شەشەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان و ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ سەربەخۆبوون

 

- ڕۆژ قادری

 

ئەمڕۆ ٢٥ی سێپتامبر، شەشەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی مێژوویی بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستانە کە ساڵی ٢٠١٧ لە سەرجەم ناوچەکانی باشووری کوردستان بەڕێوە چوو و لەودا زیاتر لە ٩٢ لەسەدی خەڵک، دەنگی "بەڵێ"یان بە "سەربەخۆییی کوردستان" دا. ڕۆژی ٢٠١٧/٩/٢٥ گشتپرسیی باشووری کوردستان ئەنجام درا و بە چوار زمانی ناوخۆیی لەسەر پەڕەی دەنگدان ئاماژە بە پرسیاری "ئایا دەتەوێت هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەربەخۆ بن؟" کرابوو.

لەم بابەتەدا ئاوڕێکی کورت لە ڕیفراندۆمی ٢٥ی سێپتامبری ساڵی ٢٠١٧ی زایینیی باشووری کوردستان دەدەینەوە، بەڵام سەرەتا دەمانەوێت بەکورتی بپەرژێینە سەر "ڕیفراندۆم" و بزانین ئەم چەمکە بە چ واتەیەکە.

ڕیفراندۆم چییە؟

ڕیفراندۆم یان گشتپرسی، بە دەنگدانی ڕاستەوخۆی گشت ئەندامانی پێکهێنەری ڕێکخراوەیەک یان کۆمەڵگەیەک دەگوترێت کە بۆ ڕەتکردنەوە یان پەسەندکردنی سیاسەتی پێشنیارکراوی ڕێبەران یان نوێنەران بەڕێوە دەچێت.

ئامانجی سەرەکیی گشتپرسی، دووریکردن لە یاسادانان بە زیانی زۆرینەی کۆمەڵگەیە. لە سیستەمە پارلەمانییە نوێیەکاندا لە گشتپرسی تەنیا بۆ پەسەندکردنی یاسای بنەڕەتی (دەستوور) یان گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە حکوومەتدا کەڵک وەردەگرن؛ بەڵام لە هەندێک لە کۆمەڵگە بچووکەکاندا، بۆ زۆرێک لە کاروبارەکانی کۆمەڵگە، لە گشتپرسی کەڵک وەردەگیردرێت.

گشتپرسی لە کۆمەڵگە خەڵکسالارەکاندا بەم شێوەیەیە کە دوو لایەنی کۆمەڵگە، لایەنگران و دژبەران، بەپێی مەرجە لە پێش دیاریکراوەکان، لەسەر بابەتێک ڕێک دەکەون و حکوومەت یان دەوڵەتێکی بێ‌لایەن وەکوو نێوبژیوان، ئەرکی گشتپرسییەکە وەئەستۆ دەگرێت. هەروەها وڵاتە بێ‌لایەنەکە بەڵێن دەدات بە لەبەرچاوگرتنی پرۆتۆکۆلە ئەمنییەتییەکان، گشتپرسییەکە بەڕێوە ببات.

دوو جۆر گشتپرسیمان هەیە، ئارەزوومەندانە و ناچاری. گشتپرسیی ناچاری بەگشتی بۆ پەسەندکردنی یاسای بنەڕەتییە. لە گشتپرسیی ئارەزوومەندانەدا، ڕەنگە نوێنەرانی پارلەمان بە کۆی دەنگ، پرسێک بە دەنگی گشتی بسپێرن یان دەوڵەت لە نەبوونی پارلەمان، بابەتێک بە دەنگی گشتی بسپێرێت. ڕەنگە گشتپرسییش بەهۆی داخوازیی خەڵکەوە بەڕێوە بچێت.

دروستبوونی بەستێن بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی باشووری کوردستان

لە درێژەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، ساڵی ٢٠١٤ی زایینی، ناکۆکییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق گەیشتنە لووتکە. لە مانگی پێنجی ئەو ساڵەدا، هەرێمی کوردستان بەبێ دەستێوەردانی بەغداد، لە ڕێگای بۆڕییەوە دەستی کرد بە فرۆشتنی نەوت بە تورکیا. مانگی دواتر گرووپی تیرۆریستیی "داعش" پەلاماری عێراقی دا و زۆربەی ناوچەکانی مووسڵ و تکریتی داگیر کرد و پەلامارێکی بەرفراوانیان هێنا بۆ سەر شاری کەرکووک، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەی قارەمانەوە ڕێگرییان لێ کرا و شارەکە پارێزرا و پێشمەرگە دەسەڵاتی ناوچە دابڕێنراوەکان و کەرکووکی بە دەستەوە گرت.

