چل شەهیدی دوئاوان و مێژوویەکی چەواشەکراو

شنۆ

لەو کاتەوە ئیسلام وەک ئایین، بۆ بە ئایینی‌کردنی خەڵک کوردستانیشی گرتەوە؛ لەو نێوانەدا کوردستان لە خێر و شەڕی ئیسلامییەکاندا زۆر مێژووی بۆ دروست بوو کە هی خۆی نەبوو، زۆر مێژووی کەوتە بواری چەواشەوە و زۆر مێژووشی ڕەنگی ئایینی پێوە لکێندرا.

کاریگەریی مێژووی ئیسلام ئێستاشی لەگەڵ بێ ڕەنگ و ڕووی خۆی لە زۆربەی بوارەکاندا لە ژیان و کۆمەڵگای کوردستاندا هەر هەیە. یەکێک لەو بابەتانەی زۆربەی ڕاستییەکانی پێ چەواشە کراوە یا لەژێر ناوی ئیسلام، شەهید، قەزا و قەدەر و وشەی لەم چەشنەدا شاردراوەتەوە و ڕەنگی پیرۆزی لێ دراوە شەڕەکان بوونە.

لە نێوان دوو شاری شنۆ و پیرانشار و هەڵکەتوو لەسەر جاددەی نێوان ئەو دوو شارەدا گوندێک هەڵکەتووە بە ناوی "دوئاوان". لە وشەی کوردییەکەی وا دەردەکەوێت کە گۆیا لە نێوان دوو ئاو دا ‌هەڵکەوتووە یا لە شوێنێکی پڕ ئاوادا هەڵکەوتبێ بەڵام وا نییە. لە عەرەبیدا ئەو گوندە ناوی "دواب"ـە. فارسەکانیش هەر لەسەر ئەو زەمانە پێی دەڵێن دواب. دواب بە مانای ئاژەڵی بارهەڵگر دێت. وێدەچێت کورد هەر لە ڕووی ئەو ئاوەکەی کە هەیەتی ئەو ناوەی بۆ دیاری کردبێ.

ئەو گوندە بە بەرقەدی بەرزاییەک هەڵکەتووە و وەرزی بەهاران دیمەنێکی زۆر سەرنجڕاکێشی هەیە. لە قەدیمەوە خەڵکی ناوچەکە باس لە شوێنێک دەکەن کە بە چل شەهیدی دوئاوان ناسراوه. کاتی خۆی ئەو شوێنە سەیرانگای بەشێک لە خەڵک بوو و زۆر کەسیش کە هەستی ئایینیی بەهێز بوو سەردانی ئەو شوێنەیان دەکرد و بۆ بە گەیشتن بە ئاوات و ئارەزووەکانی دڵی خۆیان دەستیان بە نزا و دوعا دەکرد.

لە کاتی بەهاراندا کە زەوی و دەشتەکان دەزانەوە و ئاو لە هەر کەند و قووڵەکە و دۆڵێکدا شۆڕ دەبووە یا هەڵدەقوڵی. لە چل شەهیدی دوئاوانیش قووڵەکەیەک هەبوو کە بەهاران ئاوی لێ دەهاتە دەرێ و خەڵک باوەڕیان وا بوو ئەو جێ پێی ئەسبی یەکێک لە ئەسحابەکانی پێغەمبەرە و بۆ ئەوەی مرادیان حاسڵ بێت لە ئاوی ئەو کانییەیان دەخواردەوە. جێگای ئاماژەیە ئەو کانییە تەنیا وەرزی بەهاران ئاوی تێدا بوو. باقی وەرزەکانی دیکە وشک بوو.

بەڵام کتێبێک هەیە بە ناوی مێژووی "تەبەری" کە بە زمانی عەرەبی نووسراوە و ١٦ بەرگە. ئەو کتێبە باس لە ڕووداوەکانی پێش ئیسلام و دوای ئیسلامی دەکات و زۆر بە وردی باس لە ڕوودەکان دەکات. یەکێک لەو ڕووداوانە باسێکە لەسەر ئەو چل شەهیدەی دوئاوان.

