شوێنەواری ٢٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر لە مێردین

 

کوردشۆپ- دۆڵی خورس کە دەکەوێتە ناوچەی قۆسەری شاری مێردین لە باکووری کوردستان، بەهۆی دەریاچە و هاوینەهەوار و جوانییە سروشتییەکانییەوە ناسراوە و سەرنجی گەشتیاران بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.

دۆڵی خورس دەکەوێتە سەر ڕێگای ماردین- قۆسەر و ٧ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری قۆسەرەوە دوورە.

بەشێک لە هاووڵاتییان بۆ بیستنی دەنگی جوانی باڵندەکان، بەشێکیش بۆ فێنکبوونەوە و هەندێک کەسیش بۆ مەلەکردن لە دەریاچەکەی، دەچنە ئەو ناوچەیە.

دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دەڵێن، لە هاویندا پلەی گەرمای ئەو ناوچەیە ٤٠ پلە تێدەپەڕێنێت.

هەروەها خەڵکی ناوچەکە باس لەوە دەکەن کە ئەو ناوچەیە شوێنێکی زۆر جوان و خۆشە بۆ گەشتیاری و پشوودان و بەسەربردنی کات، هەروەها ئەوێ بەهەشتی شاراوەی قۆسەرە.

لەگەڵ هەڵکۆڵینی شوێنەوارناسی لە ئەشکەوتی مێژوویی ئولوکۆ لە دۆڵی خورس کە دەکەوێتە ناوچەی قۆسەر، چەندین شوێنەواری مێژوویی و خانووی بەردینی سەر بە قۆناغە جیاوازەکان دۆزراونەتەوە و مەبەست لێی گەیشتن بە نیشانە گرینگەکانی ٢٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەرە.

شاری مێژوویی مێردین، لە سەردەمی ڕۆم، بیزانس، سەلجوقی و عوسمانیدا شوێنی ژیان بووە و چەندین قەڵا، کۆشک، گۆڕ، مزگەوت، کەنیسە و خانووی بەردینی مێژووییی هەیە. هەروەها لە دۆڵی خورس کە دەکەوێتە بەشی ئولوکۆ، بە سەرۆکایەتیی مۆزەخانەی مێردین، لە ئەشکەوتێکدا چالاکیی هەڵکۆڵینی شوێنەوارناسی و مێژوویی دەستی پێ کردووە.

بەڕێوەبەریی مۆزەخانەی مێردین و زانکۆی ئارتوکلوی مێردین، لەگەڵ تیمێکی هاوبەش، لەم ئەشکەوتە مێژوویییەدا کە درێژییەکەی ٢٣ مەترە و قووڵییەکەی ١٦ مەتر دەبێت، بەدوای پاشماوەی مێژووی کۆندا دەگەڕێن.

بە سەرپەرشتیی گانی تارکان، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی مێردین و د. ئەرگول کۆداش، ئەندامی بەشی ئەدەب و فاکەڵتی شوێنەوارناسیی زانکۆی ئارتوکلوی مێردین و بە بەشداریی زۆرێک لە خوێندکارانی زانکۆ، لەو ئەشکەوتە دێرینەدا هەڵکۆڵین و لێکۆڵینەوە ئەنجام درا و چەندین کەرەستەی سەردەمی بەردی کۆن کە لە بەردی چەخماخ دروست کرابوون، دۆزراونەتەوە.

گانی تارکان، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی مێردین دەڵێت: "لە هەڵکۆڵین و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ئەشکەوتە مێژوویییە، ٣ قۆناغی سەردەمی بەردی کۆن، وەک سەردەمی بەردی کۆنی سەرەوە، بەردی کۆنی ناوەڕاست و بەردی کۆنی خوارەوە و چەندین پاشماوەی ئەو سەردەمانە دۆزراونەتەوە. هەر بۆیە ئەشکەوتی ئولوکۆی زۆر گرینگە. لە سەردەمی بەردی کۆندا ئەو کەرەستانەی کە مرۆڤەکان بەکاریان دەهێنا بۆ بڕین و کونکردن و چەندین پاشماوەی دیکە دۆزراونەتەوە. هەروەها زۆرێک لە ئامرازەکانی ئەو سەردەمە کە خەڵک بۆ ڕاوکردن بەکاریان دەهێنان، بەدەست هاتوون. ڕەنگە هەندێک پاشماوەی ئێسکی ئاژەڵ و مرۆڤەکانی ئەو سەردەمە بدۆزینەوە. ئەگەر ئێسکەپەیکەرێک، واتە جەستەیەکی مرۆڤ و ئێسکە تەواوەکانی ببینینەوە، ئەوە دەبێتە دەستکەوتێکی زۆر گرینگ بۆ ئێمە. دوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوەی پێویست لەسەر ئەو شتانەی کە دۆزراونەتەوە، ئێستا دەتوانین مێژوویان بە تەواوی دیاری بکەین."

هەروەها ڕوونی کردەوە: "لە ئەشکەوتەکەدا پێشبینیی ئەوە دەکەین کە ژیانێکی نیشتەجێبوو هەبووە، بەڵام لەگەڵ پاشماوەکانی تردا، دەتوانین ئەنجامە یەکلاکەرەوەکان دیاری بکەین."

گانی تارکان ڕایگەیاند کە کارەکانیان بەباشی بەڕێوە دەچن و گوتیشی: "وەک ئەشکەوتی ئولوکۆ، نموونەیەکی دیکە لە جیهاندا دەگمەنە، دەتوانین بڵێین کە یەکەم نموونەیە لە باکووری میزۆپۆتامیا."

هەروەها د. ئەرگول کۆداش، ئەندامی بەشی ئەدەب و فاکەڵتی شوێنەوارناسیی زانکۆی ئارتوکلوی مێردین گوتی کە لە ناوچەکەدا چەندین نیشانە بۆ شوێنەوارناسیی پێش مێژوو لەم ئەشکەوتەدا دۆزراونەتەوە و هەڵکۆڵینەکان بەردەوامە و ڕایگەیاند: "هیوادارم کارەکانمان ڕۆڵێکی گرینگ بگێڕێت لە دەستنیشانکردنی ئەو قۆناغانە لەم هەرێمە و ناساندنی بە جیهانی زانست. ئێستا دەتوانین بڵێین و سەلماندمان کە ژیان لەم ناوچەیەدا تەنانەت پێش سەردەمی نەئۆلیتیکیش هەبووە و باسی ٢٠٠ هەزار ساڵ دەکەین. لە ٤ ناوچەی مێردین چەندین پاشماوەی ئەو سەردەمە کۆنانەمان دۆزیوەتەوە. بەڵام لەم ئەشکەوتەدا ئەو مێژووەی تۆمار کراوە و ناسراوە زۆر گرینگە و مێژووەکەی بە شێوەیەکی زانستی سەلمێنراوە و ئێستاش لە لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوامین."

KURDŞOP
526 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!