ڕاپەڕینی 1967-1968ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: زریانێک کە دۆڕگەی ئارامی شای ئێرانی هەژاند!

 

هەورام ئەحمەدی

 

لە سەرەتای شەستەکاندا و له دەرئەنجامی گەشەی بوارەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا له ئێران، گروپێکی بچووکی لاوانی کورد لە چینە باڵاکانی کۆمەڵگەی کوردستان  وەک خوێندکار  له زانکۆکانی تاران و تەورێز وەرگیران. یەکەمین ڕێکخراوی نیمچە‌نهێنیی خوێندکارانی کورد، واته "یەکێتیی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران" (1959) لەسەر دەستی ئەم بەره خوێندکارییه دامەزرا و دوای ساڵێک نێوەکەشی بوو بە "یەکێتیی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێران" (1960) گۆڕدرا. هەر لە ناو ئەو یەکیەتییەوە، بناغەکانی شیعری نوێی کوردی له ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەوەری سیاسی-شۆڕشگێڕانەوه، لە لایەن سواره ئیلخانیزادە، عەلی حەسەنیانی و فاتح شێخۆلئیسلامی دامەزران.

لە سەرەتادا زۆرتر پرس و بابەتە فەرهەنگییەکان کرۆکیی هاوکاری و چالاکیی ئەم یەکێتییەی پێک دەهێنا، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت، واته ساڵی ١٩٦١، سەندیکاکە  بە ئاراستەیەکی ناسیۆنالیستی  لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان  پێوەندیی فەرمی بەڵام نهێنی دەگرێت. هاوکات زاڵبوونی بیر و ئەندێشەی چەپ له زانکۆکانی ئێران وا دەکات که لە ساڵانی 1960-1963دا کۆمەڵێک لەو خوێندکاره کوردانه بەرەو هێڵی چەپ وەرسووڕێن و لە ڕەوتی ناسیۆنالیستیی یەکێتیی خوێندکاران جیابوونەوە. ناسراوترینی ئەم کەسانه ئەمیر حەسەن‌پوور و فاتح شێخولئیسلامی بوون.

دوبەدوای شەپۆلی نوێی سەرکوتی سیاسیی چالاکوانانی ناڕازی لە ساڵی ١٩٦٣، ئەم تاقمه به‌ناچار وازیان له زانکۆ هێنا و پەڕیوه‌ی باشووری کوردستان بوون. ئەو خوێندکارانه بریتی بوون لە: حەمەدمین سیڕاجی، ئیسماعیل شەریفزادە، سالار حەیدەری، عەبدوڵڵا مۆعینی و ڕەسووڵ پیشنەماز. به‌هۆی دژایەتی و ناڕازیبوون لە سەرکردایەتیی ئەوکاتەی حیزبی دێموکرات، واته ئەحمەد تەوفیق، دوای سێ ساڵ لەگەڵ چەند ئەندامێکی دیکە  "کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکرات"یان  لە ساڵی ١٩٦٦ بە ئامانجی ڕێکخستنی پێگه سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان و بۆ خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی  کوردستان دامەزراند. ئەندامانی دامەزرێنەری ئەم بزووتنەوەیە بریتی بوون لە: ئیسماعیل شەریفزادە، مەلا ئەحمەد شەلماشی (مەلا ئاوارە)، سەنار مامەدی، محەممەد ئەمین سیڕاجی، مەلا عەبدوڵڵا سەرباز، سالار حەیدەری و سەعید کاوە.

 

ئەوان توانیان ڕێکخراوەکانیان لە نێو ئاواره ڕۆژهەڵاتییەکان لە باشوور و هەروەها له ناوەوەی ڕۆژهەڵات پەرە پێ بدەن و پەیوەندییەکی سیاسیی دۆستانە لەگەڵ گرووپی ناسراو بە جەلالی لە باشوور دابمەزرێنن. لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٧ کادیرانی کۆمیتەی شۆڕشگێڕ بە پێکهێنانی گرووپی چریکی چەند کەسی، چوونە ناوچە کوردییەکانی پارێزگای ورمێ و شارەکانی سەقز و بانە لە پارێزگای سنە و دەستیان کرد بە بانگەشەی سیاسی و هەوڵدان بۆ ڕیکخستنی بنکە و پێگەی کۆمەڵایەتیی بەرفراوانتر لەنێو جووتیارانی گوندنشیندا.

