جوولەکەکانی بۆکان پێش چوونیان بۆ ئیسڕائیل – بەشی2

پەیمان

 

بارودۆخ و ئاستی ژیانی جووەکانی دانیشتووی کوردستان

هەروەک پێشووتریش ئاماژەی پێ کرا، بە پێی ئەو نووسینانەی ئێستا بەردەستن و ئەو توێژینەوانەی لەسەر جووەکانی کوردستان کراون، بە گشتی بارودۆخ و باری ژیانی جووەکانی کوردستان بە باش زانراوە و وتراوە کە ژیانێکی ئاوەدانیان هەبووە و نێوانیان لەگەڵ دراوسێ و ئەویتری کوردیان باش بووە. دەگوترێ بە گشتی لە نێو ئەویدیی کورد حەساوە بوون بەڵام هیچکات خەیاڵی گەڕانەوە بۆ وڵاتی کۆنی پیرۆزیان بەری نەداون و خەونیان بە سەرزەویی پیڕۆزەوە دیتووە. ئەم بابەتە جێی لێکۆڵینەوە و لێ وردبوونەوە و وەدەست خستنی بەڵگە و زانیاریی زۆرترە کە بە داخەوە بە تێپەڕ بوونی زیاتر لە حەفتا ساڵ لە دەرچوونی جووەکان بەرەو ئیسرائیل شایەتحاڵەکان و ئەو مرۆڤانەی دەتوانن چ لە نێو جووەکان و چ لە نێو کورداندا زانیاریمان بدەنێ، زۆر کەمیان ماون و بە زۆری دەبێ پشت بە بەڵگەی نووسراو و ئەرشیڤی یان گێڕانەوەی گوێزراوە لە نەوە تازەکان ببەستین. لە هێندێک نووسراوی جووەکان سەبارەت بە جووەکانی کوردستان دەگوترێ کە ئەوان زۆربەیان وەرزێڕ بوون و جووی کۆچکردوو بۆ ئیسرائێل لە دەیەی پەنجای سەدەی ڕابوردوو بە خاوەن پاشخان و پیشەی کشتووکاڵی باس کراون لە کاتێکدا بۆ نمونە لەو سەرچاوانەی باسی جووەکانی دانیشتووی شاری بۆکان دەکەن، هیچکام لە بنەماڵە جووەکان پیشەی پێوەندیدار بە کشتوکاڵیان نەبووە.

جووەکانی شاری بۆکان

ئەوەی کە جووەکان لە کەیەوە لە شاری بۆکان ژیاون زۆر ڕوون نییە بەڵام دەزانین بەر لە کۆچکردنیان بۆ ئیسڕائیل، ڕادەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی شاری بۆکان کە ئەوسا شارێکی زۆر بچووک بووە جوو بوون. وەک لە کتێبی "مێژووی بۆکان لە سەدەی بیستەمدا" نووسراوی ڕەحمان محەممەدیان نووسراوە بە پێی ئامار و بەڵگە تۆمارکراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری باری کەسێتیی ئەم شارە، جووەکانی دانیشتووی ئەم شارە بریتی بوون لە 73 بنەماڵە. جووەکان لە گەڕەک و کۆڵان و شوێنی تایبەت بە خۆیان ژیاون و لە هەندێک کار و پیشە و بواری ژیاندا بە سەربەخۆیی و بە جیا لە مسوڵمانەکان ژیانی خۆیان ڕاپەڕاندووە. "کووچەی کلیسا" وەک لە ساڵانی ڕابردوو پێش تێکچوونی گەڕەک و کۆلان و خانووە کۆنەکانی شار ناوی دەهێنرا و دەبێ دروستەکەی "کۆڵانی کەنیسە" بێت یان "تروق" کە دواتر شوێنی خوێندنگە یان خودی خوێندنگەیەک بووە، لە شوێنەکانی نیشتەجێبوونی جووەکان بوون. حەمام و دووکانی قەسسابیی جووەکان لە موسوڵمانان جودا بوووە. پیشەیان بریتی بووە لە بازرگانی و ئاڵوگۆڕ و چەرچییەتی و دەرمانفرۆشی و هەندێک کاری پزیشکیی سەرەتایی.  لەگەڵ دانیشتووانی بۆکان نێوانیان خۆش بووە و کێشەیەکی نائاسایی لە نێوانیاندا نەبووە. لە ساڵان و سەردەماندا هێندێک لە جووەکان هاتوونەتە سەر ئایینی ئیسلام و بە شایی و بۆنەی تایبەت موسوڵمانبوونەکەیان ڕاگەیاندراوە و بە جەژن کراوە و هەروەها کچانی جوولەکە بە دەست کوڕی مسوڵمانی ئەو شارە هەڵگیراون و بوون بە موسوڵمان.

