چیرۆکی پەرستگەی مێژوویی مۆر بۆسوس- مۆرت شوشان

شادی

چیرۆکی پەرستگەی مێژوویی مۆر بۆسوس- مۆرت شوشان لە نەوالا قۆریەی شرنەخ، چەندین سەدەیە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە و گەیشتووەتە ئەمڕۆ.

پەرستگەی مۆر بۆسوس- مۆرت شوشان لە گوندی هێدل سەر بە ناوچەی هەزەخ سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، لەنێوان ١٠٠ بۆ ٢٠٠ ساڵ بەر لە زایین، لە نەوالا قۆریە یان بە ناوەکەی تری لە دۆڵی جەهەندەم و لە داوێنی چیای باگۆک دروست کراوە. بۆ چەندین سەدە پەرستگەکە لەسەر پێ ماوەتەوە و ناوبەناو وەک کەنیسەی مەسیحییەکان بەکار هێنراوە. ساڵی ٢٠٢١، پەرستگەکە لەلایەن دەزگای هەرێمی بۆ پاراستنی سامانی فەرهەنگیی ئامەد، سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار، وەک سامانێکی فەرهەنگی کە پێویستی بە پاراستنە و ناتوانرێت بگوازرێتەوە، پەسەند کرا.

بەپێی ڕەوایەت و چیرۆکی پەرستگەی ئۆرتۆدۆکسی سریانی: مۆر بۆسوس و خوشکەکەی مۆرت شوشان باوەڕیان بە عیسا هەبووە و هەموو نیشانە پیرۆزەکانی ئایینی مەسیحییان قەبووڵ کردووە و بەهۆیەوە هەردوو خوشکەکە لەلایەن پارێزگاری پەرسی فیر، ئەسفەس و بەد زابدایێ بە ناوی ئەبووزەرد، بە شمشێری خۆی، لە کاتێکدا ١٢ ساڵی بووە، کوژراون. مۆر بۆسوس و مۆرت شوشان لەگەڵ مۆر لەڤانگن کە بە ئاوی پیرۆز خۆیان دەشۆرد، لەو ئەشکەوتە لە داوێنی نەوالا قۆریە دەکوژرێن. هەروەها ١١ کەسی دیکە لەگەڵ مامۆستاکەیان، مۆرس ستەفانۆس بار شەبیۆی ئارزوونی، لە هەمان شوێن لە ساڵی ٣٧٩ی زایینی کوژراون. دوای کوشتنی ئەو باوەڕدارە مەسیحییانە، باوەڕدارانی گوندی هێدل لەو شوێنەی کە بۆسوس و شوشان تێیدا کوژران، پەرستگەیەکیان بۆ یادی ئەوان دروست کردووە.

هەروەها ئەو شوێنەی کە ئەو دوو خوشکەی تێدا کوژران، لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە پێی دەگوترێت "Deviya Fadil". لەو شوێنە پیرۆزە دارێکی بەڕوو هەیە کە ٤٠ لق و پۆپی هەیە و خەڵک باوەڕیان وایە کە لەبەر ئەوان شین بووە. هەروەها ساڵانە سریانییەکان سەردانی شوێنی درەختی بەڕووەکە دەکەن. بەڵام ئەمڕۆ یەک سریانی لەو گوندە سریانییە (هێدل) نەماوە. قەشەی پەرستگە و کەنیسەکە کە لە سویس دەستنیشان کراوە، ناوی "Fadi Georgis"ه و لە گوندێکی تری هەزەخ بە ناوی مدهێ دەژی و تەنیا چەند ڕۆژێک لە حەوتوودا دێتە ئەوێ و لەوێ دەمێنێتەوە. پەرستگەکە لەم دواییانەدا نۆژەن کراوەتەوە.

