قەڵای دێرێ, قەڵایەکی ئاشووری و میراتێکی گرینگی بەجێماو لە میرنشینی سۆران


 

سیپان سۆفیزادە

 

قەلای دێری دەكەوێتە بەشی رۆژئاوای داوێنی زنجیرە چیای پیرمام و بە دووریی ٣٨كیلۆمەتر لە ناوەندی شاری هەولێر هەڵکەوتووە و تەنیا ٢كیلۆمەتر لە لای چەپی ڕێگای هەولێر و دارەبزمارە و گوندی سەرووكانی دوورە.

قەڵاكە لە سەر گردێكی بەرز دروست کراوە و پێک هاتووە لە شوورایەكی پتەوی قایمكاریی سەربازی كە بە چوار دەوری گردەكەدا دروست كراوە و لە ناو قوڵە و دیوارەكانیدا كونی مەتەرێزی بەرگری هەیە.

پاشماوەی دیوارەكانی لە ١تاكوو ٦م بە بەرزی ماوە. هەر لە ناو قەڵاکەکەدا پێنج ژوور و هۆڵێک و حەوشەیەكی گەورە بە پێوانەی ٢٣×٢١,٧٠م و بیرە ئاوێک دەبیندرێ.

قەڵای دێرێ لە پارێزگای هەولێر سەردەمانێک قەڵایەكی  گەورەی پاراستنی دەسەڵاتی میری میرنشینی "سۆران" بووە و ئێستا بووەتە وێرانە و جگە لەوەی وەک ئاسەوارێكی كۆنی سەردەمی پاشایەتی میری سۆران ماوەتەوە، لە قەڵایەک ناچێت كە بەشێک بێت لە كەلتوور و شوێنەواری كوردستان. هەرچەند مێژوونووسان پێیان وایە مێژووی قەڵاکە زۆر لە مێژووی میرنشینی سۆران کۆنترە و تەنیا لە سەردەمی دەسەڵاتداریی ئەم میرنشینە کوردییەدا نۆژەن کراوەتەوە.

بەپێی "سەرچاوە مێژووییەكان" درووستكردنی قەڵای دێرێ دەگەڕێـتەوە بۆ هەزارەی یەكەمی پێش زایین، واتە سەردەمی "ئاشوورییەكان"؛ دواتریش لە سەردەمی میر مستەفای باوكی میر محەممەد پاشای ڕواندز ئاوەدان كراوەتەوە. قەڵاكە لە سەردەمی خۆیدا لە ماوەی ساڵانی ١٨٠٠ تا ١٨٣٨ی.ز بە مەبەستی چاودێریكردنی ڕێگا بازرگانییەكانی نێو میرنشینی سۆران لەگەڵ میرنشینە هاوسێكانی و وڵاتانی وەک قاجارییەکانی ئێران و توركیای عوسمانی بەكارهاتووە. بەپێی گێڕانەوەكانی خەڵكی ناوچەكە، تا ساڵانی سەرەتای سەدەی بیستەم خەڵكی تێدا ژیاوە و وەک حەسارێک وابووە. دوواتر چۆڵ كراوە و كراوە بە سەربازگەیەكی حكوومەتی عێراقی و دواتر ئەم وێرانەیەی ئێستای لێ ماوەتەوە.

قەڵاكە بیرێک و خەزانێكی ئاوی تێدا ماوە كە ئێستا پڕكراوەتەوە، شەش قولـلەی بۆ چاودێریكردنی ڕێگەی بازرگانی و خەڵک لە نێوان موسڵ و ئێران و توركیا هەبووە. خەڵک و بازرگانەكان لە شارەكانی كەركووک و هەولێر بە ڕۆیشتن بەڕێگای گوندەكانی بەحركە و بەستۆرەدا دەگەیشتنە ئەم قەڵایە.

لە پەڕاوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێم بۆ ناساندنی شوێنەوارەكانی هەرێمی كوردستان، قەڵای دێرێ بەم شێوەیە پێناسە كراوە: "ئەم قەڵایە دەكەوێتە دووریی ٤٠ كم لە باكووری شاری هەولێر، لەسەر ڕێگای هەولێر دارە بزمارە لە نزیگ گوندی دێرێ، كە هەر بە ناوی ئەم گوندەشەوە ناونراوە. ئەم قەڵایە لەسەر گردێكی توورەگەڕێژ درووست كراوە و بەرزیەكەی ٣٩ مەتر دەبێت."

قەڵاکە لە بینایەکی شەش لایەنی ناڕێک پێكهاتووە و شەش بورجیشی هەیە، بە لای باشووری ڕۆژهەڵاتی قەڵاكەدا پاشماوەی مزگەوتێک و ژمارەیەک خانووی لێ دیارە، بەهۆی لێكچوونی شێوازی دیوارەكان و ئەو كەرەستانەی قەڵاكەیان پێ درووست كراوە، مەزندە دەكرێت لەگەڵ قەڵاكە هاوسەردەم بن. بەشێوەیەكی گشتی قەڵاكە لە بەردی ناڕێک و ماددەی قسڵ دروست كراوە و جگە لە بورجەكانی ژمارەیەک ژووری هەیە كە بەسەر حەوشێكی گەورەدا دەكرێنەوە. لە ناوەڕاستی قەڵاكەدا بیرێكی ئاوی تێدایە كە لە كانیاوەكانی دەوروبەری بەكارێز ئاویان بۆ ڕاكێشاوە، تا حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو ئاوی هەر تێدا بووە.

قەڵاكە پەراوێزخراوە و پێویستی بە نۆژەنكردنەوە و ناساندنی زیاتر هەیە، لە وەرزی بەهاردا، بەتایبەت لە دوو مانگی یەكەمی ئەم وەرزەدا، خەڵكانێكی زۆر سەردانی ئەم شوێنە دەكەن و بووەتە ناوچەیەكی گەشتیاری.

ئەم قەڵایە لە ساڵانی رابردوودا لە لایەن بەشێک لە هاونیشتمانییانەوە زیانی پێ گەیشتووە و مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە. هەرچەند لە پلانی حکوومەتدایە نۆژەن بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تاوەکو ئێستا نۆژەنکردنەوەی نەچووەتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە.

لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە پێی ڕووپێویی  بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەولێر، زیاتر لە هەزار شوێنەواری مێژوویی هەن و تاكوو ئێستاش گەڕان و ڕووپێوی بەردەوامە. بەناوبانگترین شوێنەوارەكانی هەولێر، قەڵای خانزاد و دوین، قەڵای دێرێ و بانەمانن، كە ئێستا هەرهەموویان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە.

KURDŞOP
554 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!