لەناوچوونی میرنشینی بابان و ئاوابوونی پێگەی ئەو میرنشینە لە کوردستان

هانی

 

کوردستان لە مێژوودا خاوەنی چەندین میرنشینی گەورە بووە کە لە قەوارەی سیاسیی خۆیاندا توانیویانە نیمچە سەربەخۆ و خۆبەڕێوەبەر بن. یەک لەو میرنشینانەش، میرنشینی بابان بووە کە سنووری دەسەڵاتەکەی دەکەوێتە سنووری جوگرافیای ئێستای باشووری کوردستان.

میرنشینی بابان میرنشینێکی کوردی بوو هەرچەندە بەڵگەیەکی ڕوون نییە بۆ دەستپێکی دەسەڵاتیان بەڵام مێژوونوسان لەسەر ئەوە کۆکن کە لە ساڵی ١٦٤٩ دا دەمەزراوە و تاکو ساڵی ١٨٥٠ حکومڕانیی کردووە و لە ماوەی حوکڕانیی ئەو میرنشینەدا، هەردوو دەسەڵاتی عوسمانی و سەفەوی لەو سەردەمەدا حسابێکی تایبەتیان بۆ کردووە.

ئەم میرنشینە لە ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی بنیات نرابوو کە شوێنێکی گرنگ و ستراتێژی بووە. میرنشینی بابان زۆربەی کات دەسەڵاتێکی سەربەخۆ بووە. پایتەختی میرنشینەکە سەرەتا قەڵاچوالان بوو و دواتر لە کاتی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا لە ساڵی ١٧٨٤ دا و لەسەر دەستی ئیبراهیم پاشای بابان، پایتەخت لە قەڵاچوالانەوە گوازرایەوە بۆ سلێمانی. حکومڕانییەکەشیان لە سلێمانی و قەزا و گوندەکانی دەوروبەریدا بوو و زمانی حوکمڕانی لەناو میرنشیندا زمانی کوردیی سۆرانی بوو.

میرە بەناوبانگەکانی میرنشینی بابان

١- فەقێ ئەحمەدی دارشمانە

٢- سلێمان پاشای کوڕی خالید پاشا

٣- مەحمود پاشای کوری خالید پاشا

٤- ئیبراهیم پاشای بابان

٥- عەبدولرەحمان پاشا

٦- مەحمود پاشای کوڕی عەبدولڕەحمان پاشا

٧- سلێمان پاشای کوری ئەورەحمان پاشا

٨- ئەحمەد پاشای کوری سلێمان پاشا

ئەم کەسایەتییانە گرنگترین پاشاکانی میرنشینی بابان بوون کە توانیبوویان قەوارەی میرنشینەکە فراوان بکەن. بەڵام دەست تێوەردانی بەردەوامی هەردوو دەسەڵاتی "عوسمانی و سەفەوی" لە کاروباری میرنشینەکە و دەسەڵاتی نێوخۆیدا و لە لایەکی دیکەش ناکۆکیی ناوخۆی نێوان خودی ئەندامانی بنەماڵەی بابان، بوونە هۆکاری لاوازبوون و ڕووخانی میرنشینەکە. ئەوەتا ئەحمەد پاشای بابان ئاماژە بەوە دەکات و دان بەو ڕاستییە تاڵەدا دەنێت و بە گەڕیدەیەکی وەک "جەیمس ڕیچ" دەڵێت: "ئەنجامی دووبەرەکیی میرەکانمان تێداچوونی خۆمانە، ئەگینا عوسمانی و سەفەوییەکان دەرەقەتمان نەدەهاتن ئەگەر ئەم دووبەرەکییانەیان نەکردایەتە هەل و بۆ سوودی خۆیان نەیانقۆستایەتەوە".

گرنگترین ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی نەمانی پێگەی میرنشینی بابان لە کوردستان.

