق بگەڕێتەوە ئەو وڵاتە. شۆڕشی مەلا مستەفا خەریک بوو بە تەواوی سوپای عێراقی بە چۆکدا دێنا هەر بۆیە هەر دوولایەنی عێڕاقی و بریتانی دەکەونە فکری ئەوەی ڕێگایەکی خێرا بدۆزنەوە. بریتانیا بۆ یەکەم جار بوو دەیدیت یەکگرتووییەکی سەیر لە نێوان هەموو خێڵ و عەشیرەتە کوردییەکان لەژێر چەتر و سێبەری ڕێبەرێکی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستیدا پێک دێ. هەر بۆیە حەولی دا گەورەترین عەشیرەتەکان لە شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی داببڕێ، بۆ ئەوەی هێز و گوڕ و توانایی ئەو شۆڕشە کەم بکاتەوە. لە درێژەی ئەو سیاسەتانەدا دوای ئەوەی هەندێک وردە خێلی لێ جودا کردەوە، ئەو جار خێڵی گەورەی زێباری کرا ئامانج. پاش ئەوەی خێلی زێباری پشتیان لە بارزانی کرد و تێکەڵ بە ڕیزەکانی سوپای عێراق بوون، شۆڕشی مەلا مستەفای بارزانی لەگەڵ یەکەم تێکشکان ڕووبەڕوو بۆوە و بەرەو ئێران پاشەکشەیان کرد.

مەلا مستەفا بارزانی

بەرهەمی هونەرمەند: سەعادەت بارزانی

 

بەڵام هەبوونی خەونی گەورە لە لای مەلا مستەفا بارزانی وای کرد، ئەو لەو مێژووە بەولاوە نەک وەک ڕێبەری عەشیرە و حیزبێک، بەڵکوو وەک ڕێبەری بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی بناسرێت و بە کردەوەش بارزانی دوای تێکشکانی یەکەمی خۆی، نە تەنیا لە درێژەدان بە وەدیهێنانی خەونەکانی نەتەوەی کورد نائومێد و بێ هیوا نەبوو، بەڵکوو پارچەیەک لە جوگڕافیای کوردستانی بەجێهێشت و بۆ درێژەدان و بە کردەیی دەرهێنانی خەونەکانی نەتەوەی کورد، ڕووی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و لە دامەزراندن و پاراستنی "کۆماری کوردستان"دا کە لە ساڵی ١٩٤٥-١٩٤٦ بەرپابوو ڕۆڵێکی یەکجار کارا و کاریگەری گێڕا.

KURDŞOP
594 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!