سومەری و زمان- وڵات

دەوران مەحموود

 

لە وڵاتی دێرینمان، سومەر، زۆر شار- وڵات هەبوون، بۆ نموونە: ئورووک، ئەرید، لارسا، ئور و هتد. هەریەکەیان خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیان بوون، کاریگەری و پێگەی تایبەتی خۆیان هەبوو. بابەت و گفتوگۆ لەسەر شار- دەوڵەتەکانی سومەری زۆرن، بۆیە نامەوێت لەسەر ئەوە ڕاوەستم. پرسیاری ئێمە ئەوەیە: ئایا سومەرییەکان زمان- وڵاتیان هەبووە؟ ئەگەر هەیانبووە، ئایا زمان- وڵات بووە یان زمان- نەتەوە لەبری دەوڵەتی نەتەوەیی؟

لە خاکی سومەرییەکاندا تەنیا یەک وڵات، گەل و کۆمەڵگە نەبووە، بەڵام یەک زمان هەبووە، یان ڕێنووسێک کە دەوڵەت- شارەکانی لەسەر بنەمای زمانێکی هاوبەش، بەڵام لە ناوچە و هەرێمی جیاوازدا خۆیان بنیات ناوە و زمان و ڕێنووسی سومەرییان کرد بە توخمی خۆیان. دەبینین کە لە ساڵی ١٩٠٠ی پێش زایین، شار- وڵاتەکانی سومەری بەرەو نەمان دەچن، بەڵام بەهۆی ناوازەیی پیت و ڕێنووسی میکسی و زمانی سومەری، هێشتا زمانەکە جێگە و پێگەی خۆی لەنێو وڵاتانی دیکەدا دەپارێزێت، بە تایبەت وەک زمانی زانست، ئایین، گەردوونناسی و ئەستێرەناسی. لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین قسەکانی "جەلادەت بەدرخان"مان لەبیر بێت کە دەڵێت: "زمان مەرجی یەکەمی بوونە. یەکگرتوویی کورد لە ڕێگەی یەکگرتوویی زمانی کوردییەوە دروست دەبێت. یەکێتیی زمان لە یەکێتیی پیتەکانەوە دەست پێ دەکات." بەم ئارگیۆمێنتانە دەگەین بەو ئاکامەی کە کاریگەری و سیستەمی سومەرییەکان تەنیا شار- وڵات نەبووە، بەڵام ئامرازی پێکهاتن و وابەستەبوونیان بە یەکترەوە، زمان بووە. مانای شار-وڵات بەشێکی و دەوڵەتی سومەری بە گشتی، زمان- وڵات بوون.

وانەی من لەم دەقەدا لەسەر ئامۆژگاری خوداوەندی سومەری، "ئینیم- ئیننانا"یە. لە پەیامێکدا کە بۆ قەشە Lugal-ibila  دەنێرێت، دەڵێت:

"eme-gi-še3 gu2-zu na-ab-šub-be2-en"

"زمانی سومەری لەبیر مەکەن یان پشتگوێی مەخەن."

