مێژووە ناوچەییەکانی کورد و ئاوڕدانەوەیان لە خەڵکی ڕەشۆکی

یەکێک لەو مێژووە ناوچەییانەی کە لەسەر کوردستان نووسراوە، کتێبی مێژوویی «زوبدەتوتەواریخ» نووسراوی «مەلا محەممەدشەریفی قازی سەنەندەجی»یە.

 

ئاڵا کۆمار

یەکێک لە شێوازەکانی مێژوونووسی، نووسینی «مێژووی ناوچەیی»یە. بنەمای بێچمگرتنی ئەو شێوازە دەگەڕێتەوە سەر خۆشەویستیی وڵات و نیشتمانپەروەری و شانازیی نیشتمانی؛ واتە نووسەر بە پێی هەستێکی تایبەت کە بۆ زێدی خۆی هەیەتی، ئەو جوگڕافیایە هەڵداوێرێ و تێدەکۆشێ پێناسەی جیاوازی بۆ پێک بێنێ و لە چاو باقیی ناوچەکان شکۆیەکی تایبەتی پێ ببەخشێ.

بەڵام یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مێژووی ناوچەیی ئەوەیە کە لەوەڕا کە زۆرتر سەر ناوچەیەکی تایبەت ورد دەبێتەوە، دەرفەتی هەیە و بۆی دەلوێ کە لە ڕەوتی مێژوونووسینی (زاڵ کە مێژوو لەوێدا بۆ دەسەڵاتی سیاسی تەرخان دەکرێ)، دەرباز ببێ و تیشک بخاتە سەر ژیانی خەڵکی ڕەشۆکی و دەوری ئەوانیش لە مێژوودا بێنێتە ئاراوە. واتە مێژووی ناوچەیی زیاتر پەرژاوەتە سەر لایەنی کۆمەڵایەتیی مێژوو، کە پەسیڤ کردن و پشتگوێخستنی ئەو لایەنە، خەسارێکی گەورەی دەقە مێژووییەکانە.

مێژووی کۆمەڵایەتی و گێڕانەوەی ڕوونی ژیانی خەڵکی ئاسایی، یەکێک لە ناوەڕۆکە پڕ بایەخەکانی مێژوویە کە ئاستێکی بەرین لە ژیان و فەرهەنگی مرۆڤی ڕابردوو لێک دەداتەوە و تیشک دەخاتە سەر پێکهاتە وپڕۆسە و ئاکامی کردەوەی مرۆڤ لە کۆمەڵگادا.

ئەگەر مێژوو تا ئەو ئاخرییانە تەرخانی ژیانی دەسەڵاتداران و دەس ڕۆیشتووان کراوە، ئەوە مێژووی کۆمەڵایەتی یەکسەر تەرخان دەکرێ بە ژیان و هەڵسوکەوتی خەڵکانی بندەستە و ئاسایی و، ڕۆڵی کۆمەڵایەتیی ئەوان لە ئاستەکانی جۆراوجۆری پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنوێنێ. لەوەڕا کە لە سەرەتاوە باسمان کرد، لە مێژووی ناوچەییدا بەرباسە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەرکەوتووە و مێژوونووس بۆ ئەفراندنی پێناسەی کۆمەڵایەتی، حەولی داوە لە دەقی خۆیدا وێڕای نووسینی مێژووی ئەو ناوچەیەی تێیدا ژیاوە، بپەرژێتە سەر کەسایەتییە شازەکانی ناوچە و تەنانەت کۆچەر و سەحابەی پێغەمبەر کە ڕوویان کردۆتە ناوچە و هەروەها ئاوڕێکیش وە ڕێژەی شاعیران و ناودارانی پانتای زانست و بازرگانان و پیشەگەران و کەسایەتییە ئایینیەکان بداتەوە.

بێجگە لەوەش بەشێک لە نێواخنی کارەکەی پاوان دەکا بۆ ناساندنی بیناکان و کۆشک و تایبەتمەندیی جۆگڕافی و دێمۆگڕافی و تەنانەت جاروبار باسی ئابووری و کشتوکاڵ و پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکیش لە دەقی مێژووییی خۆیدا دەخاتە بەرباس.

