شوێنەوارەکانی گردی شێران لە میزۆپۆتامیای ژوورین – بەشی یەکەم

 

شادی

 

گردی شێران یەکێکە لە شوێنەکانی نیشتەجێبوونی سەردەمی دەوڵەتبوون، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٥ هەزار ساڵ پێش زایین. ئەو گردە کە مێژوویەکی کۆنی هەیە، ٧ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەلەتی لە باکووری کوردستان و ١٥ کیلۆمەتر لە ڕووباری فوراتەوە دوورە. بەرزییەکەی نزیکەی ٣٠ مەتر و درێژییەکەی ٢٠٠ مەتر و پانییەکەی ١٢٠ مەترە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی شوێنەوارناسان، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٥ هەزار ساڵ پێش زایین و هەتا سەدەی ٥ و ٦ی دوای زایین وەک شوێنی نیشتەجێبوون بەکار هاتووە. دوای سەدەی شەشەم وەک گۆڕستان بەکار هاتووە و تا ئێستاش ماوەتەوە.

توێژینەوەکان لە گردی شێران بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٣٠دا لەلایەن تیمێکی فەڕەنسی بە پێشەنگایەتیی Louis Delaporte ئەنجام درا. مەبەست لەو هەڵکۆڵینە شوێنەوارناسییە لەو ناوچەیە ئەوەیە کە لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر سەردەمی دوای حیتییەکان چڕتر بکەنەوە و بزانن کام شار- دەوڵەت لە دوای حیتییەکان لەو ناوچەیە دامەزراون. لەو لێکۆڵینەوانەی ساڵی ١٩٣٠دا، دوو پەیکەری شێر و پەیکەرێکی مرۆڤ دۆزرانەوە و بردرانە مۆزەخانەی ئانکارا. لێکۆڵینەوە سەرەکییەکان لەوێ لە ساڵی ١٩٦١دا لەلایەن تیمێکی زانکۆی Roma Le Sapienza ئەنجام دران. هەتا ساڵی ١٩٧٠، لێکۆڵینەوەکان لەژێر سەرۆکایەتیی Alba Palmieri ئەنجام درا. هەتا ئەمڕۆش جارجارە لێکۆڵینەوەکان لەو ناوچە مێژووییە بەردەوامن.

گردی شێران لەسەر میزۆپۆتامیای ژوورین زانیاریی زۆر گرینگی  ئاشکرا کردووە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، پەرستگەیەک و مەعبەدێک دۆزراونەتەوە کە ٣٦٠٠ ساڵ پێش زایین دروست کراون. هەروەها ئەم قۆناغە، سەردەمی سومەر و ئوروکە. واتە وەک چۆن دەڵێن سەرەتای دەوڵەتبوون لە سومەری و ئوروکەکانی میزۆپۆتامیای ژووروو دەستی پێ کردووە، دەوڵەتبوون لەم شوێنەدا لە ڕێگەی پەرستگە و مەعبەد دەستی پێ کردووە و ڕوونە کە دامەزراوەی دەوڵەتییش لەوێ هەبووە. بۆ یەکەمجار شارەکان بە شیوەی ڕێکوپێک و بەپێی پلەبەندیی دەوڵەتبوون و دەسەڵاتداری، لە فوراتی ژوورین لە نزیک شاری مەلەتی لە گردی شێران دەستیان بە ڕێکخستن کرد.

لە ساڵی ٢٠١٤دا، یوونسکۆ گردی شێرانی بە شێوەیەکی کاتی خستە لیستی میراتی جیهانییەوە و دوای ئەو لێکۆڵینەوانەی کە کران، لە ٤٤هەمین کۆبوونەوە لە ٢٦ی تەمموزی ٢٠٢١ کە بە شێوەی ئۆنلاین لە وڵاتی چین بەڕێوە چوو، بڕیار درا گردی شێران وەک کۆنترین شار- دەوڵەت کە لە میزۆپۆتامیاى ژوورین و ئەنادۆڵ دروست کراوە، تۆمار بکرێت.

گردی شێران لە سەردەمی کالکۆلیتیک هەتا سەردەمی ئاسن، شاهیدی زۆرێک لە شارستانییەتەکان بووە و لە حیتییەکانەوە تا ڕۆم و بیزانسییەکان، شاهیدی زۆرێک لە شارستانییەتەکان بووە و بۆ هەمیشە لە لیستی میراتی جیهانیی یوونسکۆ جێ دەگرێت. ئێستا بە هاوکاریی زانکۆی Arkeolojiya Roma لە ئیتالیا و ئیدارەی مۆزەخانەی شاری مەلەتی، هەموو ساڵێک لێکۆڵینەوەکان لە هاوینەوە دەست پێ دەکەن و تا پاییز بەردەوام دەبن و وەک مۆزەخانەیەکی کراوە خزمەت دەکەن. لە ساڵی ٢٠١٩دا چەندین ئاسەوار لە ئەنجامی ئەو هەڵکۆڵینانە دۆزرانەوە. تیمی شوێنەوارناسیی ئیتالیا، چەندین پارچەی سەرامیکییان دۆزیوەتەوە، هەروەها کۆمەڵێک ئاسەواری تر دۆزراونەتەوە، لەوانە: فنجان، سەری تیر، کەرەستەی دروستکراو لە ئێسک، چەخماخ، ئامێری مۆسیقا و ئێسکی منداڵێکی تەمەن ٥ هەزار و ٧٠٠ ساڵ.

مۆری بازرگانی

لە ئەنجامی هەڵکۆڵینە شوێنەوارناسییەکان، چەندین مۆر دۆزراونەتەوە کە پێش سەردەمی نووسین لەم شوێنەدا بۆ مەبەستی بازرگانی بەکار هێنراون. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ڕێکخراوێکی سیاسی و پلەبەندیی بەهێز لەم هەرێمەدا هەبووە.

جێگای سەرنجە کە زۆرێک لە مۆرەکان لەلایەن خەڵکی ئەو سەردەمەوە شکێندراون. سەرنجەکان لەسەر ئەم خاڵە بەم شێوەیەن: "دەڵێن ئەم مۆرانە شکاون بۆ ئەوەی جارێکی تر بەکار نەهێنرێنەوە." بە واتایەکی تر ئەم مۆرانە لە بەرامبەر کاڵا و موڵک لە بازرگانیدا دەدرا و دوای دانەوەی قەرزەکەیان، ئەمجار وەک ئەوەی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە قەرزەکە دراوە، شکێندراون. لەژێر گردەکەدا کۆشکێکی گەورە دۆزرایەوە کە ٣ هەزار و ٣٠٠ ساڵ پێش دروست کراوە. بەپێی زانیارییەکان و تەلارسازیی کۆشکەکە، کۆشکەکە شوێنی ئیداری بووە. هەروەها لە دەوروبەری کۆشکەکە ئاسەواری دیکە دۆزراونەتەوە. ڕوونە کە ئەم شوێنە شوێنێکی ئاسایی نییە. لەم شوێنەدا ٩ شمشێری کانزایی دۆزرایەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەو کەسانە لەو سەردەمەدا سیستەمی دەوڵەتیان بنیات ناوە. بەپێی هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە میزۆپۆتامیاى ژووروو کراون، کۆنترین بەشى سیستەمى دەوڵەت لەوێ دۆزراونەتەوە.

 

KURDŞOP
601 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!