سەرهەڵدانی سەید ڕەزا دەرسیمی – بەشی یەکەم

پەلامار و سەرکوتە یەک لە دوای یەکەکان کە دوژمنان بەسەر کوردیاندا هێناوە، لەبیر ناچن و ئەو شۆڕشانەی کە لە دژی ئەو سەرکوت و پەلامارانە ئەنجام دران و بە هەموو توانایانەوە بەرخۆدانیان کرد، نابێ لەبیر بکرێن.

دوای سەرهەڵدانی ئاگری، سەرکوتەکانی تورکیا لە باکووری کوردستان لە دژی کورد بەردەوام بوو. هەزاران کورد لە دوای شۆڕشی ئاگری لە زێدی خۆیان دەر کران؛ ئایا جگە لە سەرهەڵدانی ئاگری، هیچ سەرهەڵدانێکی تر هەبووە؟ بۆچی تورکیا ڕاپەڕینی دەرسیم و کۆمەڵکوژیی کورد لەو ناوچەیە دەشارێتەوە؟ ئەمانە هەموو پرسیارگەلێکن کە پێویستە وڵامیان بدرێتەوە!

ساڵی ١٩٣٤، دەوڵەتی تورک جەنەراڵ کەنان، فەرماندەی سوپای چوارەمی ئامەدی ڕەوانەی شرناخ کرد و لەوێوە بە ئامانجی سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی کوردەکان، ڕەوانەی ناوچەکانی دیکەی تورکیایان کرد؛ بەپێی سەرچاوەکان، لەو کاتەدا شاخ و گوندە کوردییەکان لە ناوچەی شرناخ بە بەردەوامی و یەک لە دوای یەک بۆ ماوەی نزیکەی ٥ ڕۆژ تۆپباران کران و هەر جەنەراڵێکی تورک لە ساڵانی ١٩٣٤ و ١٩٣٥ بۆ چاوترسێنکردنی کورد، سەدان لاویان کۆمەڵکوژ کرد.

بەڵام بۆ ئەوەی ئەم پەردەیە لا ببەین و ڕاستییەکان دەربخەین، دەبێ باس لە شۆڕشی دەرسیم بە سەرۆکایەتیی سەید ڕەزا دەرسیم لە ساڵی ١٩٣٧ بکەین کە حکوومەتی تورکیا نەیتوانی ئەو سەرهەڵدانە بشارێتەوە.

ساڵی ١٩٣٧ دەوڵەتی تورکیا یاسایەکی پەسەند کرد کە زۆرێک لە دەسەڵاتەکان لەو یاسایەدا پەسەند کران. ئەو یاسایە زۆرێک لە بەرپرسان و فەرماندەی سەربازیی کردە دادوەری شارەکان و ئەو دادوەرانە دەسەڵاتیان هەبوو کە هەموو کارێک بکەن؛ دەیانتوانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە دادگاکانی ناوچەکاندا فەرمانی لەسێدارەدان بەسەر خەڵکدا بسەپێنن. جگە لە زمانی تورکی، فێربوونی زمانەکانی دیکە قەدەغە بوو، خوێندنەوەی کتێب و فەرهەنگی جگە لە تورکی قەدەغە بوو، هەروەها چەند خاڵێکی دیکەی لەو جۆرە هەبوون کە لە یاسای ساڵی ١٩٣٧ی تورکیادا پەسەند کران. بەڵام کەسێک هەبوو کە دژی ئەو یاسا و سەرکوتانە وەستایەوە و ئەویش سەید ڕەزا دەرسیمی بوو.

سەید ڕەزا لە شاری دەرسیم لە باکووری کوردستان لەدایک بووە و کوڕی سەید ئیبراهیمە؛ باوکی سەرۆکی عەشیرەتی "حەسەنییەکان" بوو کە لە ڕۆژاوای دەرسیم دەژیان. سەید ئیبراهیم لە گوندی دەری ئاهری نیشتەجێ بووە و کەسێکی دیار بووە و دەسەڵاتێکی بەرفراوانی لەنێو خەڵکەکەیدا هەبووە. سەید ڕەزا لای زانای ئایینی، محەممەد عەلی ئەفەندی، دینی خوێندووە و ئەو مامۆستایە کاریگەریی باشی لەسەر هۆشیاریی سەید ڕەزا لە بواری نەتەوایەتییەوە هەبووە.

سەید ڕەزا دوای مردنی باوکی و لەسەر وەسیەتنامەی باوکی بوو بە جێنشینی و لە گوندی ئاگداد لە داوێنی چیای توجیک نیشتەجێ بوو. سەید ڕەزا کەسێکی دلۆڤان و بەخشندە بوو و لە دوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی ١٩٢٥، هاوکارییەکی زۆری بە کوردانی ئاوارە کرد.