هەڵبەت پێویستە ئەوە بوترێ کە ئەو جۆرە مێژوونووسینە کێشە و درمی خۆی هەیە و مێژوونووسان بە پێی هەست و خۆشەویستییەک کە بۆ زێدی خۆیان هەیانە، دەکەونە داوی ڕکابەرێتی لە گەڵ ناوچەکانی ترەوە و حەول دەدەن بۆ داتاشینی پیرۆزە و هەندێ جار دەستەوداوێنی ئەفسانە دەبن و قودسییەتی سەیر بە پێناسەی نیشتمانەکەیانەوە دەلکێنێن کە بە پێی ئاوەز و لۆژیکی مێژوویی هەرگیز ناسەلمێنرێ. بێجگە لەوەش هەرچەند وەک باسمان کرد مێژوونووس ئاوڕێکیشی وە خەڵکی شاز و شوێنی شاز و کەسایەتییە شازەکان داوەتەوە بەڵام سەرەڕای ئەوەی باسمان کرد، ئێستاش ناکرێ بڵێین ئەو جۆرە مێژوویە لە باری خستنەڕووی باسە کۆمەڵایەتییەکانەوە زۆر بەهێزە، چونکە لە ڕاستیدا ئەو مێژوونووسییەش وەک باقی مێژووەکانی زنجیرە پاشایەتییەکان، زیاتر خۆی خەریک کردووە بە نووسینی مێژووی سیاسی و شەڕڤانی و قورساییی دەقەکە هەر دەگەڕێتەوە سەر ئەو باسانە و باسی خەڵکی ڕەشۆکی و شێوەژیان و هەڵسوکەوت و مێژووی هزر و بڕوایان هەر ون و نادیارە. بەڵام وەک کوتمان مێژووە ناوچەییەکان بە هۆی وردبوونەوە و پێداگری لەسەر ناوچەیەکی تایبەت، لە مەڕ ناسینی مێژووی کۆمەڵایەتییەوە هێندێک باشتر دەردەکەون و ناوەڕۆک و بابەتی پەیوەندیدار بە کۆمەڵگا؛ (هەرچەند زیاتر هەر کۆمەڵگای دەستڕۆیشتوو) تێێاندا دەس دەکەوێ.

لەسەردەمی قەجەرەکاندا ڕێژەیەکی باش  مێژووی ناوچەیی لە سەر کوردستان نووسراوە کە لێرەدا هەندێکیان دەسنیشان دەکەین. «زبدە التواریخ» نووسراوی مەلا محەممەد شەریفی قازی سنەیی، «تاریخ اردلان»ی مەستوورەی کوردستانی، «سیر الاکراد»ی فەرهادمیرزای موعتەمێدودەولە، «لب التواریخ»ی خوسرەوبەیگی ئەردەڵان، «حدیقە ناصریە و مڕاة الظفر» میرزا عەلی ئەکبەری کوردستانی،  چەند دانە لەو دەقە ناسراوانەن کە تایبەتی ناوچەی کوردستانن.

ئەگەر بمانەوێ لەو دەقانەدا بگەڕێین و بزانین داخۆ چەندەمان بابەتی کۆمەڵایەتی دەس دەکەوێ، لە ڕاستیدا دەکرێ بوترێ بە بەراوەردکردن لەگەڵ زۆربەی مێژووە ناوچەییە شازەکانی سەردەم، نووسەرانی ئەو چەند دەقە بە دەگمەن باسی کۆمەڵگایان نووسیوەتەوە و ڕەوتی نووسینی مێژووە ناوچەییەکەیان نەگەیشتووەتە ئاستی بەرز و  باسی کۆمەڵایەتی جار و بار نەبێ، لە چەند هێڵ زیاتر نەترازاوە و ژیانی مرۆڤی ئاسایی و ڕەشۆکی کورد هێندەی دەرفەت نەبووە کە تەنانەت لە مێژووی تەرخانکراو بە زێدی خۆیدا، دەنگ بداتەوە.

یەکێک لەو مێژووە ناوچەییانەی کە لەسەر کوردستان نووسراوە، کتێبی مێژوویی «زوبدەتوتەواریخ» نووسراوی «مەلا محەممەدشەریفی قازی سەنەندەجی»یە.