  

ناوی جووەکانی بۆکان

سەرنجڕاکێشە کە بزانین جووەکان بێجگە لە ناوی ‌عیبری و ئایینی خۆیان، ناوی کوردی و عەڕەبییان هەبووە. هێندێک لەو ناوانە لە نێوان عیبری و عەڕەبیدا هاوبەشن یان زۆر لێک نیزیکن، هێندێکیشیان ڕەنگە لە بنەڕەتدا عیبری بووبن بەڵام بە کوردی گۆ کرابن و کوردی بێنە بەر گوێ بەڵام هێندێک لە ناوەکان تەواو کوردین. سەرنجی ئەو ناوانە بدەن: موسا، ئا‌غابرا، ئەستێ، مەلەک، خونچە، ڕافائیل، دانیار، ئیسحاق، ئامینە، سولەیمان، خانم ناز، ئیبراهیم، ڕەیحانە، گوریس، هەنار، ڕەحیم، یارە، زەکەریا. بابەتێکی زۆر سەرنجڕاکێش کە ڕەنگە ڕوونکرنەوەکەی زۆر ئاسان نەبێ و هیچکات زانیاریی پێویستمان لە سەری دەست نەکەوێت ئەوەیە کە: ئەرێ نێوە تۆمارکراوەکان لەگەڵ نێوە ڕاستییەکان یەک بوون یان ئەوەی جووەکان هەموو یەک ناویان هەبووە واتە لە نێو خۆیاندا و لە نێو مسوڵمانەکاندا بە یەک ناو بانگیان کراوە یان نا؟ هەروەها دەکرێ بپرسین: ئەرێ بە گۆڕانکارییە سیاسییەکان و کارتێکەریی دەسەڵاتی ناوەند، یا لە دوای شەڕی جیهانیی یەکەم؛ کە بە ڕەهەندێکی ئایینی، کوردانیشی تێوەگلاندبوو، گۆڕانێکی وا دروست بووە کە کارتێکەریی لەسەر جووەکان و سەلیقەی ناولێنانیان لە منداڵانیان هەبووبێت؟ یان ئەوەی وای لێک بدەینەوە کە لە پێکەوەژیانی ئاساییان لەگەڵ کورداندا ئەو جۆرە لە ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی و زمانییە سروشتی بووە و چۆن زمانی کوردییان زانیوە هەرواش بەکارهێنانی ناوی کوردی لە لایان ئاسایی بووە.

ئاکام و مەبەست

نووسەر و خوێنەری کورد زۆر بە ڕوونی بۆی دەردەکەوێت کە توێژینەوە لە سەر جووەکانی کوردستان چەندە گرینگە، چەندە پشتگوێ خراوە و چەندە دەتوانێ ڕوونکەرەوەی کەلێنە تاریکەکانی مێژووی کۆمەڵایەتیی کورد بێت. بە لەبەرچاوگرتنی کەمیی نووسین لە سەر ئەم بابەتە لە زمانی کوردی و لە نێو کورداندا و بە لەبەر چاوگرتنی هەبوونی نەریتی نووسین لە لای جووەکان لە کۆنەوە، پێویستە ئەوانەی دەستیان بە سەرچاوەی ڕەسەن بە زمانی کوردی یان عیبری یان زمانی تر ڕادەگات، یان کەسانی شارەزا لە نێو کورد و ناکورددا دەناسن قۆڵی توێژینەوە و نووسینی لێ هەڵماڵن.    

 

KURDŞOP
547 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!