کۆمەڵکوژیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 

شەهاب خالیدی

 

ساڵی ١٩٧٩ و دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی، شاندی نوێنەرایەتیی گەلی کورد هەوڵی دا لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چارەسەر بکرێ. بەڵام بەداخەوە خومەینی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی گەلی کورد شەڕی ڕاگەیاند و ڕێگای بۆ گرتن، ئەشکەنجە و کوشتنی کوردەکان خۆش کرد.

لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتە دژەگەلییەی ڕێژیمدا، هێزەکانیان له زۆر  گوند و شار و ناوچەکانی کوردستان کۆمەڵکوژییان ئەنجام دا. جگە لەوەش دەیان هەزار کەسیان دەستبەسەر کرد و لە ژێر ئەشکەنجەی وەحشیانەدا کوشتیان، یان لە سێدارەیان دا و یانیش تیربارانیان کرد.

هێزە دژەگەلییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕێکەوتی ١٨-٠٣-١٩٧٩ دوو ڕۆژ بەر لە نەورۆز بە هێرشێکی بەرفراوانی زەوینی و ئاسمانی بۆ سەر شاری سنە، بە سەدان کەس لە خەڵکی بێدیفاعیان کوشت. هەروەها له ڕۆژی  ١٩-٠٨-١٩٧٩  پاش دەرکردنی بڕیاری جیهاد له لایەن "خومەینی"یه وه هێزه کانی ڕێژیمی ئێران جارێکی دیکەش بە هێرشی زەوینی و ئاسمانی بۆ سەر شاری سنە، 600 کەس  لە خەڵکی مەدەنییان کوشت.

جگە لەم هێرشە و چەندین هێرشی دیکە بۆ سەر ناوچە و شارە جیاوازەکانی کوردستان و شەهیدکردنی زۆر پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنی، بەپێی ئەو زانیارییانەی ئێستا لە بەر دەستماندان، لە ٦١ گوندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵکوژییان ئەنجام داوە و لانیکەم ٥١٨ کەسیان شەهید کردووە. بێگومان ژمارەی شەهیدەکان لەمەش زیاترە.

لە کاتی کۆمەڵکوژیی خەڵکی گوندی قارنێی سەر بە شاری نەغەدە، مەلای گوندەکە بە ناوی مەلا مەحمود بێهتەرزادە سەرەڕای ئەوەی کە بە کتێبی قورئانەوە ڕۆیشتە لای چەکدارەکان و بە قورئانی پیرۆز سوێندی دان کە کۆمەڵکوژی نەکەن، بەڵام هێزەکانی ڕێژێمی خومەینی ئەویشیان کوشت و دواتر بە شێوەیەکی دڕندانە سەریان بڕی. زۆر لە قوربانییانی کۆمەڵکوژیی قارنێ منداڵانی تەمەن ٦-١٠ ساڵ بوون.

لە کۆمەڵکوژیی خەڵکی گوندی میراوای ورمێ، ژنێک بە ناوی ڕەفیا خدری کچی شاکر کوژرا کە تەمەنی ٧٠ ساڵ بوو. هەروەها ژنێک بە ناوی مەریەم موستەفازادە لەگەڵ سێ منداڵی و ژنێکی دیکە بە ناوی فەریدە مامەدی لەگەڵ دوو منداڵی و ژنێکیش بە ناوی حەنیفە خدری لەگەڵ منداڵێکی خۆی کۆمەڵکوژ کران.

لەو ساڵانەدا کە ڕێژیم زۆر درندانە خەڵكی کۆمەڵکوژ دەکرد، لانیکەم ٥١ گوند وێران کران یانیش سووتێنران؛ کە لەو ٥١ گوندە، گوندێک سەر بە شاری سنە، ٧ گوند سەر بە پیرانشار، ١٣ گوند سەر بە هەوشار و ٣٠ گوندیش سەر بە ورمێ بوون.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە نووسەری کورد "جەواد دانشپەژووه" ئەنجامی داوە، جگە لە قوربانیانی کۆمەڵکوژی، لانیکەم 2287 کەس لە دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵانی 1979-2017 بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون، کە 416 کەسیان لە ڕێگەی تیرۆر و ئەوانەی دیکەش بە لەسێدارەدان لەنێو بردراون، کە ١٣٤ کەسیان ژن بوونە و لانیکەم ٥٩ کەسیشیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە.

 

تیرۆر لە نێو خاکی هەریمی کوردستان

زۆرێک لە کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندا ئەنجام دراون. بۆ نموونە: 25 کردەوەی تیرۆریستی لە هەولێر، 31 کردەوەی تیرۆریستی لە کۆیە، 25 کردەوەی تیرۆریستی لە ڕانیە و 81 کردەوەی تیرۆریستی لە سلێمانی. لە زۆر گوند و ناوچەی دیکەش کۆماری ئیسلامی کردەوەی تیرۆریستیی ئەنجام داوە. لە ساڵی 2018-2023 لە باشووری کوردستان 6 کەس تیرۆر کراون کە یەکێکیان پێشمەرگە و ئەوانی دیکەش ئەندامی حدکا بوون.

ئوتۆمبێلی سەلاح ڕەحمانی، ئەندامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران

 

جگە لەوەش کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکیان لەئەنجامی دانانی بۆمب و چوار جاریش مووشەکبارانکردنی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانی باشوور ٤٦ کەسی شەهید کرد کە دوو کەسیان ئەندامی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بوون.