ساڵی ١٩٣٦ سوپای تورکیا بە ئاشکرا کۆمەڵێک بنکەی سەربازیی لە ناوچە سەرەکییەکانی دەرسیم دامەزراند. سەید ڕەزا، سەرکردە و ڕێبەری کورد، بۆ ئەو چالاکییەی سوپای تورکیا لە ساڵی ١٩٣٦دا لەگەڵ جەنەراڵ "Ebdullah Alpdogan"، سەرۆکی جاندرمەی خارپێت، کەوتە دانوستانەوە. سەید ڕەزا لە دیدارەکەدا نیازی شەڕئەنگێزانەی دەوڵەتی تورکیای بۆ ڕوون دەبێتەوە و بەو مەبەستەش د. نووری دەرسیم بە ئامانجی ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتیی جیهان لەم بابەتە، ڕەوانەی ئەورووپا دەکات.

دوای ئەو کۆبوونەوەیە، جەنەراڵ عەبدوڵڵا، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و داوای لە هەموو سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان کرد کە بەپێی ژمارەی خۆیان، ٢٠٠ هەزار چەک ڕادەستی دەوڵەت بکەن. لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەرانی دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا لەنێو سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان، سەرقاڵی دروستکردنی فیتنە بوون تاکوو ئاژاوە بخەنە نێویانەوە.

لەمبارەوە سەید ڕەزا داوا لە جەنەراڵ عەبدوڵڵا دەکات کە بەیاننامەی ڕادەستکردنی چەک هەڵبووەشێنێتەوە، هەروەها داوای لێ دەکات دامەزراوەیەک لە ناوچەکەدا دابمەزرێنێت کە مافی نەتەوەیی گەلی کورد مسۆگەر بکات. لەم پەیوەندییەدا حکوومەتی تورکیا بە خێرایی کاردانەوەی دەبێت و هەندێک هێزی پۆلیس دەنێرێتە دەرسیم و لە هەمان کاتدا سوپای نۆیەم لەسەر سنوورەکانی دەرسیم جێگیر دەکات. ڕۆژانە فڕۆکەکانی تورکیا بۆ چاودێریکردن بەسەر ئەو ناوچەیەدا دەفڕین، ئەوەش بووە هۆی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی گەلی کورد و کەمێک ململانێ لەو ناوچانەدا دروست بوو؛ وەرزی زستان نزیک بووەوە، بەڵام دەرسیم هەر لەژێر گەمارۆی دوژمندا بوو.

کاتێک بەهاری ساڵی ١٩٣٧ هات و چیتر بەفر لە شاخەکاندا نەما، هێزە سەربازییەکانی تورکیا دەستیان بە چالاکی کردەوە و بە بیانووی چەکداماڵینی عەشیرەتە کوردەکان و دەسبەسەرکردنیان، هاتنە نێو خەڵکەوە؛ شەڕ و ململانێکان دەستیان پێ کردەوە، بەتایبەتی لە ناوچەی مازگێرت، ڕۆژبەڕۆژ شەڕ و ململانێکان زیاتر بوون. لە بەهاری هەمان ساڵدا، کوڕێکی سەید ڕەزا بە ناوی باریبراهیم بە فەرمانی باوکی دەچێتە لای تورکەکان و داوای لە فەرماندەی ناوچەکە کرد کۆتایی بەو چالاکییە سەربازییانە بهێنێت و بە دانوستان چارەسەری بکات، بەڵام ڕووبەڕووی هەڵسوکەوتی توندی ئەفسەرانی تورکیا دەبێتەوە و لەوێ دەکوژرێت.

سەید ڕەزا بە بیستنی ئەم هەواڵە دڵتەزێنە، دەستی کرد بە گەمارۆدانی ناوچەی کورگانان بۆ گرتنی بکوژانی کوڕەکەی، بەڵام بکوژەکان لەوێ نەبوون و هەڵاتبوون. شەڕ بە سەرکردایەتیی سەید ڕەزا لە دژی سەرکوتی تورک دەستی پێ کرد. تورکەکان بە خێرایی هێزێکی زۆریان لە ناوچەی سنووریی شوێنی ڕاپەڕینەکە جێگیر کرد. هێزەکانی تورکیا لە ٧ سوپا پێک هاتبوون و ناوەندی سەرکردایەتیی ئەو هێزانە لە ئامەد بوو، بەڵام یەکەکانی ئەو هێزانە لە ڕحا، سێرت، وان و خارپێت و نزیک ئەدەنا بوون؛ ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی سەید ڕەزا و ڕێگریکردن لە چوونە باشووریشیان بوو.

درێژەی هەیە...

KURDŞOP
526 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!