هەورام ئەحمەدی
مێژووی نیشتەجێبوون لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش مێژوو. کۆنترین شوێنەواری نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە ڕووپێوی شوێنەوار و هەڵکۆڵینەکان لە دەڤەری هەورامان، پەیوەندییان بە سەردەمی بەردینی کۆنەوە هەیە کە بە گوتەی شوێنەوارناسان تەمەنی زیاتر لە ٤٠ هەزار ساڵ تا نزیکەی ١٢ هەزار ساڵە. لەم پێوەندییەدا، "قەباڵەکانی هەورامان" بەڵگەگەلێکی بەنرخن کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە ناوچەی هەورامان دۆزراونەتەوە و بەشدارییەکی بەرچاویان لە لێکۆڵینەوە زمانەوانییەکان و هەروەها مێژووی کۆنی هەوراماندا بووه. بەپێی لێکۆڵینەوە شوێنەوارناسییەکان، بەتەمەنترین خەڵکانی نیشتەجێبوو لەم ناوچەیەدا، ئەگەڕێتەوه بۆ دەورووبەری هەزارەی هەشتەمی پێش زایین. ئەم خەڵکه بژێوی ژیانیان لەسەر بنەمای ئاژەڵداری و ژیانێکی کۆچەری بووه و دوای نیشتەجێبوون لەم ناوچەیەدا شارێک لە هەورامان بنیات نراوه.
قەباڵەکانی هەورمان لە ساڵی ١٩٠٥ لە ئەشکەوتێکی "شاخی شاهۆ" نزیک گوندەکانی "پاڵنگان" -کە یەکەم قەڵای حکومەتی ئەردەڵانەکانی تێدا بووە- و "تەنگیوەر" -کە نووسراوێکی سەردەمی ئاشوورییەکانی تێدایە- لەلایەن یەکێک لە موریدەکانی "شێخ عەلائەدین نەقشبەندی" لە ئەشکەوتێکدا و لە ناو گۆزەیەکدا دۆزراوەتەوە. سەرەتای سەدەی بیستەم کە "دوکتور سەعیدخانی کوردستانی" بۆ نەشتەرگەری چاوی "عەباس قولی خان" سەفەری مەریوان دەکات، ئەو بەڵگەنامانه دەست دەخات و لە ساڵی ١٩١٣ دەیانباته لەندەن و ڕادەستی مۆزەخانەی بەریتانیای دەکات. ئەم بەڵگانه بریتین لە سێ قەباڵه کە لەسەر پێستی ئاسک نووسراون. دوان لەوانە بە زمانی یۆنانی و سێیەمیشیان بە زمانی ئارامی نووسراون و هەر سێیان بە خەتی بزماری و لە سەردەمی دەسەڵاتی "ئەشکانییەکان"دا نووسراون.
دوو بەڵگەنامەی یەکەم لەلایەن شوێنەوارناس و فەرهەنگنووسی بەریتانی "ئێلیس مینس"ەوە لە زمانە کۆنەکانەوە وەرگێڕدراوە و لە گۆڤاری لێکۆڵینەوەکانی هێلینیک (یۆنانی)دا بڵاوکراوەتەوە. مێژووی ئەم دوو بەڵگەنامەیە لەسەر بنەمای مێژووی "سلووکییەکان"ە کە یەکێکیان هاوتایە لەگەڵ ساڵانی ٨٨/٨٧ پێش زایین و ئەوی دیکەیان بۆ ٢١/٢٢ پ.ز دەگەڕێتەوە. لەسەر پشتی یەکێکیان چەند وشەیەک بە زمانی پارتی نووسراون کە پوختەی دەقه یۆنانییەکەیه و ڕەنگە مێژووی نووسینەکەی لە دەقی یۆنانییەکەی نوێتر بێت.
دوو نووسراوەی یەکەم لە سەردەمی ئەشکی نۆیەم و کۆتایی دەسەڵاتی ئەشکی سێزدەهەم نووسراون. ئەم دوو بەڵگەیە پەیوەندییان بە فرۆشتنی نیوە/سێ دانگی باخی ترێ بە ناوی "دادبەکان" ((GK. Dadbakabag, Dadbakanra) لە گوندی "کۆپانیس" (Kop(h)anis) کە ڕەنگە هەمان گوندی ئێستای "کۆپی" لە قەرەداغ، هەڵکەوتوو لە ڕۆژئاوای دەشتی "شارەزوور" بێت.
