میر محەممەد چۆن خەوی لە چاوی دوژمن تۆراندبوو؟

کەیهان محەممەدی‌نژاد

میر محەممەدی ڕەواندزی ناسراو بە میری سۆران، چەند ساڵێک دژی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوی شەڕی کرد و کوردستانی گەورەی دامەزراند. هەروەها کارگەی چەک و تۆپی دروست کرد.

میر محەممەد کوڕی میر سۆران مستەفا بەگ بوو و بە پاشای گەورە ناسرابوو. لە کۆتایی سەدەی ١٨ یان با بڵێین ساڵی ١٧٨٨ لە شاری ڕەواندز لەدایک بووە. میر محەممەد لە گوندی دێلەژەی نزیک ناوچەی باڵەکایەتی لەلای مەلا ئەحمەد دێلەژە و مەلا ئێبنۆ ئادەم دەستی بە خوێندن کردووە و بە شێوەیەکی زانستی میر محەممەدیان پەروەردە کردووە. میر محەممەد لە زۆر شەڕ، ململانێ، ڕاوکردن و سەردانکردنی میرەکان و بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەگەڵ باوکی بەشداریی کردووە.

لە سەردەمی میر مستەفادا، میرنشینی سۆران فراوانتر دەبێت. لە ساڵی ١٨١٣دا میر مستەفا پەیوەندیی بۆ میر محەممەدی کوڕییەوە کرد و داوای لێ کرد ببێتە جێنشینی و میر محەممەدیش سەرەتا ئەمەی قەبووڵ نەکرد؛ دوای ئەوەی چەند جارێک لەلایەن باوکییەوە دەسەڵاتی پێشکەش کرا و بەناچاری قەبووڵ کرد، بەڵام بۆ وەرگرتنی دەسەڵات ٣ مەرجی هەبوو.

ئەو ٣ مەرجە وەها بوون:

١- دەبێ باوک و دایکی مانگانە یارمەتیی میرنشینەکەی بدەن؛ باوکی ٦٠ هەزار ڕیال و دایکی ٣٠ هەزار ڕیال.

٢- باوکی ناتوانێت بە هیچ شێوەیەک دەستێوەردان لە میرنشینەکەیدا بکات.

٣- باوکی قەڵای ڕەواندز بەجێ بهێڵێت و بچێتە قەڵای ئاکۆیان.

سەرەتا باوکی مەرجەکانی کوڕەکەی قەبووڵ نەکرد، بەڵام دوای ساڵێک باوکی پەیوەندیی بۆ کوڕەکەیەوە کرد و مەرجەکانی قەبووڵ کرد و کردی  بە میری ڕەواندز.

لە سەرەتادا میر محەممەد دوژمنان و دژە کوردەکانی دەوروبەری لەنێو برد و دەستی کرد بە دروستکردنی قەڵا و بەهێزکردنی سوپاکەی و بەهێزکردنی دیواری چواردەوری ڕەواندز.

میر محەممەد لە ماوەیەکی کورتدا یەکڕیزیی لەنێو زۆرینەی میرە کوردەکاندا دروست کرد. کارگەیەکی چەکی دروست کرد و تۆپ و تفەنگی دروست کرد. بۆ کورد زۆر گرینگ بوو بتوانێت تۆپ و چەک دروست بکات و لە هیچ شوێنێکی تر نەکڕێت. میر محەممەد دەستی کرد بە دروستکردنی چەند قەڵایەکی گەورە و بەهێز و دیوارێکی بەرزی لە دەوری ڕەواندز دروست کرد. لەسەر ئەو دیوار و بورجانەی دەوروبەری ڕەواندز، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هێرشی داگیرکەران، چەک و تۆپ دامەزران.

میر محەممەد دەیویست هەرچی پێویست بوو بۆ وڵاتێکی سەربەخۆ بیکات. بۆ پاراستنی کاروباری ناوخۆ چەندین دەزگای ئەمنیی دامەزراند و دادگایەکی لە ڕەواندز دامەزراند.

هەروەها چەندین کومیتەی دامەزراند کە وەها بوون:

١- کومیتەی جەنگ کە لە ٥ ئەندام پێک هاتبوو و خۆیان بۆ خزمەتی جەنگ ئامادە دەکرد و سەرقاڵی ئامادەکاری و جێبەجێکردنی سوپا و دروستکردنی چەک بوون.

