لافاوی گەورەی مهاباد لە بیرەوەرییەوە تا شیعر

دیاکۆ شاسواری 

رووداوە سروشتییەکان و کاردانەوەیان لەسەر ژیانی خەڵکی ئاسایی و باری ئابووری و کۆمەڵایەتی بەشێک لە مێژووی هەر ناوچە و نەتەوەیەک پێک دێنن. چون ئەو ڕووداوانە بۆ ماوەیەکی کاتی کۆی ژیان و یەکگرتووییی کۆمەڵایەتی و باری ژیانی تێکڕای کۆمەڵگا دەخەنە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە.

لە کوردستانیش زۆر ڕووداوی وا ڕوویان داوە بەڵام بە هۆی تۆمار نەکرانیان لە بیر چوونەتەوە. یەکێک لەو ڕووداوانەی لەلایەن ئەدیبان و نووسەرانەوە تۆمار کراوە، ڕووداوی ماڵوێرانکەری لافاوی مهابادە لە ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی (1936ی زایینی) واتە ‌هەشتاوحەوت ساڵ لەمەوبەر و لەوپەڕی نالەباری ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی خەڵکی مهاباددا ڕووی داوە. چەند ساڵ بەر لەو ڕووداوە مهاباد بە هۆی هێرشی ساڵداتی ڕووسەوە جارێک ببووە گۆمی خوێن و ١٠ هەزار کەس لە ١٤ هەزار حەشیمەتی ئەو شارە لە لایەن ڕووسەکانەوە قەتڵوعام دەکرێن و ماڵ و حاڵیان بەتاڵان دەچێ. پاش چەند ساڵ کە بەرە بەرە خەڵکی خەریکی پێکەوە نانی ژیانێکی تازە و سەر هەڵێنان لە ناو نەداری و ڕۆژە ڕەشییەکانی خۆیانن، ئەوجار و لە ساڵی ١٣١٥ی هەتاویدا واتە ٢٠ساڵ دوای هێرشی ڕووسەکان، لافاوێکی لەناکاو شاری مهاباد بە تەواوی وێران دەکا و خەڵکی دەخاتەوە دۆخێکی نالەبەری کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە.

 ئەو ڕووداوە هەم لە لایەن "قادر مەحموودزادە" ناسراو بە "دکتۆر ئاسۆ" لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا تۆمار کراوە و هەم لە لایەکی دیکەوە لە لایەن شاعیری بەرزی کورد "مەلا مارفی کۆکەیی"ەوە کراوە بە شیعر. هەر دوو کەسی ناوبراو بۆخۆیان لە کاتی هاتنی لافاوەکەدا لە مهاباد بوون و بە چاوی خۆیان ئەو لافاوە ماڵوێرانکەرەیان دیوە و ئاکام و لێکەوتەکانیان لەسەر خۆیان و خەڵکی شاری مهاباد دیوە و هەست پێ کردووە. بەڵام لە نێوان دیتن و گێڕانەوەی نووسەرێک کە بیرەوەری دەنووسێ و شاعیرێک کە ڕووداوێکی نالەباری سروشتی دەکاتە هەوێنی شیعر، جیاوازی زۆرە و لەو نووسراوەیەدا حەول دەدەین ئەو گێڕانەوە جیاوازانە و جۆری نیگای هەر دوو کەسایەتی بخەینە بەر باس.