"eme-gi" زمانی ڕۆشنبیری یان زمانی خەڵک، بە تایبەتی زمانی پیاوان بووە و "eme-sal" زمانی ناسکی خوداوەند، لەنێو خەڵکدا تایبەتی ژن و مێینەکان بووە. ئێمە گوتمان "نابێ چاوپۆشی لە زمانی فەرهەنگیی سومەری بکرێت"، ڕاستە "eme-gi" زمانی گەلی سومەری  و بە تایبەتی زمانی پیاوان بووە و بۆ زۆربەی کار و چالاکییەکان جگە لە خزمەتگوزارییە ئاینییەکان، بەکار هێنراوە. بەڵام ئەوەی جێگای بیرکردنەوەیە ئەوەیە، لە کاتێکدا زمانی خوداوەندەکان و ژنان "eme-sal"ە، ئەوا بۆچی خوداوەند "ئیننانا" ئامۆژگاری ئەوە دەکات کە "eme-gi" بپارێزرێت و لەبیر نەکرێت، بەڵام خۆی لەم بابەتەدا بەم زمانە قسە ناکات؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی نزیک و ئێستا. لە دوایین ئایینە کوردییەکاندا - ئێزدی و یارسان - هاوشێوەی کوردانی سومەری، زمان و زاراوەی ناوچەکەیان بۆ مەبەستی ئایینی بەکار نەهێناوە، وەک: نووسین، گالا، نزا و... . بەڵام لە ئێزدی و یارسانیدا، "sociolect" بۆ ئەم وشانە بەکار هاتووە. هەردوو کتێبی پیرۆزی ئێزدییەکان (مژدەهی ڕۆژ و جلوە) لەلایەن توێژەرێکی کۆمەڵایەتییەوە نووسراون کە لە هیچ شوێنێک ناوی نەهاتووە و ئەو توێژەری کۆمەڵایەتیش لەو کتێبانەدا لە چەند بنزاراوەی کوردیش کەڵکی وەرگرتووە، وەک: موکریانی، سلێمانی، ئەردڵان، بادینانی، بەکار هێنراون و بوونەتە بنزاراوە و زاراوەی زمانەکە. هەروەها لە ئایینی یارساندا، لە نووسین، سروود، ئیدیۆم و دوعاکانیاندا و بە تایبەتی لە کتێبی پیرۆزی سەرەنجامدا، ئەم ڕامیاریی زمانە بەکار هاتووە کە کۆمەڵگەکەیان لە گۆران، کەلهوڕ، ئەردەڵان و موکریان پێک هاتووە، بابەتی سەرەکی لە یارساندا ئەوەیە کە وەک سومەرییەکان، توێژەری کۆمەڵایەتیی ئایینی بۆ ژنان تایبەتتر بووە، بۆ نموونە دایە خەزان سەرگەتی. هەروەها لە سومەریدا "eme-gi" وەرگێڕانی وشەیەکە و بووەتە زمانی ئایین. سەیری ئاڵمانییەکان بکەن، کاتێک مارتن لووتێر، "کتێبی پیرۆز"ی وەرگێڕا بۆ زمانی ئاڵمانی، هەمان دیاردە دەردەکەوێت و زمانی ئاڵمانی بەرەو ستانداردکردن و چەسپاندن دەڕوات و ئەو زمانەش پێی دەگوترێت  Hochdeutsch. ئیننانا، هەرچەندە خۆی بە زمانی زیراڤ یان نافەرمی قسەی دەکرد، بەڵام داوای کرد زمانی باڵا لەبیر نەکرێت، چونکە دروستە خوداوەندەکان خودان بەڵام هێشتا بەشێکن لە گەلەکەیان، زمانی باڵا باشترین ڕێگایە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵکەکەیان. ئەم نەریتە بووەتە گەورەترین ڕێز لەنێوان خەڵک و خوداوەندەکاندا، خەڵک زمانی خوداوەندەکانی "eme-sal"ی دەزانی و خوداوەندەکان زمانی خەڵکی "eme-gi"یان دەزانی. ئێستاش، بە تایبەت لە وڵاتێکی سەربەخۆدا پێویستە زمانێکی یەکگرتوو هەبێت، بەبێ ئەوەی مافی زاراوە و زمانەکانی تر پێشێل بکرێت.

ئه‌م ئاماژه مێژووییه به‌هێزترین "ڕاستی" له بەرامبەر تۆمه‌تی دژبەرانی ناسیۆنالیزمە، که به درۆ بانگه‌شه ده‌که‌ن که زمانی یه‌کگرتوو و ستاندارد ده‌بێته هۆی جینۆسایدکردنی زمانی "زمانکوژی". بێگومان بە یارمەتیی فەلسەفەی چەپ، ئەم وشەیەیان تێکەڵی بیرکردنەوەی کوردی کردووە. دەڵێن ئەگەر زمانی کوردیی سەروو ببێتە زمانی ستاندارد و فەرمی لە کوردستان، زمان و شێوەزارەکانی دیکەی کوردی نامێنن، بۆ نموونە لە باشوور بە فەرمیکردنی "سۆرانی" بووەتە مەترسی لەسەر مانەوەی زاراوەکانی وەک بادینانی، هەورامی و خانەقینی. بەڵام نەک هەر زمانەوانیی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو کۆنترین مێژووی ئێمەش، سوودیان لە زمانێکی یەکگرتوو وەک توخمێکی شوناس و هاووڵاتیبوون، وەرگرتووە.

لە کۆتاییدا پێویستە وەک گوارەیەک ئەمە لە گوێی خۆمان بکەین: "زمانی سومەری لەبیر مەکەن."

سەرچاوەکان:

- زمانی یەکگرتووی کوردی، جەماڵ نەبەز، زنجیرەی کوردەوانی، بڵاوکراوەی یەکێتیی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا، ١٩٧٩، بامبێرگ، ئەڵمانیا

- Mugsar Sumerian Cuniform, ED. PETER & TARA HOGAN, 12013CT, 20ii17

- Orbis Biblicus et Orientalis, 160/3, Walther Sallaberger - Aage Westenholz, Akkade-Zeit und Ur III-Zeit

- Sprachnation / Sprachnationalismus als Gegenstand linguistischer Diskursanalyse, Diskurslinguistik nach Foucault

 

 

 

KURDŞOP
690 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!