گوندی چەرمۆ کۆنترین گوندی نیشتەجێبوونی مرۆڤ و دەستپێکردنی کشتوکاڵ

 

هانی

 

گوندی چەرمۆ یەکێکە لە گوندە مێژووییە کۆنەکانی کوردستان کە لانکەی سەرهەڵدانی ژیان و کشتوکاڵ بووە و مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ ٦٧٥٠ ساڵ پێش زایین. ئەم گوندە دەکەوێتە سەر یاڵێکی بەرز و دەڕوانێتە سەر چەمێکی گەورە کە یەکێکە لە لقەکانی ڕووباری "تاوق" و ڕووبەری ئەم گوندە نزیکەی ١١٠٠٠-١٦٠٠٠ مەتر دووجایە و ٢٥٠٠ پێ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. هەڵکەوتەی ئەم گوندە دەکەوێتە دەستە ڕاستی ڕێگای نێوان تەکیە - چەمچەماڵ و بە نزیکەی (١٣)کم لە چەمچەماڵەوە دوورە.

شوێنەوارە دێرینەکانی گوندی چەرمۆ یەکەم جار لەلایەن شوێنەوارناسانی عێراقییەوە دۆزرایەوە. دواتر شوێنەوارناسانی ڕۆژهەڵاتی سەر بە زانکۆی شیکاگۆی ئەمریکا دەستیان کرد بە کنە و پشکنین لە گوندەکەدا کە ماوەی ٢ ساڵی خایەند. لە ئەنجامدا ١٦ چینی شوێنەواری تێدا دۆزرایەوە کە نزیکەی ٢٠-٢٣ پێ بەرز بوو، هەر لەبەر ئەمەشە کە بە قۆناغی کۆنی چاخی بەردینی نوێ دادەنرێت. ئەم قۆناغە هاوچەرخە لەگەڵ شوێنەوارەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست.

بەڵام لە چینەکانی تری سەرەوەی کە دەکاتە پێنج چین، کێڵگەی کشتوکاڵیی تێدا دۆزراوەتەوە. "برییدود" پێی وابووە ئەم گوندە نزیکەی ٤٠٠ ساڵ ئاوەدان بووە و دواتر چۆڵ کراوە.

گوندی چەرمۆ، لەبارەی شۆرشی چاخی بەردینی نوێ لە کوردستان و هەروەها لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵێک شتی گرنگی خستەڕوو. چونکە لەم گوندەدا پوختەی ئەزموونەکانی پێشتر دەکەوێتە بەرچاو. سەبارەت بە هەڵبژاردنی تۆو و دانەوێڵەی باش بۆ چاندن لەم گوندە، بە پێی ئەو تاقیکردنەوانەی ئەنجام دراون، شارەزایان بەو دەرئەنجامە گەیشتوون دانەوێڵەکانی گوندی چەرمۆ لە بنەچە کێوییەکەیان زۆر دوور نین، واتا زۆری پێنەچووە ماڵی کرابێت. لەم گوندە ڕێژەیەکی باش لە دانەوێڵەی نیسک و نۆک لە ناو گۆزەکان دۆزراوەتەوە کە ببون بە خەڵوز.

ئەمە بێجگە لە هەبوونی ڕووەکە سروشتیەکانی وەک بەڕوو فستق، کە لە ناوچەکەدا هەبوون و پاشماوەیان بەجێ ماوە.

ئەو مرۆڤانەی لە گوندەکەدا ژیاون، توانیویانە ئاژەڵی وەک "بزن ، بەراز ، مەڕ" ماڵی بکەن. دیارە مەڕ لە قۆناغێکی پێشتر، لە گوندی زاوی چەمێ ماڵی کرابوو، بەڵام زانایان دڵنیا نین لەوەی ئاژەڵی مانگا لە گوندی چەرمۆ ماڵی کرابێت و پێدەچێت لەگەڵ ئاسک و بەرازی کێوی ڕاو کرابێت. پاشماوەی ئەم ئاژەڵانەش لە ناوچەکەدا بەڵگەی سەرەکین بۆ بوونیان.

هەر لەم گوندە هێلکەی شەیتانۆکەش دۆزراوەتەوە کە لەو سەردەم و قۆناغەی ژیاندا خواردنێکی باو بووە کە نەک تەنها لە گوندی چەرمۆ بەڵکوو لە زۆربەی شوێنەوارە مێژووییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆزراوەتەوە.

