گردی دنخەی شنۆ و شارستانییەتێکی چوار هەزار ساڵە

شنۆ

شاری شنۆ ئاسەوارێکی مێژووییی زۆری لێ هەڵکەوتووە کە زۆربەیان تەنیا بە تابلۆ یا نووسراوەیەک  دیاری کراون و هیچ لایەن و ئۆرگانێک لە ئێراندا لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکردوون. ئەوەش خۆی قازانجێکە بۆ مێژووی نەتەوەی کورد. لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو شارە گردێک هەڵکەتووە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٣٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر.

هەڵکەوتەی ئەو گردە مێژووییە جۆرێکە کە لە نێوەڕاستی دەشتی شنۆدا هەڵکەوتووە. چونکە ئەو شارە بە شاخ و کێوی بەرز و نزم چواردەوری گیراوە. لەبارەی ئەو گردەوە لێکۆڵێنەوەیەکی زۆر نەکراوە، بەڵام ئەوەندی لەبەر دەستە ئەوەیە کە ساڵی ١٣١٤ی هەتاوی (1935ی زایینی)، کەونارناسێکی بریتانیایی بە ناوی "سێرئوراڵ ستین" وێڕای لێژنەیەکی کەوناراناسیی ئێرانی سەردانی شنۆیان کردووە و دواتر لەسەر ئەو گردە لێکۆڵینەوەیان کردووە.

ئەو لێکۆڵینەوەگەلەی لەسەر ئەو گردە مێژووییە کراون، بەهۆی ئەوەی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بەسەردا هاتووە تەواو نەکراون و مێژوویەکی زۆری تێدا ماوەتەوە کە دەستی لێ نەدراوە و لە سینگی خۆیدا شاردوویەتەوە. ئەو گردە هەر لەلایەن ئەو کەوناراناسە بریتانیاییەوە بە جیهان ناسێندراوە.

پێش شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی ئەو گردە گوندێک بووە و خەڵكی لێ نیشتەجێ بووە. بەڵام دواتر بەهۆی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی ئێران، دانیشتووانی ناچار بوونە ئەو گوندە چۆڵ بکەن. هەتا ئێستاش ئاسەوارەکانی ئەو گوندە دیارە. هەڵکەوتەی ئەو گوندە بە چەشنێکە کە ڕووباری گادەر بە تەنیشتیدا تێپەڕ دەبێت و کانیاوی زوڵاڵی تێدا هەڵکەوتووە. ئەو ئاوە وای کردووە زەوی و مەزراکانی دەورووبەری ئەو گوندە زۆر ئاوەدان و پڕ خێر و بەرکەت بن.

"سێرئوراڵ ستین" لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا باس لەوە دەکات ئەو گردە مێژووییە لە دوو بەش پێک هاتووە کە دەگەڕێنەوە بۆ دوو سەردەمی پێش ئیسلام و داوی ئیسلام. ناوبراو دەڵێت ئەو گردە لە چەندین تەبەقە پێک هاتووە کە هەر تەبەقەیەک شوێنی ژیانی خەڵکانێک لە مێژوودا بووە. گرینگیی ئەو گردە زیاتر لە بەشی پێش ئیسلامەکەیدایە.

کاتێک ستین کاری هەڵکۆڵینی لەسەر ئەو گردە کردووە، قەبرێکی دیتووەتەوە کە دوو جەنازەی تێدا بووە کە یەکێکیان بە شێوەی دانیشتوو بووە و ئەوەی دیکەیان درێژ کراوە. لە ژێر سەری یەکێک لەو جەنازانە خەنجەرێکی مس هەبووە و لەسەر زگی ئەو جەنازەیەش ئاڵقەیەکی ئاسن و هەندێک گۆزە و شتی دیکەی وەک کاشی لەگەڵ ئەو جەنازەیە هەبووە. ستین لەو باوەڕەدا بووە کە ئەو قەبرە مێژووەکەی بۆ ٤ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

هەڵکۆڵینەکانی دیکەی کە هەر ستین لەسەر ئەو گردە ئەنجامی داون باس لەوە دەکەن کە شوێنەواری چاخی بەردین لەو گردەدا هەیە و خەڵکانێکی ئەو سەردەمە تێیدا نیشتەجێ بوونە. لە نزیک ئەو گردە چەند گردی بچووکی دیکە هەیە کە گردی مزە لە هەمووان بەناوبانگترە. ڕدێن‌سپییەکانی ئەو شارە دەڵێن مز بە مانای باج دێت کە ئەو گردە شوێنی باج وەرگرتن لە خەڵکی بووە.