١- وەک و لە پێشتریشا باس کرا یەکەم هۆکار دەستوەردانی هەردوو دەسەڵاتی عوسمانی و سەفەوی و یەک نەگرتووییی میرنشینەکە بوو لە ناوخۆدا کە ئەمە هۆکارێکی سەرەکیی ڕووخان و نەمانی میرنشینەکە بوو.

٢- خیانەتی هەندێک لە میرەکانی بابان کە لە پێناو پەرژەوەندیی خۆیاندا و بۆ ئەوەی یەکێک لەو میرانەی تر لابەرن کە لەسەر دەسەڵات بوون، خیانەتیان لە میرنشینەکە کرد و پەنایان بۆ عوسمانی و سەفەویەکان بردووە. هەر ئەمەش بووەتە خاڵی لاواز بۆ میرنشینەکە.

٣- هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافیای میرنشینی بابان کە کەوتبووە نێوان دوو دەوڵەتی چاو برسی و چڵێسەوە (عوسمانیەکان و عەجەمەکان)  ئەوانیش کە هەمێشە چاویان تێی بڕیبوو، جارێک بە فڕوفێڵ و تەڵەکە بازی و جارێک بە خۆش کردنی ئاگری بڵێسەی ناکۆکی لە ناو خودی میرنشینەکەدا هەوڵیان دەدا داگیری بکەن.

٤- شاڵاوی بەردەوامی عوسمانییەکان و هەندێک جار بە یەکگرتن لەگەڵ عەجەمەکان هۆکار بووە بۆ لاواز کردنی دەسەڵاتی میرنشینەکە. هەر کاتێک هەستیان بە بەهێز بوونی میرنشینەکە و سەردانەنەواندنی میرەکە کردبێت هەوڵیان داوە ڕێگەی لێ بگرن.

٥- بەهۆی ناکۆکیی بەردوامی ناوخۆیی، میرنشینەکە نەیدەتوانی گرنگی بە کشتوکاڵ بدات و بناغەی دەوڵەتەکەی بەهێزتر بکات. "مەحموود پاشا" بە مستەر "ڕیچ" دەڵێت: "ئێمە کە هیچ دڵنیا نین لە ماڵ و موڵکمان، چۆن ئەتوانین بە کشتوکاڵەوە خەریک بین؟"، بەم جۆرە وڵات بەرەو برسێتی و کاول بوون ڕۆشت.

٦- بەهۆی شەڕ و ئاژاوەی نێوان میرنشینەکانی دراوسێی بەتایبەتی میرنشینی سۆران و ئەردەڵان، کە ئەمەش کۆسپێک بوو لەبەردەم سەربەخۆ بوون و یەکگرتنی میرنشینەکان دژی هێزە بێگانەکانی عوسمانی و سەفەوی.

٧- بە ناوەندکردنی دەوڵەتی عوسمانی کە لە سەردەمی سوڵتان مەحموودی دووەمەوە دەستی پێ کرد زۆربەی ناوچەکانی عێراق و کوردستانی ئێستای خستە سەر دەوڵەتی عوسمانی.

٨- ناڕێکوپێکیی ئیدارەی میرانی بابان کە بێگومان بەهۆی شەڕ و هەرای ناوخۆ و شاڵاوی عەجەمەکان، پێیان نەکرا بە تەواوی کارو باری میرنشینەکە ڕێک بخەن.

٩- گۆڕانی میرێک بۆ میرێکی تر بە بەردەوامی، ئەمە وای کردووە دەستوپەیوەندەکان بەردەوام لە گۆڕاندا بن و نەتوانرێ دەوڵەتێک ڕێک بخرێت. ئەگەر میرێک بیزانیایە کە لەسەر دەسەڵات دەمێنێتەوە، ئەوا هێمنی و ئاسایش و دادپەروەریی بەرقەرار دەکرد.

١٠-  کوردەکانی میرنشینی بابان، ئایینپەرەست بوون و هەموو کاتێک بەهۆی دینەوە بەکارهێنراون بۆ ئامانج و نیازی بێگانە.

KURDŞOP
547 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!