قادری مەحموودزادە ناسراو بە دکتۆر ئاسۆ لە بیرەوەرییەکانیدا ئاوا باسی ئەو ڕووداوە دەکا:

شازدەی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣١٥ ڕۆژی هەینی من و باقیی هاوگەڕەکەکانم پەڕیبووینەوە ئەوبەری چۆمی و چووبوین بۆ گەشتوگوزار. منداڵەکان هەموو کەیفخۆش و بەنەشە بوون و پێدەکەنین. لە نێرینەی چۆمەکەدا لە نزیک باغی مکایل، خەریکی مەلەکردن بووین. لەپڕدا کردییە باو گێژەڵووکەیەکی سەیر و وڵات تاریک داهات. ئێمە خێرا لە چۆم هاتینە دەر و بە دوای جلەکانماندا کە با دەیبردن ڕامان کرد. خۆمان کۆکردەوە و (بەرەو شار وەرێ کەوتین) ئاسمان زۆر شێوەیەکی ترسێنەری بوو. هەورەکان هەر دەپەستێورانە سەریەک. هەورە تریشقە دەستی پێ کرد. ...بارانێکی سەیر دایدا. دەتکوت لە ئاسمانەوە ئاوی دەریا دەڕژێتە سەر عەرزی. ئاو بە لووزەو بە کۆڵانەکاندا دەخوشی. لە شاخەکانی دەوروبەری مهابادەوە لافاوێکی ماڵوێرانکەر بەرەو مهاباد هات و شاری داگرت. قەیسەری و ڕاستەی بازاڕ نوقمی ئاو بوون. بەرزاییی ئاوەکە لە شاردا دەگەیشتە سێ میتر. ماڵە قوڕێنەکان هەموو تێک تەپین و داڕووخان. دەرگای دووکانەکان لەبەرانبەر تەوژمی ئاو خۆی نەگرت و هەموو لە ڕێسمە دەرچوون. هەرچی دارایی و کەرەسەی ناو دووکانی خەڵکی بوو ئاو بردی. لافاوی ساڵی ١٣١٥ لە چارەنووسی ئێمەدا کارتێکەر و ماڵوێرانکەر بوو. هەرچی کڕیبوومان ئاوبردی و بابم لەسەر ساجی عەلی دانرا."

ئەوەی سەرەوە گوزارشتێکی کورت و پوختی نووسەر قادر مەحموودزادەیە کە لە نزیکەوە لافاوەکەی دیوە و بە کورتی نووسیویە کە چۆن دارونەداری خەڵکی تێداچووە و جارێکی دیکە خەڵکی مهاباد ئەوەی بوویانە لە کیسیان داوە. دیارە دوای ئەوە برسێتی و نەداری تەنگ بە خەڵکی هەڵدەچنێ و بازاڕی دزی و ڕاوڕووت و مەرگ و برسێتی ڕمێن پەیدا دەکا.

بەڵام هەر ئەو ڕووداوە، شاعیری مهابادی، مەلامارفی کۆکەییش، لە شیعرێکدا بە ناوی "شیعری لافاو" هێناویەتە بەر باس.

ئەوەی نووسەر بە زمانی پەخشان و بە ڕاگوزاری بەسەریدا تێپەڕیوە، شاعیری کارامە مەلا مارف کۆکەیی بە زمانی شیعر و لەچەند تابڵۆدا نەخشاندوویەتی. لە بەشی یەکەمی شیعرەکەیدا باسی پەرێشانیی خەڵکی مهاباد بۆ بەردەنگێک بە ناوی حەسەنزادە دەکا. دواتر بەر لەوەی هۆکاری پەرێشانیی خەڵکی باس بکا، باسی ئەوە دەکا کە بەر لە پەرێشانیی خەڵکی، شاری مهاباد و قەیسەری و بازڕا و عیماڕەت و کۆڵان و شەقامی چۆن ئاوەدان و ڕەنگین بوون و چۆن ژیانی تێدا گەشاوە بووە. لەبەشی سێهەمدا باسی بارینی بارانێکی سەیر و سەرسوڕهێنەر بە شیعرەکەیەوە زیاد دەکا و لە دوای ئەو لەبەشی کۆتاییدا باسی وێڕان بوونی شەقام بە شەقام و دووکان بە دووکانی شاری دەکا و باسی ئەوە دەکا ئەو لافاوە چۆن دارا و نەداری وەک یەک لێکردووە و هەمووانی تووشی ڕۆژە ڕەشی کردووە.