٢- کومیتەی سەرۆکەکان کە لە ٦ ئەندام پێک هاتبوو کە ئیدارەی میرنشینەکەیان ئەنجام دەدا.

هەروەها ئەرکی کومیتەکە دروستکردنی ڕێگاوبان، دیوار و زێڕەنگەری بوو بۆ بازرگانی و چاپکردنی دراو؛ لە لایەکی ئەم دراوەدا ناوی میر محەممەد نووسرابوو و لە لاکەی تریشی ناوی ڕەواندز نووسرابوو.

٣- کومیتەی زانا و حەکیمەکان. ئەو کومیتەیە یاسای میرنشینی دادەنا و خەڵک پەیڕەویی لێ دەکرد.

هەروه‌ها هه‌وڵیان دا قوتابخانه‌ بکه‌نه‌وه بۆ پته‌وکردنی په‌یوه‌ندیی نێوان میرەکان و یه‌کڕیزیی هه‌موو میرەکانی کوردستان. هەروەها هێنانی تەکنیکە ئەورووپییەکان بۆ کوردستان بەشێکی تری کاری کومیتەکانی میرنشینی سۆران بوو.

لە یەک هێرشدا میر محەممەد توانی ناوچەکانی دەوروبەری شاری هەولێر، ناوچەی پردێی کەرکووک، کۆیە و ڕانیە لە دەستی عوسمانییەکان ڕزگار بکات. لەم ناوچەیەدا بازرگانییەکی باش لە ئارادا بووە و بەهۆی ئەو ڕێڕەوی بازرگانییەوە کە بەو ناوچانەدا تێدەپەڕی و بەهۆی وەرگرتنی باج و داهات، میر محەممەد سامانی زیاتری بەدەست هێنا. بەم شێوەیە میر محەممەد ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەسەڵاتی خۆی بەهێزتر دەکرد. لەلایەکی ترەوە فەرمانڕەواکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوی بەهۆی شەڕ لەگەڵ یەکتر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر دەبوون.

سوپای میر محەممەد کە لەگەڵ سوپای هەموو میرنشینەکانی دەوروبەری سۆران یەکی گرتبوو، بە فەرماندەیی میر محەممەد عوسمانییەکانی تێک شکاند. میر دەستی کرد بە فراوانکردنی میرنشینەکەی و ئەم ناوچانەی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە: ڕەواندز هەتا سلێمانی، موسڵ هەتا مێردین، ڕانیە، جزیرەی بۆتان، ئاکرێ، هەولێر و کۆیە. بەو شێوەیە عوسمانییەکان زۆر عاجز بوون.

میر محەممەد تەنیا لە دژی عوسمانییەکان شەڕی نەدەکرد، بەڵکوو لە دژی ئیمپراتۆرییەتی سەفەویش شەڕی دەکرد. بۆ سەربەخۆیی کوردستان کاری کرد. لە ماوەیەکی کورتدا سوپای کورد زۆر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی ئازاد کرد. ترسی میر محەممەد چووبووە نێو دڵی شای ئێرانیشەوە. ئێران بەڵێنیی ئەوەی دا کە وردەوردە لە هەموو کوردستان بکشێتەوە، بەڵام ئەوان بۆ ئەو مەبەستە کاتیان دەویست. بەو شێوەیە عوسمانییەکان شەڕی میر محەممەد و سەفەوییەکانیان قۆستەوە و هێرشیان کردە سەر دەوڵەتی کوردیی میر محەممەد. سەرەڕای ئەوەش، سوپای کورد گورزێکی گەورەی لە عوسمانییەکان دا. کاتێک عوسمانییەکان دەرکیان بەوە کرد کە ناتوانن لە ڕێگەی سەربازییەوە میر محەممەد لەنێو ببەن، دەستیان کرد بە دروستکردنی فیتنە. لەو سەردەمەدا ئەگەرچی دەسەڵات لە دەستی میر محەممەددا بوو، بەڵام کاریگەریی عوسمانییەکان لەسەر زۆرێک لە شێخ و پیاوانی ئایینیی کورد زیاتر بوو، چونکە خەڵکی ئایینیی ئەو سەردەمە دەیانگوت خەلافەتی عوسمانی لە پێناو ئیسلامدا شەڕ دەکات.