بەڵگەنامەی سێیەم که بە ڕێنووس و زمانی پارتییە و مێژوویەکی پارتیی هەیە و دەگەڕیتەوە بۆ سەدەی یەکەمی زایینی (پێدەچێت ١١-١٢ پێش زایین)، لەلایەن ئە. کاڤلی وەرگێڕدراوەتەوه. بەڵگەنامەی سێیەم سەبارەت بە فرۆشتنی نیوەی باخێکی ترێ لەگەڵ کەرەستەی کشتوکاڵه، کە لەلایەن "پاتاسپاک"ی کوڕی "تیرێن"ەوە بە "ئەویل"ی کوڕی "باینین" بە ٦٥ درهەم فرۆشراوە. جگە لە فرۆشیار و کڕیار، ناوی چەند شایەتحاڵێکیش لەم بەڵگەنامەیەدا هاتووە. بە بڕوای پڕۆفیسۆر کاولی، قەباڵەی سێیەمی هەورامان بە زمانی پەهلەویی پارتییە، لە کاتێکدا پرۆفیسۆر مینس بە نزیک لە زمانی کوردیی زانیوە.
لەڕاستیدا، وردبوونەوە لە بەڵگەنامەکانی هەورامان لە ڕوانگەی زمانەوانی، مێژووی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و لێکۆڵینەوە لە ئایین و بیروباوەڕە کۆنەکان لە ناوچەی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی ناوچەی هەورامان لە کوردستان ڕۆشنایی دەخەنە سەر گۆشە تەمومژاوی و نادیارەکانی کوردستان.
لە سێ قەباڵەی هەوراماندا، کۆمەڵێک وشە و بەتایبەتی ناوی کەسەکان دەبینرێت، کە لە ڕێوڕەسم و بیروباوەڕی کۆنی ئەو کەسانەی لە زنجیرە چیای زاگرۆس دەژین سەرچاوەی گرتووە. وشەکانی وەک "ئارامست"، "ئەردین"، "ئەرشتێت" و "دادباگا باگ "ئاماژەن بۆ ڕۆژانی پەرستنی مەزدا و ڕێوڕەسمی مەزدایسان (پەرستنی ئەهورا مەزدا) لەم ناوچەیەدا. هەروەها، لە ڕوانگەی زمانەوانییەوە، قەباڵەکان وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی و کۆن و بەرهەمێکی کەلتووریی بەنرخ دادەنرێت. بەگوێرەی بەڵگەنامەی سێیەمی هەورامان، دوو هەزار و بیست ساڵ لەمەوبەر، جۆرێکی تایبەتی ڕێنووس لە نێو باپیرانی کوردانی ئەمڕۆدا باو بووە، کە بە ئەلفوبێی ئارامیی نووسراوە و لەو سەردەمەدا بۆ نووسینی قەباڵە و بەڵگەنامە فەرمییەکان بەکارهاتووە. ئەم قەباڵانه ئەو ڕاستیه دەردەخەن کە لەو کاتەدا پەیوەندییەکی یاساییی یەکگرتوو لە نێوان دانیشتوانی هەوراماندا هەبووە و بە مەبەستی بەکرێگرتنی باخێکی ترێ لەو دەڤەرەدا، گرێبەستەکە لەبەردەم شایەتحاڵەکاندا داڕێژراوە و نوێنەری حکومەت پەسەندی کردووە و مۆر کراوە. هەروەها ئەم بەڵگەنامانە ئەوە دەردەخەن کە پەیوەندیی کشتوکاڵی و گەشەپێدانی زەوی لەو ڕۆژانەدا گرنگییەکی تایبەتی هەبووە. لە یەک ڕەستەدا دەتوانین ئەوە بڵێین که قەباڵەکانی هەورامان ئاماژەن بۆ مێژووی دوور و درێژی نیشتەجێبوون و شارستانیەت لەم بەشەی کوردستاندا.