قەڵای سارتکە، شوێنەوارێکی سەردەمی دەسەڵاتداریی میر محەممەدی سۆران


 

- سیپان سۆفیزادە

 

قەڵای سارتکە کە ناسراویشە بە"قەڵای پاشا کۆرە" یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی کوردستان و دەکەوێتە قەزای دووکان سەر بە پارێزگای سلێمانی. مێژووی ئەم قەڵایە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میرنشینی "سۆران" واتا سەدەی نۆزدەهەم. قەڵاکە کە لەلایەن "میر محەممەد" پاشای سۆران "١٨١٣-١٨٣٧" دروست کراوە ئێستا بەشێک لە ژوورەکان و دیوار و قوولەکانی قەڵاکە وەک شوێنەوار ماونەتەوە.

قەڵای سارتکە کە دەکەوێتە نزیک گوندی سارتکە، لەسەر بەشێک لە زنجیرە چیای "کلکە سماق" و بە دووریی "٣" کیلۆمەتر لە باشووری خۆرئاوای شارۆچکەی دووکان هەڵکەوتووە و بەسەر ئاوی دەریاچەی دوکاندا دەڕوانێت و "٥٠" کیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە.

ئەو گردەی قەڵاکەی لەسەر بونیادنراوە نزیکەی ١٣٠  مەتر بەرزە. سەرکەوتن بە ڕووکاری پێشەوەیدا زۆر قورس و زەحمەتە. لە باکوور و باشووری قەڵاکە دوو شیوی قووڵ هەیە؛ سەرکەوتن بە بەشی پشتەوەیدا ئاسانە. ئەو بەرزاییەی قەڵاکەی لەسەر بونیادنراوە، بە داری بەڕوو و مازوو دەوڵەمەندە و ناوچەیەکی لەبارە بۆ ئاژەڵ لەوەڕاندن.

پێکهاتە و شێوازی دروست کردنی قەڵاکە

دیوارەکانی لە "بەرد، قسڵ و گەچ" دروست کراون. ناوکاری دیوارەکان بە وردە بەردی ئاوی زێ پڕکراوەتەوە، بۆئەوەی کەلێنەکانی بەردە گەورەکان پڕ بکاتەوە تا دیوارەکە زیاتر خۆڕاگر و پتەوتر بێت. ئەستووریی دیوارەکانی قەڵاکە لە نهۆمی یەکەم تا دووەم ١.٧٠ مەترە بەڵام پتەویی دیوارەکە لە نهۆمی دووەم کەم دەبێتەوە بۆ نزیکەی ٣٥ سانتیمەتر بەمەش قورساییان لەسەر قەڵاکە کەم کردووەتەوە.

بۆ پارێزگاریکردن لە دیوی دەرەوەی قەڵاکە، هیچ پەنجەرەیەکی تێدا نییە و تەنها لە دیوی ناوەوە هەیەتی، دیوارەکانی نهۆمی یەکەم "٧.٥" مەتر بەرزن.

ئەوەی بەدی دەکرێت لە سەرجەم بەشەکانی قەڵاکەدا تەکنیکی ئەندازیاریی سەربازی، بەوردی بەکارهاتووە و هەموو وردەکارییەکان لەبەرچاو گیراون. بە سوود وەرگرتن لە هەڵکەوتەی سروشتیی ناوچەکە  گرنگییان بە هونەری بەرگریکردن لە دژی هێرشی دوژمنان داوە و بە درێژایی مێژووی کوردستان ئەمە پاڵنەری سەرەکیی بونیادنانی قەڵاکان بووە و دیوارە پتەو و بەهێزەکان چیرۆکی خۆڕاگریی کوردانیان هەڵگرتووە.

قەڵای پاشا کۆرە، شێوەیەکی "چوارگۆشە"ی هەیە. بە شێوازێکی هونەریی بیناسازیی سەربازی، بە پێی هەڵکەوتەی قەڵاکە، دیوارەکانی دەرەوەی قەڵاکە لە هەر یەکە لە باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە گۆشەی بەیەکگەیشتنی هەر دیوارێک بورجەکێکی بازنەیی هەیە بۆ چاودێریکردن و بەرگریکردن.

هۆکاری درووست کردنی قەڵای سارتکە لە لایەن میر محەممەدەوە

"میر محەممەد" گرنگیی بە پاراستنی ڕێگا بازرگانییەکان داوە. کاتێک دەسەڵات و قەڵەمڕەوییەکەی پەرەی سەندووە، بۆ بەهێزکردنی ئابووریی ناوچەکە و پاراستنی سنووری دەسەڵاتەکەی، بەردەوام بە ڕووی دەوڵەتی "عوسمانی و سەفەوی"دا وەستاوەتەوە.

هەر بۆیە پاراستنی کاروانەکان لە دز و جەردەکان بە هۆکارێک دادەنرێت بۆ دروستکردنی قەڵای "پاشا کۆرە" هەروەها هۆکارێکی تر ئەوە بوو کە لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی، دەرکەوتنی چەک وەک "تفەنگ و تۆپی دوورهاوێژ" پێش کەوت و هونەری بیناسازی لە ڕووی درووستکردنەوە شێوازێکی تری بە خۆیەوە بینی و قەڵای پاشا کۆرە لەسەر زێی بچووک یەکێک لەم بینایانە بووە لە لە سەردەمی ئەم گۆڕانکارییانەدا دروست کراوە. گرنگیی ناوچەکە وای لە دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە کردووە، بۆ بەرگریکردن قەڵای سەربازی دروست بکەن.

قەڵای سارتکە لە ڕووی گەشتیارییەوە

ئەم شوێنەوارە مێژوویی و گەشتیارییە لەئێستادا هیچ گرنگییەکی پێ نادرێت و بەشێکی زۆری دیوارەکانی ڕووخاون و بەرەو لەناوچوون ئەچێت. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی ناوخۆ و گەشتیارانی بیانی و خوێندکاران، وەک گەشتی زانستی، سەردانی ئەم شوێنەوارە گرینگە دەکەن بەڵام شوێنەکە تا ئێستا نۆژەن نەکراوەتەوە و بۆ ڕێگریکردن لە لەناوچوونی هیچ رێکارێک نەگیراوەتە بەر.

 

 

 

 

 

 

KURDŞOP
609 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!