عوسمانییەکان بۆ شکستپێهێنانی سەرهەڵدانەکە داوای هاوکارییان لە شێخ و پیاوانی ئایینی کرد. لە سەرەتادا مەلا خەتی کە لە سەرتاسەری میرنشینی میر محەممەددا کاریگەریی هەبوو، زۆربەی شێخ و مەلاکانی کوردستانی بە دژی میر محەممەد هان دا و پڕوپاگەندەیان لە دژی میر محەممەد دەکرد. ئەو ناوی میر محەممەدی لەنێو خەڵکدا خراپ دەکرد و دەیگوت کافرە. هه‌روه‌ها هه‌ندێک له مه‌لاکان به دوای مه‌لا خەتی کەوتن و له مزگه‌وته‌کاندا له دژی میر محەممەد قسەیان دەکرد و دەیانگوت: "نابێ دژی خیلافه‌تی ئیسلام شه‌ڕ بکه‌ین و چه‌ک به‌کار بهێنین، هەر کوردێکیش له دژی عوسمانییه‌کان شه‌ڕ بکات، کافره."

هەروەها شێخەکان و پیاوانی ئایینیی کورد لە بەرژەوەندیی عوسمانییەکان و بە مەبەستی تێکدانی ناوی میر محەممەد، ئەویان بە "محەممەدی کوێر" ناو دەبرد. بەداخەوە میر محەممەد لە مێژووی کورد و جیهانیشدا بە "محەممەدی کوێر" ناو دەبرێت. بەم شێوەیە زۆربەی هێزەکانی میر محەممەد تەسلیمی عوسمانییەکان بوون، عوسمانییەکانیش دەرفەتەکەیان قۆستەوە و هێرشیان کردە سەر میرنشینەکە، بەڵام هێشتا نەیانتوانی میرنشینی میر محەممەد داگیر بکەن. عوسمانییەکان لەم پلانەدا شکستیان هێنا و پلانێکی دیکەیان گرتەبەر و لە پلانی دووەمیاندا، تاکتیکی کلاسیکیان تاقی کردەوە، کە ڕێگای دیپلۆماسی و فریودان بوو.

نامەبەریان بۆ دانوستان نارد بۆ لای میر محەممەد؛ عوسمانییەکان ئەویان بۆ قەڵای پاشاکانی عوسمانی لە ئەستەنبوڵ بانگ کرد. میر ئەمەی قەبووڵ کرد. لەسەر داوای ئەو هێزێکی چەکداری تایبەت بردیانە ئەستەنبوڵ. عوسمانییەکان بەخێرهاتنی ئەو و سوپاکەیان کرد. دوای چەند ڕۆژێک لە دانوستان، عوسمانییەکان داواکارییەکانی ئەویان قەبووڵ کرد. عوسمانییەکان داوایان لێ کرد کە بە دەریادا بڕوات بۆ ئەوەی خۆی و سەربازەکانی سەلامەت بن. میریش قەبووڵی کرد. بەڵام عوسمانییەکان خۆیان بۆ کوشتنی ئامادە کردبوو، کاتێک دەچێتە دەریای ڕەش، بە شێوەیەکی نامرۆڤانە سەربازەکانی لەگەڵ میر دەکوژرێن و میر فڕێ دەدەنە نێو دەریاوە و دەیخنکێنن. بەپێی کتێبە مێژووییەکان، میر محەممەد لە ساڵی ١٨٣٧دا لەلایەن عوسمانییەکانەوە کوژراوە.

سەبارەت بە کوشتنی میر محەممەد، بەشێک لە مێژوونووسان و لێکۆڵەرەکان دەڵێن، کاتێک مەلا خەتی لەگەڵ هەندێک مەلای دیکە لە دژی میر محەممەد پڕوپاگەندەیان دەکرد، عوسمانییەکان هێرشیان کردە سەر میر محەممەد و دەسبەسەریان کرد و لە سێواس لەسێدارەیان دا. هەندێک دەڵێن، لە ترابزۆن کوشتیان و بە خاکیان سپارد. هەروەها هەندێک لە مێژوونووسان دەڵێن: عوسمانییەکان لە ئەستەنبوڵ ئەشکەنجەی میر محەممەدیان دا و ڕێگەیان پێدا بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی و لە ڕێگادا لە سیواس کوشتیان.

بەم شێوەیە بەداخەوە دەوڵەت و دەسەڵاتی میر محەممەدیش نەما. ئەمەش بەهۆی خیانەت و فیتنەی چەند پیاوێکی ئایینییەوەیە کە یەکێکیان مەلا خەتی بوو.

 

KURDŞOP
496 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!