چیرۆکی هەردوو خوشکان

قەشەی کەنیسەکە، Fadi Georgis، سەبارەت بە مێژووی ئەو کەنیسەیە و پەرستگەکە دەڵێت: "گوندی هێدل پێشتر لەنێو سنووری ناوچەی نسێبین سەر بە پارێزگای مێردین بووە. نسێبین کەوتە دەستی ڕۆمییەکان و ئەم دیوەشی کەوتە دەستی فارسەکان. دوای زایین واتە لە ساڵانی نێوان ٣٠٠ بۆ ٦٠٣، ئەو مەسیحییانەی لەم شوێنەدا ژیاون، تەسلیمی ڕۆمییەکان بوون و دەیانگوت ئێمە باوەڕمان بە بەرد نییە، ئێمە تەنیا باوەڕمان بە خودا هەیە و ئەو باوەڕەی کە دەیانەویست بەسەریاندا بسەپێنن، قەبووڵیان نەکرد. ناوی هێدل مانایەکی زۆر گرینگی هەیە، ناوی هێدل لە سریانیی کۆندا بە واتای یەک خودایە."

سەبارەت بە چیرۆکی ئەو دوو خوشکەش، Fadi Georgis گوتی: "هەردوو خوشکەکە دوای ئەوەی بە ئاوی پیرۆز شۆردران، کوژران. لەگەڵ ئەوان سەدان کەسی تریش کوژران. ئەم چیرۆکەی ئەوان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گوازراوەتەوە و گەیشتووەتە ئەمڕۆ. ئەم چیرۆکە بۆ ئەو سریانیانەی کە لەوێ کۆچیان کردووە و هەروەها بۆ ئەو موسڵمانانەی کە ئێستا لەوێ دەژین، بە باشی ناسراوە. درەختی بەڕوو بۆ ئێمە و بۆ موسڵمانان پیرۆزە. سەرەڕای هەموو شتێک، چونکە ئەم پەرستگە و ئەم کەنیسەیە هێشتا لەسەر پێ ماوەتەوە، ئەمە بۆ ئێمە جێی دڵخۆشییە."

داری چل کەزی

هەروەها دانیشتوویەکی گوندی هێدل بە ناوی شیرین ئەسلان، تەمەن ٨٠ ساڵ، سەبارەت بە مێژوو و گرینگیی پەرستگەکە گوتی: "ئەو دوو خوشکەی کە شەهیدی ئەم پەرستگەیەن، لە کاتی هەڵاتندا، یەکێکان بە ناوی مۆرت شوشان دەکوژرێت، خوشکەکەی تر بە ناوی مۆر بۆسوس هەڵدێت و لەنێو ئاژەڵەکاندا خۆی حەشار دەدات، بەڵام دواتر دەیدۆزنەوە و دەیکوژن. دوای ئەوەی خوێنی لەوێ دەڕژێت، ئەم دارە بەڕووە لەو شوێنەدا گەشە دەکات کە خوێنی لێ ڕژاوە. هەروەها هەمان دار لە دۆڵی جەهەندەمدا گەشە دەکات کە خوشکەکەی تری لێ کوژراوە. بەڵام ئەو درەختەی تر وەک ٤٠ کەزی وایە، بۆیە پێی دەگوترێت "داری چل کەزی". ئەم چیرۆکە لەلایەن باوباپیرانمانەوە بۆمان گێڕدراوەتەوە. هەر بۆیە ئەم دارە و ئەم پەرستگەیە بۆ ئێمە زۆر گرینگ و مانادارن. چونکە ئێمە ئەم دارە بە پیرۆز دەزانین، کەس ناتوانێت بیبڕێت و زیانی پێ بگەیەنێت. موسڵمانان و مەسیحییەکانیش سەردانی دەکەن. کاتێک مرۆڤ لەژێر ئەم دارە دادەنیشێت، وەک ئەوە وایە لە دارستانێکدا بێت و مرۆڤ هەست بە ئارامی دەکات."

KURDŞOP
591 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!