بەردە‌نووسراوەی تەنگیوەر: شوێنەواری دەسەڵاتی ئاشووریەکان له ڕۆژهەڵاتی کوردستان

هەورام ئەحمەدی

 

بەردە‌نووسراوەکان وەک یەکێک لە بەنرخترین و متمانەپێکراوترین سەرچاوەکانی زانیاری، هەڵگری پۆتانسیەلێکی زۆرن کە دەتوانرێت لە لایەنی جیاوازەوە لێیان بکۆڵرێتەوە، بەجۆرێک که مێژوونووسان، شوێنەوارناسان، زمانناسان و کۆمەڵناسان هەریەکەیان بتوانن پرسیارەکانیان لەم توخمە کەلتووریانە وەربگرنەوە. کەوایه، بەردەنووسراوەکان یەکێک لە سەرچاوه بەهێزەکانی مێژووی ژیاری هەر نەتەوەیەکن.

یەکێک لەو بەردەنووسراوه بەنرخانەی کوردستان "بەردەنووسراوی تەنگیوەر" و "گاشەبەردی بزماریی هەورامانه" کە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی "تەنگیوەر" و "وێزیەر"ی سەر به شاری کامێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم نووسراوە مێژووییە له لووتکەی چیای "زەنیانه" لە گوندی تەنگیوەر (له ٤٥ کیلۆمەتریی شاری کامیاران) هەڵکەوتووه. نووسراوی تەنگیوەر وەک بەشێک لە میرات و ژیاری ئاشوورییەکان و هەروەها شوێنەوارێکی سەردەمی دەسەڵاتی ئەوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باس کراوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری هەزارەی یەکەمی پێش زایین، واتە سەردەمی ئاسن.

بەپێی ئاکامی چالاکییه شوێنەوارناسییەکان لەم شوێنه و چیای زەنیانه به‌گشتی، پێدەچێت قەڵایەک هەبووبێت کە بەهۆی هەڵکەوتنی له لێواری ڕووبارێکی خرۆشانەوه، بۆ ماوەیەکی زۆر له هەمبەر هەر چەشنه هێرشێکی سەربازی پارێزراو بووه. بەرانبەر ئەو نووسراوە و لەودیوی دۆڵەکەوه، بۆشاییەک هەیە کە خەڵکی ناوچەکە پێی دەڵێن “زەنیانه” که پێدەچێت مەبەست زیندانێکی بچووکی قەڵاکە بووبێت. لە نزیک دەروازەی باکووری ڕۆژئاوای قەڵاکە، سەنگەرێکی بەردینه هەیە کە بۆ چوونە ژوورەوەی قەڵاکە بەکارهاتووە.

یەکەم بابەت بە زمانی ئینگلیزی کە پەیوەندیی بە بەردە‌نووسراوی هەورامانەوە هەیە لە ژێر ناوی "بەردەنووسراوی ساراگۆنی دووهەم، نووسراوی تەنگیوەر" لەلایەن گرانت فرێم، پڕۆفیسۆری لێکۆڵینەوەکانی ئاشووری لە گۆڤاری شەرق بڵاوکراوەتەوە، کە تێروتەسەلترین لێکۆڵینەوەیە لەسەر ئەم نووسراوەیە.

بە پێی لیکۆلێنەوەکانی پڕۆفیسۆر فرێم، ئەم بەردە‌نووسراوەیە بە زمانی ئاشووریی کۆن و خەتی بزماری نووسراوە و قەبارەکەی ١٢٠ x ١٢٠ سانتی مە‌تره و ٥٠ دێڕی لە خۆ گرتووه. لە دەقی نووسراوەکەدا، دوای ستایشکردنی خوداوەندەکانی ئاشووری وەک مەردۆخ، نابو، سین، شەمش و ئیشتار، باس لە سەرکەوتنەکانی ئاشوورییەکان کراوە . هەروەها، پەرژاوەتە سەر شار و گوند و ناوچەکانیش کە لەم شەڕەدا گیراون و وێران بوون. ناوەڕۆکی نووسراوەکە لە پێنج بەشدا ڕێک خراوە: دوای ستایش و دوعاکردن لە بەدیهێنەری گەردوون، ناو و نازناوەکانی سارگۆن دەهێنێت و بە ئاماژەدان بە خزمەتگوزارییەکانی پاشا ستایشی دەکات. پاشان سەرکەوتنە گەورەکانی سارگۆن و هێرشەکەی، هەروەها ناوی شار و گوند و ناوچەکانی دەوروبەر تێیدا دێنه باسکردن و بە نەفرەتی ئەو کەسە کۆتایی پێ دێت کە نووسراوەکە لەناو دەبات.

جگە لە نووسراوەکە، پەیکەرێک لەم شوێنەدا دەبینرێت. هەندێک پێیان وایە وێنەکە هی سارگۆنی دووهەمە، چونکه هێرشی سارگۆن و ئاشوورییەکان بۆ ئەم ناوچەیە لە ساڵی ٧٠٨ یان ٧٠٧ پێش زایین ڕووی داوه و هەر ئەمەش هۆکاری درووستبوونی پەیکەر و بەردەنووسراوی تەنگیوەره.

کەوایه، پەیکەری هەڵکەندراوی تەنگیوەر بە ئەگەرێکی زۆرەوە کەسایەتیی پاشای ئاشوورییە کە ڕیشێکی ئەستووری هەیە و دەتوانێت یەکێک بێت لە هێما تایبەتەکانی فەرمانڕەواکانی ئاشوور. ئەم پەیکەرە بە بەرزیی ١٢٠ سانتی مەتر و پانیی ١٧٠ سانتی مەتر و قووڵیی ٣٥ سانتی مەتر هەڵکەنداوه. لەناو کەوانەکەدا هەیکەلی مرۆڤێک هەیە کە درێژییەکەی ١٥٠ سانتی مەتر و پانییەکەی ٣٥ سانتی مەتره. کارەکتەری مرۆیی بەرهەمەکە لەو پرۆفایلەدا بە جلی شاهانە دەرکەوتووه و کڵاوێک لەسەر سەریەتی و قامچییەکی بەدەستەوەیە. قاچی ڕاستی لە پێشەوە دانراوە و قاچی چەپی لە پشتەوە، دەستی ڕاستیشی بەرەو سەرەوە بەرز کردووتەوه و هەروەها دەستی چەپی لەسەر زگی دانراوه.

بەپێی بەراوەردکارییه مێژووییەکان، ئەم نووسراوە و پەیکەرەکه لەگەڵ دوو نووسراوی دیکەی سەردەمی سارگۆنی دووەم لە قێبرێس و نەجەفئاوای کرماشان، خاڵی هاوبەشی زۆریان تێدایه. ئەم بەرهەمە مێژووییه لە ساڵی 2001 وەک میراتێکی کەلتووریی نیشتمانی له لایەن حکوومەتی ئێرانەوە تۆمار کراوە.

KURDŞOP
623 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!