مەلا محەممەد شەریف ساڵی ١١٥١ ی کۆچی مانگی  لە دایک بووە. لە بنەمەڵایەک خوێندەوار (کە لە زنجیرەی مامۆستا ئایینییەکانی کوردستان بوون) هەڵکەوتووە و بێجگە لە سەوادی ئایینی، ئەستێرەناسییشی زانیوە و مێژووی نووسیوە و بە خۆش خەتیش بە ناوبانگ بووە. لە کۆتاییەکانی سەدەی دوازدەی کۆچی مانگیدا، مەلامحەممەد قازیی ناوچەی ئەردەڵان بووە و هەر لەو ساڵانەشدا کتێبی «زوبدەتوتەواریخ»ی بە نێوی "خوسرەوخانی والیی ئەردەڵان"ەوە نووسیوە. ئەو کتێبە لە دوازدە بەشدا نووسراوە کە بەشی یازدەهەمی تایبەتی ميژووی ناوچەی کوردستانە و دەکرێ بڵێین یەک لە سێی کتێبەکە پاوان کراوە بە زانیاریی بەشی کوردستان و باقیی کتێبەکەش مێژووی گشتیی ئێران و ئیسلامە. نووسەر مێژووی ناوچەی کوردستانی لە سەرەتای دەسەڵاتی «بابە ئەردەڵان»ەوە دەست پێ کردووە و تا سەردەمی ئەمانوڵڵاخانی گەورەی نووسیوەتەوە و زانیاریی زۆر باشی لەسەر سەلماندن یان سڕینەوەی دەسەڵاتدارانی ئەردەڵان لە لایان زنجیرەپاشایەتییەکانی سەفەوی و ئەفشار و قاجارەوە بە دەستەوە داوە.

ئەگەر لە دەقی ئەو کتێبەدا بۆ بابەتی پێوەندیدار بە کۆمەڵگاوە بگەڕێین، بێگومان هیچی وامان دەست ناکەوێ و نووسەر هەر وەک زۆربەی مێژوونووسان و بە ڕەچاو کردنی ڕەوتی زاڵ بەسەر مێژوونووسیی ئەوکاتدا، هێندی گرینگی بە ژیانی خەڵکی ڕەشۆکی نەداوە و زیاتر مێژووی سیاسی و شەڕڤانیی باس کردووە. تاقە شتێک کە وەک بابەتی کۆمەڵایەتی دەس دەکەوێ، باسی باج ئەستێنیی دەست و پێوەندەکانی دەوڵەتی نادرشای ئەفشار لە خەڵکە و گوشار و کێشەی باج ئەستێنەکان تا ڕادەیەک دەخاتە ڕوو. بە گوێرەی دەقەکە هاوکات لەگەڵ دەسەڵاتداریی «سوبحان وێردی خان»ی کوڕی «عەبباس قولی خان»ی ئەردەڵان، زێدەخوازیی دەوڵەت پەرەی سەندووە و خەڵکی بێ ئەنوا دەروەستی ئەو گوشارە نەهاتوون و ڕێی کۆچیان گرتووەتە بەر و زێدی خۆیان جێ هێشتووە. ئەو جار سوبحان وێردیخان بۆخۆی ڕەگەڵ باج ئەستێنەکان دەکەوێ و هەڵدەکوتنە سەر خەڵکی ناوچەی کوردستان بۆ باج، کە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆرتر لە ترسی شا ئاوارە بن و ماڵ و دیاری خۆیان بەجێ بێڵن و لە ئاکامدا تەنیا چەند کەسێکی نێوبەدەرەوە کە عەیبەیان پێ عەیب بوو و لە ڕوویان هەڵنەهاتبوو ئاوارە بن، دەمێننەوە. ئەو ڕەوتە تا پاش کوشتنی نادرشا بە دەست شەڕڤانانی نزیک بە خۆی، درێژەی دەبێ و ئەو خەڵکەی لە ترسی بێ ئەنوایی و هەژاری بە دەس ڕاسپاردەکانی نادرشاوە کۆچیان کردبوو، تا پاش مەرگی ئەو، ناگەڕێنەوە.

ئەوە هەموو ئەو ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتییەیە کە "مەلامحەممەد شەریف" لەوێدا سووکە ئاوڕێکی وە خەڵکی ڕەشۆکی داوەتەوە، کەچی ئەوەندە نییە کە ڕۆچنەیەکی لانی کەم هەندێک بەرین بەرەو سەربوردەی مێژووی خەڵکی کوردی ئەو سەردەم لە ئێمە بکاتەوە.

KURDŞOP
524 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!