لەهەمان کاتدا جووتیارانی گوندی چەرمۆ هونەری بیناسازیدا پێش کەوتوون. لە کۆندا خەڵک شێوەی خانووەکانیان بازنەیی بووە بەڵام لە گوندی چەرمۆدا خانووەکانیان بە شێوەی لاکێشەیی بینا کردووە. خەڵکی چەرمۆ دیوارەکانیان بە قوڕ سواغ  داوە و میچی خانووەکانیشیان بە قامیش و دار بەستووە و درێژیی هەر ژوورێک لەم گوندەدا نزیکەی ٤-٦ مەتر بووە. هەر خانوویەکیش زیاتر لە ژوورێکی تێدا بووە.

وەک باس کراوە دانیشتووانی گوندەکە نزیکەی ١٥٠ کەس بوون و لە ٢٥ خێزان پێک هاتووە.

قاپ و قاچاخەکانیشیان وەک کەوچکەکانیان و دەرزی کە لە ئێسک و بەرد دروست کرابوون، ئەوەی دەرخستووە کەوا خەڵکەکەی لە هونەری دەستەبەرەی ڕۆژانە قۆناغێکی پێشکەوتوویان بڕیوە و دۆزینەوەی دەرزی و سەرەتەشی نیشانەی چنین و دوورینن. واتا کەلوپەلەکانیان زیاتر لەو شتانە دروست کردووە کە لەبەردەستیان بووە.

هەر لەم گوندە کۆمەڵێک پەیکەری قوڕین دۆزراونەتەوە کە بریتین لە جۆرەها گیانلەبەر. خەڵکی چەرمۆ مردووەکانیان لە ناو ژوورەکانیان لە چاڵدا ناشتووە. بێجگە لە پەیکەری ئافرەتی سکپڕ و قەڵەو کە هێمایەک بووە بۆ حاڵەتی پەرستشی هێزی پیت و فەڕ لە سروشتدا و وەک و نموونەیەک بۆ خواوەندی دایک.

کورد لە دێرزەمانەوە بەدوای فێربوونی کشتوکاڵەوە بووە و زۆر گرنگیی بە کشتوکاڵ داوە و تەنانەت تاکوو ئێستاش بەردەوامە. کشتوکاڵ سەرچاوەی ئابوورییان بووە و خاوەن زەویی بەپیت بوون. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کورد لە ناوچەکەدا خاوەن مێژوویەکی دووروو درێژ و ڕەسەنە و ئەم گوندە سەلمێنەری ئەوەشە کە کوردستان لە دێر زەمانەوە ناوچەیەکی ئاوەدان بووە.

بە پێی لێکۆڵینەوەکان و وەک لە ئەنجامی توێژینەوەکاندا باس کراوە، گوندی چەرمۆ دێرینترین گوندی مرۆڤنشینە لەسەر گۆی زەوی کە بۆ یەکەمجار مرۆڤ لەوێ فێری نیشتەجێبوون و ژیانی یەکجێنشینی بووە. هەر لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا"ماتوسومۆتۆ فۆتۆشی"، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق دەڵێت: "یەکەمین پارچە گۆزەی بەردینم دۆزییەوە کە ٧٥٠٠ ساڵ کۆنە، لەگەڵ ئەم دەرزییانەش تیمە شوێنەوارناسەکەمان ڕۆژانە ئەم شتانە دەدۆزێتەوە. شوێنەوارناسی زۆر گرنگە بۆ کوردستان، چونکە پێویستە بزانن کە ئێوە شارستانییەتێکی کۆنن، بزانن لەم هەرێمە لە کوێوە هاتوون، بۆئەوەی بە پشتبەستن بە شتی بابەتیانەی وەکو ئەمە مێژووی خۆتان دابمەزرێنن. بۆیە چەرمۆ ناسنامەی جیهانییە بە گشتی و کوردستانییە بەتایبەتیش بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی شارستانییەت و نشتەجێبوون و کشتوکاڵ."

شوێنەواری گوندی چەرمۆ دەکرێت وەک و شوێنگەیەکی مێژوویی و ئاسەواری کۆن و وەک ناوچەیەکی گەشتیاری بایەخی پێ بدرێت و ئەم بابەتەش جێگای سەرنج و گرنگی پێدانە.

 

KURDŞOP
802 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!