منارەی چۆلی، یادگاری سەردەمی ئیمپراتۆرییەکی کوردی


- سیپان سۆفیزادە

سەردەمی فەرمانڕەواییی سوڵتان موزەفەرەددین، (کە لە ساڵی ١١٩١ دەستپێدەکات و لەساڵی ١٢٣٢ کۆتایی دێت)، بۆ شاری هەولێر سەردەمێکی زێڕین بووە. لەو ماوەیەدا چەندین قوتابخانە، خانەقا، مزگەوت و منارە دروست کراون کە لەڕووی ئەندازەییەوە بێ وێنە بوون.

یەکێک لەو شوێنانە ناوازانەی لەم سەردەمە بۆ ئێمە بەجێ ماون، منارەی چۆلییە.

ئەو منارەیە یەکێکە لە دیارترین سیماکانی شاری هەولێر و لەگەڵ قەڵای دەستە خوشکی بوونەتە پاشکۆی ناوی هەولێر و بەم شێوەیە پایتەختی هەرێمی کوردستان وەک شاری "قەڵا و منارە" ناوبانگی دەرکردووە.

منارەی چۆلی یان  "منارەی مزەفەریە"، یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی شاری هەولێر، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای قەڵای هەولێر، وەک دەوترێت "قەڵاومنارە" دوانەی لە یەک جیانەکراوەن.

ئەم منارەیە کە بەرزییەکەی زیاترە لە 22 مەترە، تەمەنی نزیک 800 ساڵە و لەسەردەمی فەرمانڕەوایەتیی سوڵتان "موزەفەرەدین کۆکبەری"، حاکمی ئەوکاتی هەولێر و زاوای سوڵتان سەلاحەددینی ئەییوبی، دروست کراوە و مەزندە دەکرێت، ئەم منارەیە بەشێک لە مزگەوتێکی گەورە بووبێت کە لەو سەردەمەدا درووست کرابێ دواتر بە تێپەڕینی کات و بە هۆکاری جۆراوجۆر  و یەک لەوانەش شەڕ و هێرشکاریی گەلانی دەوروبەر، مزگەوتەکە ڕووخاوە و تەنیا منارەکەی ماوەتەوە.

لەسەردەمی فەرمانڕەوایی سوڵتان موزەففەردا بەهۆی گەشەسەندنی شار و ئارامی و دڵنیاییی هاوڵاتیان، بۆ یەکەم جار خەڵک لە دەرەوەی قەڵات جێگیر دەبن. سوڵتانیش دوو قوتابخانە و مزگەوتێک و بازاڕی قەیسەری لە خوارووی قەڵات دروست دەکات، بەڵام دوای کۆچی دواییی سوڵتان و هێرشەکانی مەغۆل، جەلائیری، ئیلخانی، سەفەوی و عوسمانییەکان بۆ سەر هەولێر، ئەم بەشەی شار لە دەرەوەی قەڵات تووشی ڕووخان و کاولبوون دەبێت. شوێنی منارە تا سەرەتای سەدەی ڕابردووش چۆڵەوانی بووە و کەسی لێ نەژیاوە، بۆیە ناونراوە "منارەی چۆلی".

منارەکە تا لەساڵی 1935 زایینی دەستکاری نەکراوە. لەم ساڵەدا حکومەتی عێراقی ئەوکات بە فەرمی بە شوێنەواری داناوە و دواتر لە ساڵی 1960ی زایینی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری عێراقی، شوورای بۆ دروست کرد و نۆژەنی کردەوە.

منارەی چۆلی لە گەچ و کەرپوچ و قسڵ، لەلایەن وەستا "مەسعود مرادە"وە دروست کراوە و شێوەی نەخش و نیگاری و ڕەنگاوڕەنگی لەسەر نەخشێنراوە.

منارەی چۆلی لە دوو بەش پێک دێت:

"بنکەی منارە" بریتییە لە بەشی خوارەوەی کە بە شێوازی ئەندازیاری دەرناکەوێت، چونکە شێوەی حەوت پاڵووە، لەوانەشە لەسەرەتاوە هەشت پاڵوو بووبێت، بەڵام بەهۆکاری درووستکردنی لە پاڵ دیواری مزگەوت بەم شێوازە درووست کراوە، چونکە دوای حەوت مەتر دیوارەکە دووبارە دەبێتەوە شێوەیەکی هەشت پاڵووی ڕێک، ئەم بەشە کە 15 مەتر درێژە، دوو دەرگای هەیە: یەکیان دەکەوێتە بەشی ڕۆژئاوا و دەرگاکەی تری دەکەوێتە ڕووی ڕۆژهەڵات. هەریەک لەم دەرگایانە پلیکانەیەکی هەیە بۆ سەرکەوتن بۆ سەرەوەی منارەکە کە 110 پلەیە و بەشێوازی پێچاوپێچ، کە یەکتری نابڕن و ئەگەر دوو کەس لە هەرکام لە دەرگاکانەوە هاوکات بچنە ژوورەوە و بە پلیکانەکاندا وەسەر کەون، تا کۆتاییی منارەکە یەکتر نابینن. سەرجەم نەخشەکانی ئەم بەشە لە خشت و تاق و پەنجەرەی داخراو پێکدێت.

بەشێکی دیکەی "لوولەی منارەیە" بریتییە لە بەشی سەرەوەی منارەکە و بە تیرەی 21 پێ و بەرزایی 22.10 مەتر، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر بەشی دووەم و بە شێوەی لوولەیی دروست کراوە. لەوانەیە لەکاتی دروستکردندا بەرزتر بووبێت. چونکە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە تێکچووە و بەشی سەرەوەی ڕووخاوە و نۆژەن نەکراوەتەوە.

منارە شێوەیەکی جوانی هەیە و لەڕووی مێژوویی و ئاینییەوە بایەخی خۆی هەیە و لەڕووی ئەندازیاریشەوە بەشێوازێک دروست کراوە، کە تایبەتە و هیچ منارەیەکی تری لەم شێوەیە لە هیچ شوێنێک دروست نەکراوە.

منارە ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن وڵاتی "چیک"ەوە نۆژەن کراوەتەوە و ڕێگری کراوە لەوەی لەناوبچێت. تا بەر لە نۆژەن کردنەوەی لووتکەی منارەکە بەشێکی ڕووخاوە و ئێستا بەجۆرێک نۆژەن کراوەتەوە کە ئاوی باران ناچێتەوە ناو منارەکە و پارێزراوە.

KURDŞOP
527 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!