سەرهەڵدانی سەید ڕەزا دەرسیمی – بەشی سێیەم

کۆتاییهاتنی شەڕ و ئەنجامەکانی

لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٣٧، هەموو خەڵکی ئانکارا ئاگادار کرانەوە کە شۆڕشی دەرسیم بە تەسلیمبوونی شۆڕشگێڕان لە ٢٤ی حوزەیرانی ١٩٣٧ کۆتایی پێ هات. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چۆنیەتیی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان نییە، بەڵام ناوەندە سیاسییەکانی ڕۆژاوا پێیان وایە کە فڕۆکە و تانکەکانی تورکیا زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە. بەپێی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا دەرکەوتووە کە شەڕەکە لە ساڵی ١٩٣٧دا کۆتایی پێ نەهاتووە و شۆڕش و شەڕەکە بەردەوام بووە و جەنەراڵ Alpdogan نەیتوانیوە لەو ساڵەدا کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و ساڵی دواتر کۆتایی بە شەڕەکە هاتووە.

سەرکوتکاریی تورکەکان لەو ساڵەدا زۆر توند بوو و هێزەکانی تورکیا گوندەکانی ئەو ناوچانە و ماڵی خەڵکیان سووتاند و لە دۆڵی ئیکسۆرای دەرسیم، هەزاران ژن و منداڵ کە پەنایان بردبووە ئەشکەوتەکان، هێزەکانی تورکیا ئاگریان لە دەروازەی ئەشکەوتەکان بەردا و بەهۆی دووکەڵەوە ئەشکەوتەکە بوو بە گۆڕستانی ژن و منداڵی کوردان. هەروەها کوڕێکی سەید ڕەزا لەو شەڕەدا بەهۆی بۆردومانەوە گیانی لەدەست دا.

دەسبەسەرکردنی سەید ڕەزا

بەپێی هەندێک سەرچاوە، والیی ئەرزنگان لە سەرەتای ئەیلوولی ساڵی ١٩٣٧ ڕایگەیاند کە دەوڵەت بڕیاری داوە داواکارییەکانی کورد جێبەجێ بکات و ئاگربەستی ڕاگەیاندووە. هەروەها سەید ڕەزا باوەڕی بەو بەڵێنە ناڕاستانەی تورکەکان کرد و بە مەبەستی دیدار لەگەڵ والی، چووە ئەرزنگان و لە ٥ی ئەیلوولی ١٩٣٧ لەوێ دەسبەسەر کرا.

دیسان تورکیا سەرهەڵدانەکەی بە دەوڵەتانی بیانییەوە گرێ دا و بەو تۆمەتە شەڕڤانان و سەرکردەکانی ڕاپەڕینەکەی تۆمەتبار کرد؛ دوای ٤ ڕۆژ لە دادگاییکردن، لە ١٤ی تەشرینی دووەمی ١٩٣٧، سەید ڕەزا لەگەڵ ١٠ سەرکردەی دیکەی کورد، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا و لە ١٥ی تەشرینی دووەمی ١٩٣٧دا لەسێدارە دران.

بەڵام بەر لە سێدارەدان، سەید ڕەزا دەرفەت دەقۆزێتەوە و چەند ڕستەیەکی بەنرخ دەڵێت کە بەم شێوەیەن:

"تەمەنم گەیشتە ٧٥ ساڵ، دەچمە ڕیزی شەهیدانی تری کوردستانەوە. دەرسیم شکستی هێنا، بەڵام کورد و کوردستان هەر دەمێنێتەوە، لاوانی کوردستان تۆڵەی ئێمە دەکەنەوە و ڕقیان لە خائینەکان دەبێت."

هەروەها بە بەردەوامی بە دوژمنانی گوتووە: "من لە فێڵ و حیلەکانتان تێنەگەیشتم و ئەمە بوو بە دەردێکی گران بۆ من. بەڵام من کڕنۆشم بۆ ئێوە نەبرد، با ئەمەش بۆ ئێوە ببێتە دەردێکی گران."

جارێکی تر بێدەنگی هەموو کوردستانی گرتەوە. لە ماوەی ٢٠ ساڵی دامەزراندنی دەوڵەتی تورکدا، خەباتکاران و شەڕڤانانی کورد قوربانیی زۆریان دا و لە ساڵی ١٩٢٠ تا ١٩٣٧، سەرکردەکانی کورد تەنانەت بۆ جارێکیش کڕنۆشیان بۆ دوژمنان نەبرد و زۆرینەی سەرکردە کوردەکانی ئەو سەردەمە یان بە ئێعدام یان لە بەرەکانی شەڕدا، لە پێناو خاکی نیشتمانەکەیاندا گیانیان بەخت کرد.

خەباتکارانی کورد لە باکووری کوردستان، پشتیان بە هیچ وڵاتێک و هیچ کەسێک نەبەست، لە هەموو سەرهەڵدانەکاندا قارەمانێتیی گەورەیان خوڵقاند. ئەمڕۆش ئەو سەرکردە کوردانە بۆ ئێمە بوونەتە نموونە و سەرباشقە و ئێمەش ڕێبوارانی ڕێبازەکەیانین و لەسەر ڕێبازەکەیان بەردەوام دەبین و ئەو ڕێبازە بەجێ ناهێڵین تا دەگەینە ئامانجەکانیان، واتە ڕزگارکردنی کوردستانی گەورە.

KURDŞOP
552 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!