سەرهەڵدانی سەید ڕەزا دەرسیمی – بەشی دووەم

کوردشۆپ- هێرشی سەرەکیی سوپای تورکیا بۆ سەر شەڕڤانانی کورد دەستی پێ کرد و هێزی زەمینیش بە فڕۆکە پاڵپشتیی لێ دەکرا و بۆ یەکەمجاریش سوپای تورکیا زرێپۆشی بەکار هێنا.

سه‌ید ڕەزا سه‌ره‌ڕای بەره‌نگاربوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ داگیرکەران، پەیوەندی بە ژه‌نه‌ڕاڵ "ئالپدۆگان"ەوە ده‌کات و له نامه‌یه‌کدا پێی ده‌ڵێت: ئه‌گەر ڕێز له مافی نه‌ته‌وه‌یی کورد بگرێت و بکوژانی کوڕه‌که‌ی بخاته دادگاوە، ئاماده‌یه هه‌موو ئه‌فسەر و سەربازه دیله‌کان ڕاده‌ست بکاتەوە و چەکەکانیان و ئەو تەقەمەنییانەی کە دەستیان بەسەردا گیراوە، بە دەوڵەتی تورکیا بدەنەوە. بەڵام ژەنەڕاڵ ئالپدۆگان داوای ڕادەستکردنی ٨٠ هەزار چەک دەکات، بەڵام ئەوە سەر ناگرێت و شەڕ دەست پێ دەکاتەوە.

جگە لەوەش سەید ڕەزا داوا دەکات کوردەکان یەک بگرن و دژی داگیرکاری بووەستن، هاوکات داوای هاوکاری لە وڵاتی فەڕانسە دەکات. لە ئەرشیڤی فەڕانسەدا نامەیەکی سەید ڕەزا دۆزراوەتەوە کە لەو کاتەدا، بە نەرمی داوای هاوکاریی لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کردووە، بەڵام ئەو وڵاتە هیچ هاوکارییەکی نەکردووە و بێدەنگ بووە.

*

نامەکەی سەید ڕەزا وەها بووە:

"٣٠ی تەمموزی ١٩٣٧"

بۆ وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسە

وەزیری بەڕێز!

چەند ساڵێکە دەوڵەتی تورک هەوڵی تواندنەوەی نەتەوەی کورد و ملکەچکردنی گەلی کورد دەدات. چاپەمەنی و بڵاوکراوە و زمانی کوردیی قەدەغە کردووە و هەرکەس بە زمانی دایکیی خۆی قسە بکات، دەسبەسەری دەکات و ئەشکەنجەی دەدات. بە ڕێگای کۆچی زۆرەملێ و پلان بۆ داڕێژراو، خەڵکی ناوچە بەپیتەکانی کوردستان دەگوازرێنەوە بۆ ناوچە وشک و بێ ئاوەکانی ئەنادۆڵ و تەنانەت لەوێش کۆچبەرەکان دەست بە دەست لەنێو دەچن و دەمرن. لە کۆتاییدا دەوڵەتی تورک دەیەوێت بگاتە ناوچەی دەرسیم کە لە سایەی ڕێکەوتن لەگەڵ دەوڵەتدا، هەتا ئێستا لەو ئازار و ئەشکەنجەیە بەدوور بووە.

ئێستا خەڵک بڕیاری داوە دژ بە کردەوەکانی تورکیا بووەستێت و چەکیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان هەڵ گرتووە؛ هەروەک چۆن لە ساڵی ١٩٣٠ لە ئاگری و ناوچەکانی زیلان و بایەزید کردیان. ئەوە سێ مانگە بەگشتی شەڕێکی قورس لە ئارادایە و خەریکە لە ناوچەکەمدا قیامەت هەڵدەستێنێت.

شەڕەکە بە شێوەیەکی یەکسان و بەرابەر بەڕێوە ناچێت، دەوڵەت پەنای بۆ بۆمبهاوێژ و بۆمبی سووتێنەر و گازی سووتێنەر بردووە. من و خەڵکی وڵاتەکەم پەلامارەکانی هێزەکانی تورکیامان تێک شکاندووە. فڕۆکەکانی تورکیا ناتوانن لێمان بدەن و لە بەرامبەردا بۆ تۆڵەسەندنەوە، گوندەکان بۆردومان دەکەن و دەیانسووتێنن و ژن و منداڵی بێ دەسەڵات دەکوژن. حکوومەتی تورکیا بەو شێوەیە تۆڵەی شکستەکانی لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکاتەوە. زیندانەکان پڕن لە خەڵکی بێ تاوانی کورد. قوتابییەکان دەکوژن یان لەسێدارەیان دەدەن، یان بۆ ناوچە دوورەدەستەکانی تورکیایان دەگوازنەوە. ئەو سێ میلیۆن کوردەی لە وڵاتی خۆیاندا دەژین، چاوەڕوانیی هیچ شتێک ناکەن، جگە لە ژیانێکی خۆش و ئارام و ئاشتی و ئازادی و پاراستنی کولتوور و زمان و شارستانییەتەکەیان. ئێمە داوا لە جەنابت دەکەین، بۆ پاراستنی میللەتی کورد و بۆ کۆتاییهێنان بەم ناعەداڵەتییە، دەسەڵاتی ئەخلاقی و باڵای وڵاتەکەت بەکار بهێنیت.

فەرماندەی گشتیی دەرسیم

سەید ڕەزا

*

ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی کە وڵاته بیانییه‌کان هەرگیز هه‌وڵیان نه‌داوه هاوکاریی کورد بکه‌ن و ته‌نانه‌ت به چاوی خۆیان بینیویانه که ده‌وڵه‌ته داگیرکەره‌کان چۆن کورد ده‌کوژن و قەتڵوعامیان دەکەن، به‌ڵام هەرگیز نەهاتوونەتە دەنگ و بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

عەلی شێر و کوشتنی ئەو

عەلی شێر کەسێکی قارەمان و زانا بوو و لە شەڕدا شارەزایی هەبوو. هاوکات وەک سەید ڕەزا لە عەشیرەتی حەسەنیییەکان بوو. لە ساڵی ١٩٣٧دا، عەلی شێر کاریگەرییەکی باشی لەسەر شەڕی دژی داگیرکەران هەبوو و بە نووسینی شیعری شۆڕشگێڕانە و نەخشەی شەڕ، ڕۆحێکی نوێی بە شەڕڤانانی کورد دەبەخشی. لە مانگی ٦ی ساڵی ١٩٣٧، سەید ڕەزا داوای لە عەلی شێر کرد کە بچێتە ئێران یان عێراق، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە خوێنڕشتنی زیاتر؛ بۆ ئەوەی فەڕانسە یان بەریتانیا بە هانایانەوە بێن و ڕێ لە خوێنڕشتنی زیاتر بگرن.

بەڵام ئەو شەوەی کە عەلی شێر دەیەوێت بەڕێ بکەوێت، بە پلانی ژەنەڕاڵ "ئالپدۆگان" لە ئەشکەوتی "ئەگدات" لەلایەن هەندێک لە خۆفرۆشەکانەوە دەکوژرێت. کوژرانی عەلی شێر زیانێکی زۆری بە شۆڕشی کورد گەیاند.

درێژی هەیە...

KURDŞOP
642 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!