کانلیکویو: چیرۆکی دارێک و بیرێکی خوێناوی

ئەو دارە بووە بە بیری سێورەگ و ئێستاش هەر وایە. هەموو باڵندەکان، پیرەپیاو و لاوی تازە پێگەیشتوو، ڕۆژانە دێن و لەژێر سێبەری ئەم دارە دادەنیشن و زۆرێکیان ئاگاداری مێژوو و ناوەکەی نین.

مەم ئال

لە هەموو شارێکدا شوێنێک هەیە کە جێگەی خۆی لە یادەوەریی ئەو شارەدا هەیە، ئەو شوێنەش هەمیشە مێژوو و پرسێکی هەبووە و بووەتە سیمبولی ئەو شارە و هەروا ماوەتەوە. ئەو شوێنانەی باسیان دەکەین زۆرجار یان چیرۆکێکی دڵتەزێن یان ڕووداوێکی تراژیدیی کۆمیدییان هەیە.

لە ناوچەی سێورەگی ڕحا پارکێک بە ناوی کانلیکویو (بیری خوێناوی) هەیە، هەرچەند چەندین جار ناوی جیاجیای لێ نراوە، بەڵام خەڵکی سێورەگ وەک "بیری خوێناوی" دەیناسن.

گرینگ پارک نییە، بەڵکوو ناوی ئەو پارکە و ئەو دارەیە کە ٤٠٠ ساڵە ماوەتەوە. ڕەنگە لەوەش زیاتر بێت، بەڵام بە باشی نەزانرێت. بەپێی هەندێک زانیاری، ناوی ئەم بیرە هی سەردەمی عوسمانییەکانە، باسی سەدەی ١٦-١٧ دەکەین. لەو کاتەدا کەسێک هەبوو بە ناوی کویوجو موراد پاشا. موراد پاشا بە ناوی دەوڵەتەوە خەڵکی هەر شارێک کە تێیدا دەمایەوە، دەچەوساندەوە. سەری خەڵکی دەبڕی یان بە زیندوویی فڕێی دەدایە نێو بیرەکەوە. بەم شێوەیە ناوی بە دەوروبەردا بڵاو بووەوە.

هەروەها موراد پاشا ماوەیەک لە سێورەگ مایەوە، لەو کاتەوە ئەم بیرە لەم پارکەدا ماوەتەوە و ئەم ناوەش لەوێوە هاتووە. بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە، لە قەرەجداخ گوندێک هەیە بە ناوی Üçkuyu (سێ بیر)، کە مەسەلەکە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە. دەڵێن ڕۆژێک ئەم موراد پاشایە جلەکانی دەگۆڕێت و دەچێت بۆ سەردانی کۆچەرەکانی قەرەجداخ و خۆی بە کەسێکی تر دەناسێنێت. کۆچەرەکانی قەرەجداخ ڕێزی لێ دەگرن، خواردن و خواردنەوە دەبەنە نێو خێمەکانیان. پاشان موراد پاشا لێیان دەپرسێت، ڕای ئێوە لەسەر عوسمانییەکان و موراد پاشا چییە؟ کۆچەرەکانی قەرەجداخیش زۆر قسەی خراپیان لەسەر دەڵێن. دوای ئەوەی موراد پاشا خواردنەکەی دەخوات و ماڵاواییان لێ دەکات، چونکە لەو کاتەدا کاری دیکەی هەیە، هیچ ناکات، تەنیا تێدەگات ئەو کۆچەرییانە کێن و ناویان چییە. دوای تەواوکردنی کارەکەی لەگەڵ کۆمەڵێک سەربازی عوسمانی دەگەڕێتەوە قەرەجداخ و دەیانکوژێت و فڕێیان دەداتە نێو بیر و ماڵەکانیان تاڵان دەکات. ئەم گوندەی Üçkuyu لەو کاتەوە وەک Kanlıkuyu ماوەتەوە. با بگەڕێینەوە بۆ کانلیکویو.