 

 

کردەوەی تیرۆریستی لە دەرەوەی وڵات

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەرەوەی وڵات بە دەیان کردەوەی تیرۆریستیی لە دژی نەیارانی خۆی ئەنجامی داون کە لە ئاکامدا بە سەدان کوژراو و برینداری لێ کەوتووتەوە.

لە نێو قوربانییانی دەستی ڕەشی تیرۆریزم لە دەرەوەی وڵات، لانیکەم ناوی ٢٢ کەسایەتیی ناسراو  بەرچاو دەکەوێت، کە بەشێکیان بەرپرسانی پایەبەرزی ڕێژێمی پاشایەتی بوون، کە یەکێکیان شاپوور بەختیار دوا سەرۆکوەزیرانی ڕێژێمی پاشایەتی بوو. هەروەها د. قاسملوو و  د. شەرەفکەندی، دوو بەرپرسی یەکەمی حدکا بوون کە بوونە ئامانجی کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی وڵات.

 

شەهیدانی شۆڕشی ژینا

ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، دوای ئەوەی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر و ئەشکەنجە درا و لە ئەنجامی لێدان و ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا، خەڵکی ناڕازی لە بەردەم نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران کۆ بوونەوە و لە دژی ئەم جینایەتەی ڕێژیم دەستیان بە خۆپێشاندان کرد کە بەم شێوەیە شۆڕشێک لە ئێران دەستی پێ کرد کە بە شۆڕشی ژینا ناسرا. بەپێی ئەو داتایانەی ماڵپەڕی "هەنگاو" بڵاوی کردوون، لە سەرەتای ئەم شۆڕشەوە تا ١١-٠٣-٢٠٢٣ لانیکەم ١٣٤ هاووڵاتیی کورد لە شارە جۆربەجۆرەکانی کوردستان و ئێران شەهید کراون.

لەسەر ئاستی ئێرانیش، بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە سێ مانگی یەکەمی شۆڕشی ژینادا ٤٩٦ کەس کوژراون کە ٦٨ کەسیان منداڵ بوون. تەنیا ڕۆژی هەینی ٣٠-٠٩-٢٠٢٢ هێزەکانی ڕێژیمی ئێران تەقەیان لە ڕێپێوانی ناڕەزایەتیی بەلووچەکان کرد و لە ئەنجامدا بە پێی زانیاریی چالاکانی بەلووچ لانیکەم 100 کەس کوژران و 300 کەسیش بریندار بوون کە ئەو ڕۆژە وەک هەینیی ڕەش ناسراوە.

 

کوشتنی کۆڵبەران

سەبارەت بە کوشتنی کۆڵبەرانیش، ماڵپەڕی "کوردپا" داتاکانی بڵاو کردووە کە بە پێی ئەو داتایانە، لە ساڵی (٢٠١١ تا ٢٠١٥) ١٩٧ کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون و ٢٢٩ کەسیشیان بریندار کراون.

ماڵپەڕی "هەنگاو"یش داتایێکی بڵاو کردووە، کە بەپێی ئەم داتایە لە ساڵی (٢٠١٦-٢٠٢٣) ٤٥٠ کۆڵبەر  کوژراون و ١١٨٠ کەسیشیان بریندار کراون.

 

شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری

دوای ئەوەی ڕێژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران هەموو دەرگاکانی دیالۆگی لە سەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داخست و ڕێگای سەرکوت و گرتن و کوشتنی گرتە پێش، ڕۆڵەکانی گەلی کوردیش لە باتی تەسلیمبوون، بڕیاری بەرخودانیان لە بەرامبەر هێرشە هەرە درندانەکانی ڕێژیمی ئێران دا.

لە شەڕی بەرخودان و پاراستنی ڕەوادا زۆر ڕۆڵەی گیان لەسەر دەستی کورد شەهید بوون. هەرچەند کە داتایێکی ڕوون و پشتراستکراومان لە بەر دەست نیە، بەڵام مەزەندە دەکرێ کە نزیک بە ٧ هزار کەس شەهید و زیاتر لە ١٠ هزار  کەسیش بریندار بووبن.

 

ئاکام

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ساڵانی ١٩٧٩-٢٠٢٠ زیاتر لە ٤٤ هەزار و ٦٠٠ کەس لە ئێران بە دەستی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی تیرۆر، ئەشکەنجە یان کوشتن لەسەر شەقامەکان گیانیان لەدەست داوە. هەروەها بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی فیگارۆی فەرانسە، ١٥٠ کەسیش بە جێبەجێکردنی سزای "بەردباران" (سەنگسار)ەوە  گیانیان لەدەست داوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو هەموو تاوانانەی دژ بە خەڵکی کوردستان ئەنجامی داون، بەو مەبەستە کە کۆتایی بە خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی و ڕزگاری بێنێ، بەڵام دوای زیاتر لە چل ساڵ دەسەڵاتداری، ئێستاش گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە خەبات بەردەوامە بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی خۆی و لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ژینا، ئەمە ڕێژیمی ئێرانە کە بەرەو کۆتاییی تەمەنی خۆی دەڕوات.

 

 

KURDŞOP
977 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!