مێژووی تەبەری باس لەوە دەکات، کاتێک ئیسلام هاتە ئەو ناوچەیە و خەڵک بە زۆر کرا بە موسڵمان، لە گوندێک بە ناوی جەڵدیان گەورەپیاوێک دەژیا کە گەورەی گوندەکە بووە و کچێکی زۆر جوان، ناسک، شلک و دڵڕفێنی هەبوو کە بە کچی بسک زەرد ناوبانگی هەبووە. گەورەی گوندەکەش کەیخودایەکی بە دەست و زبر بووە و خەڵک خۆشیان ویستووە.

ئەو کتێبە دەگێڕێتەوە کە کۆمەڵێک لە سپای ئیسلام کە فەرماندەیەکیان هەبوو، لەو ناوچەیە حوکمڕانیان بە سەر خەڵکدا کردووە. کاتێک فەرماندە دەزانێ ئەو کچە لەو گوندە هەیە، تەماح لە کچەکە دەکات و داوای ئەو کچە دەکات کە بیخوازێت. بەڵام ئەو داخوازییە بە شەڕێک کۆتایی دێت.

تەبەری دەگێڕێتەوە کە ئەو فەرماندەیە چەند جار لە سەربازەکانی خۆی دەنێرێتە داخوازیی ئەو کچە بەڵام هەموو جارێک لەگەڵ وڵامی نای باوکی کچەکە بەرەڕوو دەبنەوە. جارێکی کە بە ملشۆڕی دەگەڕێنەوە فەرماندەی ئەو سپایە کە داواکاری ئەو کچە بووە، بە ڕاسپاردەکانی خۆی دەڵێت بە باوکی ئەو کچە بڵێن بمداتێ دەنا دێم بە زۆر دەیئەستێنم.

ڕاسپاردەکانی ئەو سپایە ئەو قسەیە بە باوکی کچە دەگەێنن و هەڕەشەی لێ دەکەن. باوکی کچەش دەڵێت بە فەرماندەکان بڵێن مەگەر هەموومان بکوژرێین دەنا نامووس لە چنگی ئێمە نایەتە دەرێ. بە گوێرەی گێڕانەوەی تەبەری سپای ئیسلام بە فەرماندەیی داواکاری کچی گوندەکە، هێرش دەکەنە سەر گوندەکە و شەڕ دروست دەبێت.

تەبەری دەگێڕێتەوە کە  لەو شەڕەدا سپای ئیسلام بە تەمای سەرکەوتن چووە بەڵام خەڵکی گوند و لایەنگرانی باوکی کچی بسک زەرد لەو سپایە دێنە دەست و سپاکە شکستێکی گەورە دەخوات و لە مێژوودا تۆمار دەکرێت. لەو  شەڕەدا بەشێکی زۆر لە سپای ئیسلام ڕادەکەن و چل کەسیش کە یەکێک لەو چل کەسانەش خودی فەرماندەکە دەبێ، دەکوژرێن. تەبەری دەگێڕێتەوە ئەوان لە شوێنێک لەو ناوچەیە دەنێژرێن و وەک شوێنێکی پیرۆزی لێ دێت.

بەپێی ئەو مێژوویە کە تەبەری گێڕاویەتەوە، دەردەکەوێ کە بەهۆی ئەوەی ئیسلام و دین بە سەر خەڵکدا زاڵ بووە، ئەو چیرۆکە مێژووییە بە شتێکی پیرۆز لە قەڵەم دراوە کە هەتا ئێستاش خەڵکی ناوچەکە سۆزێکی تایبەتی ئایینییان بەو شوێنە هەیە. گۆیا ئەوانە ئەسحابەی پێغمبەر بوونە و شەڕیان بۆ ئیسلام کردووە کە دیارە وا نەبووە و نییە و چەواشەکارییە. هەروەها ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە شەڕی ئەوان لەسەر ئیسلام نەبووە بەڵکوو داگیرکاریی کوردستان و هێرش بۆ سەر نامووسی خەڵکەکە بووە کە قۆڵ لێهەڵماڵینی خەڵکەکە چیرۆکێکی نیشتمانی تۆمار دەکات.

KURDŞOP
522 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!