چیرۆکی ئەم بیرە بە لایەک، سەرسووڕهێنەرترین شت ئەوەیە کە هەرچەندە دەمی بیرەکە بە کۆنکرێت داخراوە، بەڵام دارێک کە ٤٠٠ ساڵە وەستاوە، لە نزیکیەتی. ئەم دارە تووە وەک سێحرێک وایە بۆ سێورەگ کە ٤٠٠ ساڵە هەیە. سێورەگی دەڵێن ئەم دارە ڕەگی خۆی بە زەوی داوە و گەیشتووەتە بیرەکە، هەر بۆیە ئەم دارە کە لە ساڵی ١٦٥٥ چێنراوە تا ئێستاش ماوەتەوە.

ئەو دارە بووە بە بیری سێورەگ و ئێستاش هەر وایە. هەموو باڵندەکان، پیرەپیاو و لاوی تازە پێگەیشتوو، ڕۆژانە دێن و لەژێر سێبەری ئەم دارە دادەنیشن و زۆرێکیان ئاگاداری مێژوو و ناوەکەی نین. ئەم دارە کە چەندین سەدە وەستاوە، شایەتحاڵی تەواوی مێژووی سێورەگ بووە. هەموو کوشتن و فەتحەکانیانی بینیوە.

کێ دەزانێت ئێستا ئێسکەکانی کێ لەژێر ئەو بیرەدایە؟ کەس داوای نەکرد، بۆیە ماوەیەک شارەوانی و ئاگرکوژێنەوەکانی شارەوانی بۆ پێداویستی ئاوەکانیان، بەکاریان هێنا، دواتر بە کۆنکرێت دایانخست. ئێستا کەس نازانێت ئەو ئاوە بۆ کوێ دەڕوات، چی لەژێر ئەو بیرەدا هەیە.

شاعیری ناودار "ئەحمەد عارف" کە بەشێکی تەمەنی منداڵیی لە سێورەگ بەسەر بردووە، لە چاوپێکەوتنێکدا باسی ئەم درەختە و ئەم پارکە دەکات. ئەو گوتوویەتی:

"لە سێورەگ شوێنێک هەیە بە ناوی کانلیکویو. شوێنێکی زۆر کۆنە. زۆربەی لەنێو چووە، بەڵام بەشێکی هێشتا ماوەتەوە. لەوێ دارێکی گەورەی توو هەیە، سەری دەگاتە ئاسمان...".

ئەحمەد عارف بەم شێوەیە باسی یادەوەریی خۆی دەکات.

هه‌ندێک له خه‌ڵکی سێورەگیش بۆ ئه‌م یاده خوێناوییه باس له ڕووداوه‌کانی ساڵی ١٩١٥ ده‌که‌ن. کاتێک عوسمانییەکان ئەرمەنییەکانیان لەوێ دەربەدەر کرد، ئەوانەی مابوونەوە دەیانکوشت. دەڵێن ئەم یادەوەرییە ناوی خۆی لەو سەردەمەوە وەرگرتووە، بەڵام هیچ زانیارییەکی ڕوون نییە، تەنیا یەک ڕاستی هەیە کە ئەم یادەوەرییە پڕە لە خوێن و شایەتحاڵی چەندین ڕووداو بووە.

تا ئێستا نازانم کەس لێکۆڵینەوەی لەم بیرانە کردبێت یان نا، بەڵام هیوادارم توێژەران بە وردی لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکەن، چونکە باوەڕم وایە زۆر شتی تر لەژێر ئەم بیرانەدا هەن. هەتا کەسێک نەیەت و هەڵیکەنێت، ئەم بیرە هەر لە شوێنی خۆی بێدەنگ دەبێت.

سەرچاوە:

Refik Durbaş, Ahmed Arif Anlatıyor Kalbim Dinamit Kuyusu, weşanxaneya Piya Kitaplığı.

KURDŞOP
608 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!