لە ڕۆژی یەکەمی تەمووزی ٢٠١٤، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دێمۆکراتی کوردستان و سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، باسی لە ویستی کوردستانییان بۆ جیابوونەوە لە عێراق کرد، بەڵام بەهۆی هاتنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و شەڕی داعش، ئەم بابەتە بۆ کاتێکی نادیار دوا خرا.

پاشان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧دا، لە کۆبوونەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە حیزبەکانی ناو دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، بڕیار درا ڕۆژی ٢٠١٧/٩/٢٥ ڕیفراندۆم بەڕێوە ببەن. هەروەها بڕیارەکە بەو شێوەیە بوو کە ناوچە دابڕێنراوەکانیش بگرێتەوە کە بریتی بوون لە کەرکوک، مەخموور، خانەقین و شنگال.

پێکهاتنی سێ بەرەی "بەڵێ، گومان و نەخێر" لە باشووری کوردستان

دوای دیاریکردنی ڕۆژی ٢٥ی سێپتامبری ٢٠١٧ بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم لە باشووری کوردستان، لەم هەرێمەدا سێ بەرە پێک هاتن کە گەورەترین بەرە، بەرەی "بەڵێ" بوو کە بڕیاریان دابوو دەنگی "بەڵێ" بە سەربەخۆییی باشووری کوردستان بدەن.

هەریەک لە حیزبەکانی پارتی دێمۆکراتی کوردستان، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، حیزبی سۆسیالیست- دێمۆکراتی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، حیزبی شیوعیی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی زەحمەتکێشان، ڕاشکاوانە ڕایانگەیاند کە لە ڕیفراندۆمدا دەنگی "بەڵێ" بە سەربەخۆییی کوردستان دەدەن و هەڵمەتێکیان بە ناوی هەڵمەتی "بانگەشەی بەڵێ" ڕێکخست کە لەلایەن بەڕێزان "مەسعوود بارزانی، سەلاحەدین محەممەد بەهادین، کۆسرەت ڕەسووڵ و محەممەد حاجی مەحموود" و چەند کەسایەتییەکی سیاسیی دیکە، ڕێبەرایەتی دەکرا.

لەم نێوانەدا بەرەیەکی تر هەبوون کە بە بەرەی "گومان" ناسرابوون کە بریتی بوون لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری کە ئەوکات بە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان دەناسرا. ئەو دوو لایەنە تاوەکوو کۆتا ڕۆژی پێش دەنگدان، بڕیاری یەکلاکەرەوەیان نەدا و بەهۆی ئەمەشەوە تووشی ڕەخنەیەکی زۆر بوونەوە. بەڵام لە ئەنجامدا ویستی زۆرینەی کوردستانییان ئەوانیشی ناچار کرد کە بێنە سەر هێڵ و دەنگی "بەڵێ" بە سەربەخۆییی کوردستان بدەن.

لەم نێوانەدا تاکە دەنگی نەخێر هەڵمەتی "نەخێر لە ئێستادا" بوو کە لەلایەن "شاسوار عەبدولواحید"ەوە ڕێبەرایەتی دەکرا و جەماوەرێکی زۆر کەمی لەگەڵ بوو.

ڕۆژی مێژووییی بەڕیوەچوونی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان

ڕۆژی ٢٠١٧/٩/٢٥ گشتپرسیی باشووری کوردستان ئەنجام درا و بە چوار زمانی ناوخۆیی لەسەر پەڕەی دەنگدان ئاماژە بە پرسیاری "ئایا دەتەوێت هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەربەخۆ بن؟" کرابوو.