جودا لەوەی دەربڕینی مەلامارف بە زمانی کوردی و مامۆستایانە و هونەرییە و دەربڕین و گێڕانەوەی قادر مەحموودزادە ناسراو بە ئاسۆ بە زمانی فارسی و ڕاگوزەرییە، جیاوازییەکی دیکە لەو دوو گێڕانەوەدا هەیە، گێڕانەوەی مەحموودزادە زیاتر بە لای ئەوەدا دەشکێتەوە کە خۆی و بنەماڵەکەی چەندەیان زیان دیوە و پشتی لەو هەموو خەڵکە کردووە کە تێداچوون و ماڵیان نەماوە، بەلام گێڕانەوەی مەلا مارف ڕوو لە خەڵکە و باسی خۆی هەر تێدا نییە.

لایەنێکی دیکەش ئەوەیە کە مەلا مارف باسی مردنی ژمارێکی زۆر لە خەڵکی و تێداجوونی ڕادەیەکی زۆر ئاژەڵ و حەیوانی ماڵیی دەکا، کەچی قادر مەحموودازدە گوێی لەوانە خەواندووە و تەنیا باسی قوماشەکان و کەرەسەکانی دووکانی بابی دەکا کە ئاو بردوویەتی و خەڵکی دوای لافاو لێیان دزیون. ئەوەش نیشاندەری جۆری ڕوانین و ئاراستەی شاعیرێکی نیشتیمانی و نووسەرێکی ئاساییە.

 

بەشێک لە شیعری لافاوی مەهابد

 

تەلەیفوونێکی ڕووحانی بکەم بۆ لای حەسەنزادە

دەڵێن شەخسێکی عالی هیممەت و خۆش تەبع و ئازادە

 

لەئەم ڕۆژانەدا ئەو شارە وا پەرت و پەرێشانە

ئەگەر پیاو بشمرێ کەس لوقمە نانێکی بەکەس نادا

 

بەهەر کووچە و محەللێکدا دەڕۆم هەر شین و گریانە

کە گوێ دەگرم هەموو هەر شیوەن و هاوار و بێدادە

 

هەزار حەیف و هەزار ئەفسووس لە بۆ ئەم شارە ڕەنگینە

کە قابیل بوو ببێتە مەرکەزی هەر شاە و شازادە

 

بەڵێ با بێینەوە سەر باسی ئەهلی شار و بازاڕی

چ بەققاڵ و چ حەمماڵ تا بەچەرچی و پینەچی زادە

 

هەموو جومعە و شەوی سێشەممە حەتمەن هەر پڵاو خۆر بوون

ئەگەر نەیخوردبا پێی وابوو عەیب و نەقس و ئیرادە

 

لە هەوری قودرەتێ باری قەریبی نیو سەعات باران

چ بارانێک نە بارانێ کە وا مەعهوود و موعتادە

 

موبەدەل بوو بە چەندین سانییە ئەوسافی بارانی

بەیەک دەریایی عەمانی کە هیچ تاریخ نیشان نادا

 

ئەوەی دەیهاتە پێش هەر دەیڕفاند و لادی دەدا و دەیبرد

لە حەیوان و جیمادات و نەبات و ئادەمیزادا

 

بەمەوجی ئەوەللی دەیبردە ئەوجی ڕەفعەت و عیزەت

لەمەوجی سانەوەیدا گوم دەبوو وەک دوڕ لە دەریادا

 

چ ڕۆژێکە لە لایەک گرمە گرمی هەور و نالەی با

لە لایەک شیوەن و گریان و قوڕپێوان و فەریادە

 

لەبەر لاشەی جەنازەی ئادەمی و ئەقسامی حەیوانات

خەیاڵ دەکرا کە یەومی نەفخی سوورە و حەشری ئەجسادە.

KURDŞOP
604 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!