شوێنەوارەکانی گردی شێران لە میزۆپۆتامیای ژوورین – بەشی دووەم

شادی

 

پەیکەری پاشا نێرەکان

گردی شێران لەبەر ئەوەی لە ڕووباری فوراتەوە نزیکە، لە ڕووی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانەوە شوێنێکی دەوڵەمەندە. بەو پێیەی کە ناوچەکە دەشتە، خەڵک بە ئاسانی توانیویانە ڕێکخستنی خۆیان بکەن و لە بواری بیروباوەڕ و دەوڵەتدارییەوە، کەڵکی باشی لێ وەربگرن.

ئەو پەیکەرانەی لە ئاکامی هەڵکۆڵینی ئەو ناوچەیە و دەوروبەری، دەرکەوتوون، زۆربەیان لە خوداوەندەکانن. هەروەها لێرەدا بۆ یەکەمجار پەیکەری پاشا نێرەکان دەرکەوتن و پێش دامەزراندنی ڕێکخستنی پلەبەندیی دەوڵەت، لێرە پەرستگەیەکی ئایینی دۆزرایەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لەو ناوچەیەدا ئایین یان باوەڕ لە دەستی پیاواندا بووە و ئەمەش سیستەمێکی پلەبەندیی سەرەتای دەوڵەتداری دروست دەکات. هاوسەردەمیی ئەو شوێنە لەگەڵ سومرییەکان و تەلارسازییە تایبەتەکەی، گرینگیی مێژوویی ئەم شوێنە زۆرتر دەردەخات.

دۆزرانەوەی چەکی وەک شمشێر و چەکی هاوشێوە کە بۆ بەرگریکردن لە خۆ و هێرشکردن، لەوێ بەکار هێنراوە، مانای ئەوەیە کە سیستەمی دەوڵەتداری لەوێدا دامەزراوە. وا دیارە هەم هێرش هەبووە و هەم بەرگری لە خۆ. شوێنێک کە چەکی هێرشبەری و بەرگریی لە خۆی تێدا بدۆزرێتەوە، مانای ئەوەیە کە لەوێ پاسەوانی لە هەندێک شت کراوە.

٢ هەزار و ٧٠٠ ساڵ پێش زایین، فەرهەنگێک هەبووە کە خاوەن تایبەتمەندیی خۆی بووە. هاتتییان یان هیتیتیان. دوای ئەوە کەوتە ژێر دەسەڵاتی هیتیتییەکان و پاشای هیتیتان. "شوپ‌پلولوما" (344 پێش زایین - 322 پێش زایین) وەک بنکەی خۆی بەکاری هێنا و هێرشی کردە سەر واشوکانی، پایتەختی میتانی. ناوی ئێستای واشوکانی، سەرێکانییە. هۆزە سنوورییەکان شارەکەیان دابەش کرد بۆ دوو بەش. زۆرجار لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی ئاشوورییەوە هێرشی کراوەتە سەر. "تگلات پلەسەر"، هێرشی کردە سەر شارەکە و هەرێمەکەی ناچار کرد باج بدات. دوای ئەوە سارگۆنی دووەم (ئاکاد) لە ساڵی ٧١٢ی پێش زایین، هێرشی کردە سەر ئەو ناوچەیە و تاڵانی کرد. دواتر ئاشوورییەکان کەوتنە ژێر دەسەڵاتی "مەدان" و دواتر کەوتنە ژێر دەسەڵاتی فارسەکان و بە ڕیز ئەسکەندەری گەورە، سەلەفکۆس، ڕۆم و بزانسی. هەروەها دوای زایین وەک گۆڕستان بەکار هاتووە.

لە گردی شێران هەموو نیشانەکانی سەرەتای دەوڵەتداری دەرکەوتوون

دەکرێت بڵێین ئەو کەسانەی لەو سەردەمەدا لەم شوێنەدا ژیاون، سێ ئەرکی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە. ٣٦٠٠ ساڵ پێش زایین پەرستگەیەکی ئایینی لەوێ دامەزراوە. دوای ئەوە کۆشکێکی ئیداریش دۆزرایەوە و لەو کۆشکە ئیدارییەشدا مۆری زۆر بۆ بازرگانی دۆزرایەوە و ٩ شمشێر کە لە کانزا دروستکرابوون لەوێ دۆزرانەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لە گردی شێران ڕێکخراوێکی ئابووری و دەسەڵاتێکی ئیداری هەبووە.

دەکرێت بڵێین سەردەمی سومەری کە بە دەوڵەتداری و بە پلەی یەکەم لە شار-دەوڵەتەکانەوە دەستی پێ کرد، لە هەمان قۆناغدا، لە گردی شێران، لەگەڵ دەوڵەتی ئوروکان، فۆرمێکی هاوچەرخی سیستەمی ڕێکخستنی دەوڵەت دەستی پێ کرد. لەوانەیە لەسەر ڕووبارەکە لە شێوەی کشتوکاڵدا پەیوەندییەکی کولتوورییان لەگەڵ یەکتردا هەبێت، بەڵام بارودۆخی ئەو قۆناغە، کاتێک بەراورد دەکرێت، هەموو نیشانەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە بە شێوەیەکی سیاسی یان ئیداری، پەیوەندییان لەگەڵ یەکتردا هەبووە.

لە ساڵانی ٣٠٠٠- ٣٣٠٠ پێش زایین کۆشکێک دروست کراوە، هەروەها پەرستگەیەک لە ساڵانی ٣٥٠٠- ٣٦٠٠ پێش زایین دروست کراوە، زیاتر لە دوو هەزار مۆر دۆزراوەتەوە، هەروەها پەیکەری کانزای بەنرخ لە گردی شێران دۆزراوەتەوە. هەموو ئەو نیشانانەی کە هەن، ئەوە دەردەخەن کە لەو سەردەمەدا ئەرستۆکراسی لە گردی شێران هەبووە و یەکەم وێنەی فەرمیی دەوڵەتداری و ئایین و ناوەندێکی ڕۆشنبیری لە گردی شێران دامەزراوە.

KURDŞOP
507 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!