شەددادیەکان" و دەسپێکی دەسەڵاتی کوردی لە قەوقاز"

«شەددادییەکان» خاندانێکی کوردی دەسەڵاتداری ناوچەی «ئەڕڕان » بوون که لە سەدەکانی ٤ تا ٦ی کۆچی مانگی بەرابەر لە گەڵ ساڵەکانی ٩٥١ تا ١١٩٩ی زایینی دەسەڵاتی ناوچەی «ئەڕڕان» و بەشێک لە ئەرمنستانیان لە دەست دابوو.

"شەددادیەکان" و دەسپێکی دەسەڵاتی کوردی لە قەوقاز

بەشی یەکەم

 

"شەددادییەکان" خاندانێکی کوردی دەسەڵاتداری ناوچەی "ئەڕڕان" بوون که لە سەدەکانی ٤ تا ٦ی کۆچی مانگی، بەرابەر لەگەڵ ساڵەکانی ٩٥١ تا ١١٩٩ی زایینی، دەسەڵاتی ناوچەی "ئەڕڕان" و بەشێک لە ئەرمنستانیان لە دەستدا بوو. "ئەڕران"، ناوی بەشێکە لە وڵاتی  قەوقاز کە سنوورەکانی بە درێژایی مێژوو لە ئاڵوگۆڕدا بووە و لێکۆڵەڕانی بواری جوگرافیا بە شێوەگەلی جیاواز وەک : "ئەلبانیا"، "ئاریانا "، "ڕانی" و "ئۆلوان" نێویان بردووە.

جوگرافیای سیاسیی دەسەڵاتی "شەددادییەکان" بریتی بووە لە "گەنجە"، "بەردەعە"، "دەبی" و "بیلەقان" و تەنانەت جاروبار سنوورەکانی دەسەڵاتیان تا "گورجستان" و بەشێک لە ئیمپڕاتۆریی «بیزانس» بەرین دەبۆوە.

خاندانی "شەدادییەکان" جگە لە لقی سەرەکی، لقێکی دیکەشیان لێ دەبێتەوە کە بە هۆی نیشتەجێبوون لە شاری "ئانی" بە "شەددادییەکانی ئانی" بەناوبانگن. پێویستە بوترێ کە "ئانی" شارێکی یەکجار کۆن و ناسراوی وڵاتی ئەرمەنستانە.

"مونەججێم باشی" نووسەری کتێبی "صحائف الاخبار فی وقایع الآثار"، باس لە سەرچاوەیەک دەکا بە نێوی "تاریخ الباب" -کە بەداخەوە ئێستا ئەو کتێبە لە ئارادا نەماوە- وە بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیە ئاماژە بە کوردبوونی بنەماڵەی "شەددادیەکان" دەکا. بێجگە لەویش "ئێبنی ئەسیر" یەکێکی دیکە لە مێژوونووسانە کە "شەددادییەکان" بە تیرەیەک لە کوردانی "رەووادی" لەقەڵەم دەدا و وەک پڕحەشیمەتترین و گەورەترین هۆزی کورد باسیان دەکا. هەڵبەت بەگوێرەی قسەی "یەعقووبی" کە یەکێکی تر لە مێژوونووسە ناودارەکانە، ئەو کوردە "ڕەوادییان"ـەی کە "شەددادیەکان" لقێک لەوانن، لە گەڵ "ڕەوادییەکانی ئازەربایجان" کە دەگەڕێنەوە سەر بنەچەکی عەڕەبی، جیاوازییان هەیە.

تا بەر لە ساڵی ٣٤٠ی کۆچیی مانگی، مێژوو هیچی لەسەر بنەماڵەی شەددادییەکان تۆمار نەکردووە ، بەڵام بە پێی مێژوو، "محەممەد کوڕی شەدداد کوڕی قورتەق" پاش لاوازکردنی دەسەڵاتی "ئالی موسافیر" کە بنەماڵەیەکی شیعەی لای بەشی باکووری ئێران بوون و لە ناوچەی گیلانی ئێستاوە تا نزیک ئەرمەنستانیان بە دەستەوە بوو، لە ساڵی ٣٤٠ی کۆچیی مانگیدا، دەسەڵاتی خۆی بنیات دەنێ.