بەهۆی ئەوەی ئەو گردە زۆر کۆنە، بە داخێکی زۆر لە چاوی کەسانی هەلپەرەست ون نەبووە و بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار لە لایەن ئەو کەسانەوە هەڵکۆڵراوە بۆ ئەوەی شتێک بدۆزنەوە و بە سەروەت و سامانێک بگەن. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە نە ئەو کەسانە دەستیان بەو ئاسەوارە گەیشتووە نە دەسەڵاتیش پێش بەو کەسانە دەگرێت کە ئەو ئاسەوارە مێژووییە هەڵنەکۆڵن و زیانێ پێ نەگەیەنن.

زۆربەی ئەو کەسانەی خەریکی هەڵکۆڵینی ئەو گردە مێژووییەن کەسانێکن کە لەلایەن دەسەڵاتەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت. هەتا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن ئیدارەی میراتی کەلتوریی ئێران و تەنانەت پارێزگای ورمێوە ئەو گردە نەپارێزاوە و تەنیا تابلۆیەک لەو گردە چەقێنراوە کە باس لە ناسنامەی ئەو گردە دەکات.

لەبارەی ئەو گردە مێژووییەوە ستین و هاوکارەکانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەکانی خۆیان لە کتێبێکدا بە ناوی "شارستانییەتی دنخه" چاپ کردووە. ئەو کتێبە دوای زیاتر لە ٥٠ ساڵ لەلایەن دوو کەس بە ناوەکانی سەمەد عەلیوون و عەلی سەدرایی چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەوەی دوای ئەو هەمووە ساڵە ئەو لێكۆڵینەوانە وەک کتێبێک چاپ و بڵاو دەکرێنەوە خۆی جێگای پرسیارە.

وەرگێڕەکانی ئەو کتێبە باس لەوە دەکەن کە پێش گردی حەسەنلوو لە نەغەدە، ئەو کەوناراناسانە سەرنجیان بۆ ئەو گردە چووە و هەر بۆیە کاتێک دەستیان بەو گردە ڕادەگات بە زووترین کات دەست بە لێکۆڵینەوەکان دەکەن. هەر لە دەسپێكی لێکۆڵینەوەکان ڕاپۆرتێک دەنووسن کە ئەو گردە بەشی پێش ئیسلامەکەی گرینگترین بەشیەتی و مێژوویەکی کۆن لە دڵی ئەو گردەدا هەیە کە ئەگەر بتوانرێت کاری لەسەر بکرێ زانیاریی زۆر بە نرخی بۆ مێژوو تێدایە.

ئەوەی ئێستا لە گردەدا هەیە تەنیا ئەوەندە لێکۆڵینەوەیە کە بە شێوەی کتێب چاپ کراوە و هیچی دیکە. ئیدارەی میراتی کەلتوورییش ئیزن نادات هیچ لایەنێک بە هیچ ناوێک کاری لەسەر بکات. تەنانەت گرووپێکی کەوناراناسی داوایان کرد کارێکی هاوشێوەی ستین لە بەشی ئیسلامییەکەیدا بکەن بەڵام ئەوەش لەگەڵ دژایەتیی کاربەدەستانی دەسەڵاتی تاران بەرەوڕوو بوونەوە. بۆیە دەردەکەوێت ئەو گردە چەندە بەهایەکی گرینگی بۆ نەتەوەی کورد هەیە کە پێشی پێ دەگیرێت هەتا شاراوە بمێنێتەوە.

 

 

KURDŞOP
568 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!