لە قەڵای مێژووییی خارپێت چێشتخانەیەکی هەزار ساڵە دۆزرایەوە

شادی

کوردشۆپ - قەڵای خارپێت یەکێکە لە قەڵاکانی سەردەمی ئورارتوییەکان و بە قەڵای شیریش ناسراوە. ئەم قەڵایە دەکەوێتە سنووری پارێزگای ئەلەزیزی باکووری کوردستان و قەڵای ناوەوە و دەرەوەی لە دوو بەش پێکدێت.

بەگوێرەی ئەفسانەکان دەگوترێ هۆکاری ئەوەی ناوی لێنراوە قەڵای شیر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەکاتی دروستکردنیدا لەبری ئاو شیر بۆ دروستکردنی چیمەنتۆکە بەکار هێنراوە، هەر بۆیە پێی دەوترێت قەڵای شیر. هەروەها بەپێی گێڕانەوەیەکی تر، کاتێک کە قەڵاکە دروستکراوە، لەو سەردەمەدا ئاو لەو ناوچەیە دەست نەکەوتووە و لەبری ئاو، شیر بەکارهاتووە.

لە قەڵای مێژوویی خارپێت، لێکۆڵینەوە و هەڵکۆڵینەکان بەردەوامن و ئێستا چێشتخانەیەکی کۆن کە مێژووەکەی گەیشتووەتە هەزار ساڵ لەمەوبەر دۆزراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان لەو چێشتخانەیەدا خواردن بۆ شازادە و خانمانی قەڵا و بەرپرسانی ئەو سەردەمە ئامادە دەکرا. قاپ و گۆزەی ئەو سەردەمە و ئێسکی هەڵۆش لەوێ دۆزراوەتەوە.

بەرپرسانی هەڵکۆڵینی قەڵای خارپێت ڕایانگەیاندووە: چەندین خواردن و کەلوپەلی دیکەی سەردەمی بیزەنتین و ئارتوکی و سەلجووقی و عوسمانییان دۆزیوەتەوە.

بەرپرسی هەڵکۆڵینی قەڵای خارپێت، پرۆفیسۆر. د. ئیسماعیل ئایتاچ، ڕوونی کردەوە کە بەشی چێشتخانەی قەڵای خارپێت تەمەنی نزیکەی هەزار ساڵە و دەڵێت: "چێشت و کەلوپەلی دیکەی سەردەمی بیزەنتین و میرنشینیی ئارتوکلو و سەلجووقی و سەردەمی عوسمانیمان دۆزیوەتەوە. بەپێی خەمڵاندنەکەمان ئەم چێشتخانەیە تا ساڵی ١٨٦٠ بەکارهاتووە."

پرۆفیسۆر. د. ئیسماعیل ئایتاچ هەروەها ڕایگەیاندووە ٨ فڕن و ٢ بەش لە گۆزەی گڵین لێرە دۆزراوەتەوە و دەڵێت: "فڕن هەیە کە لەناو یەکتردایە". لە نێویاندا ئێسکی هەڵۆی بچووک و گەورە دۆزراوەتەوە.

ژیان لە قەڵای خارپێت تا ساڵانی ١٨٦٠ بەردەوام بووە، بەڵام لەگەڵ دروستکردنی شارە نوێیەکە لە نزیک قەڵاکە، خەڵک قەڵاکەیان بەجێهێشتووە و لەو شارە نوێیەدا نیشتەجێ بوون.

گەڕیدەی ناوداری تورک ئەولیا چەلەبی سەبارەت بە شاری مێژووییی خارپێت دەڵێت، ئەو شارە لە سنووری کوردستان هەڵکەوتووە، ئاو و هەواکەی زۆر خۆشە و هەموو دانیشتووانی کورد و ئەرمەنین.

قەڵای خارپێت کە خاوەنی سامانێکی ناوازەیە، دەکەوێتە شاری ئەلەزیزی باکووری کوردستان و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتەمی پێش زایین. تا ئێستا کۆنترین شوێنەواری شارستانییەتی ئورارتی لەم قەڵایە دۆزراوەتەوە.

KURDŞOP
654 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!