لەم ڕیفراندۆمەدا، گەلی کورد لە باشووری کوردستان، بە ئیرادە و ورەیەکی پۆڵایینەوە بە دەم گشتپرسییەوە هاتن و زیاتر لە ٩٢ لەسەدی خەڵکی کوردستان، دەنگی "بەڵێ"یان بە "سەربەخۆیی باشووری کوردستان" دا. تەواوی پڕۆسەکە بە بەشداریی ٧٢ لەسەدی دانیشتووانی باشووری کوردستان ئەنجام درا.

ئەم بابەتە نەتەنیا لە باشووری نیشتمان، بەڵکوو لە هەر سێ پارچەکەی تری کوردستان و لە جیهاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ڕیفراندۆم لە باشووری کوردستان، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕژانە سەر شەقامەکان و پشتیوانییان لە خوشکان و برایانی خۆیان لە باشووری نیشتمان کرد و ئەو ڕۆژی مێژوویییەیان جێژن گرت. شایانی باسە کە دوای ئەوەی خەڵکی زۆرینەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەستی بەرپرسایەتیی نیشتمانییەوە ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی "بژی کوردستان و بەڵێ بۆ سەربەخۆییی کوردستان"یان بەرز کردەوە، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پەلامار دران و بە سەدان هاووڵاتی دەسبەسەر کران و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا. بەڵام ئەمە سەلماندی کە خواستی سەربەخۆیی لە هەر چوارپارچەی کوردستان خواستێکی گشتییە و ئاواتی هەر کوردێکی نیشتمانپەروەرە.

پێشوازیی گەرمی کوردستانییان لە کوردستانی گەورە و هەموو جیهان لە ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان، بێ وێنە بوو. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان ڕازێندرابوونەوە و خەڵک بە هەموو شێوەیەک کە پێیان کرابا، خۆشحاڵیی خۆیان دەردەبڕی و ئەمە نیشانەی زیندووبوونی هزر و هەستی نیشتمانی بوو لە ناخی هەر کوردێکی نیشتمانپەروەردا. هەروەها بە دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان سەلمێندرا کە ئیرادەی کوردستانییان بۆ سەربەخۆیی و سەربەستیی نیشتمانەکەیان قەت بە چۆکدا نایەت و ڕۆژی کوردەکانیش هەر دێت و دەگەنە ئاوات و ئامانجی لەمێژینەیان کە سەربەخۆییی هەموو بەشەکانی کوردستانە.

کاردانەوە جیهانییەکان سەبارەت بە ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان

ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان، زۆر بە جوانی دۆست و دوژمنی کوردی دەرخست. ئەم بابەتە لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە و هەر وڵاتێک بە جۆرێک هەڵوێستی نیشان دا.

لە ڕۆژی گشتپرسییەکەدا، هەریەک لە داگیرکەرانی کوردستان (عێراق، ئێران، سووریا و تورکیا) بەردەوام لە ڕاگەیاندنەکانیاندا هەواڵی گوتەی سەرۆکی وڵاتان و نوێنەرەکانیان بڵاو دەکردەوە کە دژی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان بوون. داگیرکەران زەندەقیان چووبوو. هەروەها ئەو وڵاتە ڕۆژاواییانەی هەمیشە باسی مافەکانی مرۆڤ و دێمۆکراسی دەکەن، بەپێچەوانەی مافەکانی مرۆڤ و دێمۆکراسی، دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان ڕاگەیاند، لەوانە ئەمریکا، بەریتانیا، ئاڵمانیا، ئیسپانیا و ئوسترالیا.

لەلایەکی ترەوە بولگاریا و هەرێمی کەتەلۆنیا و فەڕەنسا نیمچە پشتگیرییەکیان لەم ڕیفراندۆمە کرد و سوید و ئیسرائیل پشتگیریی خۆیان بۆ ویستی گەلی کورد دەربڕی.

ئاکام

ڕاستە ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧، بە زۆر هۆکاری نێوخۆیی و دەرەکی، سەربەخۆییی باشووری کوردستانی لێ نەکەوتەوە، بەڵام نیشانی دا کە سەربەخۆییی کوردستان هەمیشە ئاوات و ئامانجی کوردستانییانە و هیچ هێزێک ناتوانێت ئەم ئاوات و ئامانجە لە مێشک و هزری کوردستانییاندا بکوژێت.

 

KURDŞOP
685 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!