سمایل شەریفزادە و حەمەدەمین سیڕاجی

 

سەرکردەکانی کۆمیتەی شۆڕشگێر بە توندی کەوتبوونە ژێر کاریگەریی فیکر و ئایدیای مائۆیزم و لە گۆڤارەکانی "ڕۆژ" و "تیشک"دا پشتیوانیی خۆیان بۆ بزووتنەوەی مائۆیزم نیشان دەدا. لە ڕاستیدا سەرکردەکانی کۆمیتەی شۆڕشگێر پێیان وا بوو تاکە ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی هەموو گەلانی ژێردەست و بەکۆلۆنی‌کراو، ڕاپەڕینی جەماوەری و خەباتی چەکدارانەیه کە سەرەتا دەبێت لە گوندەکانەوە دەست پێ بکات و جەماوەری زەحمەتکێش بەرەو خەباتی چەکداری هان بدات. کۆمیتەی شۆڕشگێر بە قووڵی باوەڕی بە گرنگی و پێویستیی یەکگرتوویی و یەکڕیزی هەبوو بۆ گۆڕینی بزووتنەوەی چەکداریی کوردستان بۆ خەباتێکی سەرتاسەری لە ئێراندا. ڕێبەری ناسراوی ئەم بزووتنەوەیە، ئیسماعیل شەریفزادە، بە هۆی چالاکی لە بزووتنەوەی خوێندکاریدا، لەگەڵ ڕۆشنبیران و قوتابیانی کورد و غەیرە کورد - لەوانه عەلیرەزا نابدێل (هاوڕێی سەردەمی خوێندکاری) و بێهروز دێهقانی- لە پەیوەندیدا بوو.

مەلا ئاوارە

 

دواجار دوای ١٨ مانگ خەباتی چەکداری، لە ١٢ی گوڵانی ساڵی 1968، شاندی یەکەمی ئەم گرووپە بە سەرۆکایەتیی شەریفزادە هاتنە ناوچەکە و لە یەکێک لە گوندەکانی بانە لەلایەن دوژمنەوە گەمارۆ دران. لەو ململانێیەدا شەریفزادە و هاوڕێکانی بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی شا شەهید کران. شانەی دواتر بە فەرماندەیی مەلا ئەحمەد شەلماشی (مەلا ئاوارە) بوو، کە لە دەڤەری سەردەشت گەمارۆ دران و مەلا ئاوارە شەهید بوو. لە هەمان مانگدا، سلێمان موعینی لە باشووری کوردستان لە لایەن پارتییەوە شەهید کرا و مانگێک دواتر عەبدوڵڵا موعینی لە دەوروبەری گوندی قاڵۆی بۆکان بە دەستی هێزەکانی ئێران شەهید کرا و هەر بە هۆی ئەم ڕووداوەوە دواتر لەلایەن دانیشتووانی گوندەکەوە ناوەکەی بۆ قاڵۆی موعینی گۆڕدرا.

مەزاری سمایل شەریفزادە لە گۆڕستانی تایلەی سنە

 

دوابەدوای هەرەسهێنانی شۆڕشەکە، شەپۆلێکی نوێ و سیستماتیکی سەرکوت و لەسێدارەدانی چالاکوانانی سیاسی، ئاوارەبوون و پەنابردنیان بۆ ناوچە ئازادکراوەکانی باشووری کوردستان دەست پێ دەکات. هەروەها، پاشماوەی هێزە چەکدارەکانی شۆڕش لە کەمپی "مەکتەبی سیاسی" لە ژێر ناوی "لقی بووژانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان" ڕێکخراونەوه.

شۆڕشە چریکییەکەی کوردستان ئەگەرچی شکستی هێنا، بەڵام کاریگەرییەکانی لە کوردستان و هەموو ئێرانیشدا بەرچاو بوون. شای ئێران کە لەو ساڵانەدا هەستی بە ئارامی و سەقامگیری سیاسی دەکرد و بەو هۆیەوە ئێرانی بە دوورگەیەکی ئارام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناو دەبرد، کەوته بە زریانێکی ڕاپەڕینی چەکداریی ساڵەکانی ١٩٦٧-١٩٦٨. ئەم ڕاپەڕینه، بوو به یەکەم ڕاپەڕێنی مەیلەو چەپی چریکی لە ئێران  (سێ ساڵ بەر له ئۆپەراسیۆنی سیاکەڵ لە باکووری ئێران) و بەرگێکی زێڕینی له مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد و کوردستان تۆمار کرد.

KURDŞOP
571 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!