"محەممەد کوڕی شەدداد"، شاری "دەوین" یان "دەبیل"، کە دوو فەرسەخ لە گەڵ چەمی ئاراز مەودای هەبوو، وەک پێتەختی خۆی هەڵدەبژێرێ. سەرەڕای ئەوەی کە هاوسێی سیاسیی دەسەڵاتگەلێکی ناوداری وەک "ئالی بوویە" و "حەمدانیان" دەبێ. موحەممەد لە لای ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ هێرشەکانی "برایم کوڕی مەرزبان"، میری "ئالی موسافیر" ڕووبەڕوو ببوو و لە لای ڕۆژاواشەوە لەگەڵ "ئاشووتی سێهەم" میری گورجستان دەستەویەخە بوو.

لە شەڕێکدا کە لە نێوان ئاشووت و موحەممەدی شەدداد دا ڕووی دا، لەشکری ئاشووت کە پێک هاتبوون لە ئەرمەنی و گورج و لەزگی ، یەکجار زۆرتر و بەئەژمارتر بوون لە سپای شەددادی، هەر بۆیە موحەممەدی شەدداد فەرمانی دا کە خەڵکی شاری دەبیل سواری وڵاخەکانیان بن و بۆ ترساندنی سپای ئاشووت لە شار بچنە دەر، بەشکوو سپای دوژمن بە بینینی ژومارەی سەربازی زیاتر ترسی ڕێ بنیشێ، کە خوداوڕاستان ئەو بیرە گرتی و محەممەدی شەدداد شکستێکی سەیری بە سپای ئاشووت هێنا.

دووساڵ دوواتر میری ئالی موسافیر دیسان هەڵیکردە سەر شەددادیەکان و هەندێ لە دەرکەوانەکانی موحەممەدی شەددادی، کە لە بەرەی ئالی موسافیر بوون، بە هیوای کوشتنی بوون و محەممەد کە توانای بەربەرەکانێی لە خۆێ دا نەدەدی، پەنای بردە بەر دەسەڵاتەکانی جیران و تەنانەت داوای یارمەتیی لە ئیمپڕاتۆری بیزانس کرد، کەچی بۆی نەگونجا و گەڕایەوە "ئەسفۆرجان" کە لەگەڵ میری ئەوێ پێشتر پەیمانی دۆستایەتییان بەستبوو. لە ئاکامدا هەر لەوێ کۆچی دووایی کرد. هەرچەند موحەممەدی کوڕی شەدداد سێ کوڕی هەبوون، بەڵام پاش مەرگی باوکیان پەنایان بردە بەر "فاریسۆس" کە دەسەڵاتداری بەشێک لە وڵاتی ئەرران بوو وە پاش هەندێک دیسان سەریان هەڵدایەوە.

بە پێی قسەکانی "ئەحمەد کەسرەوی" مێژوونووسی تورکی ئێرانی، فاریسۆس قەڵای "شەمیرۆم"ی بە کوڕەکانی محەممەدی شەدداد بەخشیبوو و ئەوانیش لە ساڵی ٣٧٠ دا، دەسەڵاتی ئەو قەڵایەیان کردە سەکۆی هەستانەوە و هەڵیانکوتایە سەر میری شاری گەنجە و شاریان داگیر کرد.

بەڵام بە گوێرەی کتێبەکەی مونەججێم باشی، "فەزڵی کوڕی شەدداد" لە شاری گەنجە دەبێتە دارۆغە و خەڵکی متمانەیەکی زۆری پێ دەکەن و دادوەری و بوێریی فەزڵ دەنگ دەداتەوە؛ هەر بەو هۆیە خەڵک، شارەکە بە فەزڵ دەسپێرن و دواتریش بەرپرسایەتیی شار دەخەنە ئەستۆی "ئەبولحەسەنی لەشکری" کە برای فەزڵ بوو. بەڵام خاندانی ئالی موسافیر دیسان گوشار دەخەنە سەر شەددادییەکان و ئەمجارەیان کێشەی نێوان شەددادیەکان و ئالی موسافیر دەگاتە ئاشتی و پەیمانێکی ئاشتی لە نێوان هەرتک لا دەبەسترێ. ئەبولحەسەن پاش ئەو پەیمانە، دەسەڵاتی خۆی بە ڕێکوپێکی دادەمەزرێنێ و دەیلەمییەکان بە تەواوی لە گەنجە دەردەکا و بەشێکی زۆر لە وڵاتەکانی دەوروبەری گەنجە دەگرێ و پاشان لە ساڵی ٣٦٨ دا کوچی دوایی دەکا. ...

 

"درێژەی هەیە"

KURDŞOP
973 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!